دانوستانەكان لەسەر لەكاركەوتنی حكومەتی ویلایەتە یەكگرتووەكان گەشتوەتە بنبەست

- 1/12/2019 4:27:00 PM 4703 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-
بەپێى ئاژانسە هەواڵەییەکانى ئەمریکا لیندسی گراهام سیناتۆری كۆمارییەكان کۆڵیداوە لە دانوستانەکانى لەگەڵ دیموکراتەکان بەپێناو کردنەوەى دەرگاى حکومەت و دەستکردنەوە بە کارکردن.

لیندسی گراهام سیناتۆری كۆمارییەكان كۆڵیداوە لە هەوڵی دانوستانە دوولایەنیەكان بۆ كۆتاییهێنان بە لەكاركەوتنی حكومەتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا كە پارە تەرخاندەكات بۆ دیواری سەرسنوری ویلایەتە یەكگرتووەكان و مەكسیك، ئەوەش لە بەرامبەر درێژكردنەوەی پاراستنی یاسای هەزاران پەنابەری تۆمارنەكراو و چەندانی تر كە لە ئێستادا دۆخی یاساییان لەدەستداوە بەهۆی “بەرنامەی پاراستنی دۆخی كاتی”.
تاکە ڕێگە كە ماوەتەوە ئەوەیە ترەمپ هێزی خۆی بەكاربهێنێت
ڕۆژی پێنجشەممە  10 ی كانونی دووەمی 2019 لیندسی گراهام ئەندامی ئەنجومەنی پیران لەسەر پشكی كۆماریەكان دانیبەوەدانا كە بڕیاری یاسادانان بۆ ئەم لەكاركەوتنەی حكومەت-ی وڵاتەكەی لەوانەیە بێهودەبێت و  ئاماژەی بەوەشدا لەوانەیە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكان لە ماوەی ئایندەدا باری نائاسایی ڕابگەیەنێت بۆ دروستكردنی دیواری نێوان مەكسیك و وڵاتەكەی بەبێ گەڕانەوە بۆ ڕەزامەندی كۆنگرێس.

وتیشی "هیچ رێگەیەك نابینم بۆ بەرەوپێشچونی دۆخەكە، سەرۆك پێیوایە كە دەسەڵاتی خۆیەتی، بە بۆچوونی من تاكە ڕێگە كە ماوەتەوە بۆ ئەوە كە هێزی خۆی بەكاربهێنێت، هیچ كردارێكی كۆنگرێس-یش نابینم".

پێشتریش راوێژکارێکى کۆمارییەکان مەترسییەکانى بەردەوامى داخستنى حکومەتى لە ئەمریکا بۆ خەندان خستەروو رایگەیاندبوو کە 365 هەزار فەرمانبەرى حکومەت زیانیان پێدەگات.

لەئێستادا بەهۆى ناکۆکییەکانى نێوان دیموکراتى و کۆمارییەکان ماوەى 22 رۆژە کارەکانى حکومەت لە ئەمریکا پەکى کەوتووە، ئەوەش دواى ئەوەى ترەمپ داوایکرد پێنج ملیار دۆلار بۆ دروستکردنی دیوارى سنوری ئەمەریکا-مەکسیک تەرخانبکرێت، بەمەبەستى رێگریی کردن لە کۆچى نایاسایی و پاراستنى ئاسایشى ئەمریکا، بەڵام دیموکراتەکان هەر زوو داواکارییەکەیان رەتکردەوە.
 


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP