ئاماری قوربانیانی تەقینەوەکەی ئەمڕۆی پاریس ئاشکراکرا

- 1/12/2019 3:42:00 PM 8201 جار خوێندراوەتەوە
دیمەنێک لە پاش ماوەی ڕووداوەکە

خەندان-

وەزیری ناوخۆی فەڕەنسا رایگەیاند، بەهۆی تەقینەوەکەی ئەمڕۆی پاریسەوە دوو کەس گیانیان لەدەستداوە و 47 کەسی دیکەش برینداربوون.

كریستۆف كاستەینەر، وەزیری ناوخۆی فەڕەنسا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بەهۆی تەقینەوەکەی ئەمڕۆی سەمونخانەکەی سەنتەری پاریسەوە جگەلەوەی زیانی گیانی زۆری لێکەوتەوە دوو کەس گیانیان لەدەستداو 47 کەسی دیکەش برینداربوون.

ئاماژەی بەوەشکردووە، دۆخەکە ئێستا لە ژێر کۆنتڕۆڵدایەو دوای رووداوەکە زیاتر لە 200 كارمەندی ئاگركوژێنەوە لە هەڵمەتی ڕزگاركردنەكە بەشداربوون و ناوچەکە پاککراوەتەوە.

هاوکات رێمی هێیتز، داواكاری گشتی پاریس رایگەیاندووە، "ئاشكرایە كە تەقینەوەكە بە ڕێكەوت بووە".

داواكاری گشتی پاریس لە شوێنی ڕووداوەكە بە ڕۆژنامەنوسانی وتووە، سەرەتا گاز لە سەمونخانەکەدا ڕژاوە و دواتر تەقیوەتەوە، پاشان تیمەکانی ئاگركوژێنەوە گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەكە.

بەیانی ئەمڕۆ شەممە پۆلیسی فەڕەنسا رایگەیاند، تەقینەوەیەکی بەهێز لەناو سەمونخانەیەکدا لە پاریس-ی پایتەخت روویداوە.

رووداوەکە دوای ئەو هات کە بەرپرسانی فەڕەنسا لە ئامادەباشیدا بوون بۆ نۆهەمین شەممەی خۆپیشاندانەكانی "هێلەك زەردەكان" لە پاریسی پایتەخت و زۆرینەی ناوچەكانی ناوەڕاستی شار بە پۆلیس تەنرابوو.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP