پۆلیسى هه‌ولێر: كچێك ئەمڕۆ دووجار هه‌وڵى خۆكوشتنى داوه‌

- 1/12/2019 3:02:00 PM 5739 جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان - ئه‌حمه‌د مسته‌فا

وته‌بێژى پۆلیسى هه‌ولێر رایگه‌یاند، كچێكی تەمەن 24 ساڵ ئەمڕۆ شەممە لە شاری هەولێر دووجار هەوڵی خۆکوشتنی داوە، بەڵام لەلایەن هێزەکانیانەوە رزگارکراوە.

هۆگر عه‌زیز، وته‌بێژى پۆلیسى هه‌ولێر به‌ خه‌ندان-ى رایگەیاند، "کچێکی تەمەن 24 ساڵ کە له‌ ڕووى ده‌روونییەوە ته‌واو نییه‌ و نابیسته‌، ماوه‌ى ساڵێك و شه‌ش مانگه‌ له‌ شارى هه‌ولێر دەژی ئەمڕۆ دووجار هەوڵی خۆکوشتنی داوە بەڵام رزگارکراوە".

ئاماژەی بەوەشکرد، "کچەکە به‌رده‌وام له‌ شه‌قامه‌ گشتییه‌كانى هه‌ولێر هاتوچۆ ده‌كات، تا وەکو ئێستا چه‌ند جارێك هه‌وڵى خۆكوشتنى داوه‌، به‌ڵام هێزه‌كانمان ڕزگاریان كردووه‌".

به‌پێى گرته‌یەکی ڤیدیۆیی كه‌ له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، ئەمڕۆ شەممە کچەکە لەسەر پردێکی پەڕینەوەوە لەسەر شەقامێکی گشتی شاری هەولێر هەوڵدەدات خۆی بخاتەخوارەوە، بەڵام لەلایەن کەسێکەوە رزگاردەکرێت.

وته‌بێژى پۆلیسى هه‌ولێر دەشڵێت، "کچەکە ته‌مه‌نى 24 ساڵه‌ و خەڵکی چوارقورنەیە، تا ئێستاش چوارجار بردوومانه‌ته‌وه‌ بۆ ناو كه‌سوكارى چه‌ند جارێكیش بردوومانه‌ته‌ خانه‌ى داڵده‌دانى ئافره‌تان و خانه‌ى به‌ساڵاچووانی هەولێر، به‌ڵام كه‌سیان ئاماده‌نین کچەکە له‌ خۆبگرن".

پۆلیسى هه‌ولێر رونیشیکردەوە، ئەوان دەسەڵاتی ئەوەیان نییە ئەو کچە دەستگیربکەن بۆ ئەوەی رێگری لێبکرێت لە هەوڵی خۆکوشتنی، بەڵام راده‌ستى خانه‌ی داڵده‌دانیان كردووه‌ لە شاری هەولێر.

نیشانەکردن :

#هەولێر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP