ئەمەریكا: چیتر لەو وڵاتانە خۆشنابین کە مامەڵەی نەوت لەگەڵ ئێراندا دەکەن

- 1/12/2019 3:56:00 PM 3643 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

نوێنەری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریكا بۆ کاروباری ئێران رایگەیاند، واشنتۆن هیچ بڕیارێكی دیکە سەبارەت بە لێخۆشبون لە سزاكانی تایبەت بە كڕینی نەوت لە ئێران پێشكەش ناكات.

بەپێی ئاژانسی رۆیتەرز، برایان هۆک، نوێنەری ئەمەریكا بۆ کاروباری ئێران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە ئەبوزەبی پایتەختی ئیمارات رایگەیاند، "هۆكاری ئەو بەخشینانەی پێشووتر تایبەت بەو وڵاتانەی کە مامەڵە لەگەڵ ئێران دەکەن بۆ ڕێگریكردن بوو لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت".

ئاماژەی بەوەشکرد، "لەمەودوا واشنتۆن هیچ بڕیارێكی دیکە سەبارەت بە لێخۆشبون لە سزاكانی تایبەت بە كڕینی نەوت لە ئێران پێشكەش ناكات".

هۆک رەتیكردەوە پلانی واشنتۆن ئاشکرابکات دوای تەواوبوونی وادەی لێخۆشبوونەكانی ئێستا بۆ ئەو وڵاتانەی کە مامەڵەی نەوت لەگەڵ ئێران دەکەن، كە لە مانگی مایسی ئەمساڵد كۆتاییان پێدێت.

دوای سەپاندنی سزاکانی ئەمەریکا لە ساڵی رابردوو بە دوو قۆناغ، واشنتۆن لێخۆشبوونی پێشكەشی هەشت وڵات كرد، كە  كڕیاری سەرەكی نەوتی ئێران بوون، کە لەناویاندا هەریەکە لە چین و هیندستان و یابان و كۆریای باشور و عێراقی تێدابوو.

حەوتی مانگی تەمووزی ساڵی 2018 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بڕیارێكی سەرۆكایەتی واژۆكرد بۆ سەپاندنەوەی سزاكانی وڵاتەكەی بەسەر ئێراندا، بەبێی بڕیارەكە سزاكەی ئەمەریكا بە دوو قۆناغ بەسەر كۆماری ئیسلامی ئێراندا جێبەجێ کرا.

بەپـێی بڕیارەكەی ترەمپ قۆناغی یەكەمی سزاكانی ئەمەریكا لە مانگی تەمووزی هەمان ساڵەوە دەستیپێكرد، كە سزا خرایە سەر بازاڕی دراوی ئێران و قەدەغەش خرایە سەر بازرگانیكردن بە ئاڵتون و كانزاكانی دیكە لەگەڵ ئێراندا، لەوکاتەوە رێگە نادرێت هیچ تەكنەلۆژیایەكی پەیوەست بە كەرتی پـیشەسازی و دروستكردنی ئۆتۆمبیل بە ئێران بدرێت.

هاوكات قۆناغی دووەمی سزاكان لە 5ی مانگی 11ی 2018 دەستیپێکرد، و قەدەغە خرایەسەر هەناردەی نەوتی ئێران و ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە ڕێگەی بەندەرەكانی ئێرانەوە، هاوکات ژمارەیەکی زۆر لە کۆمپانیاکانی بازرگانی لە ئێران کشانەوە.


نیشانەکردن :

#ئه‌مه‌ریكا #ئێران

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP