هه‌ڵسوراوێكى گۆڕان: مه‌رج نییه‌ هه‌رهێزێك ئۆپۆزسیۆن بێت خزمه‌تى خه‌ڵكى كردبێت

- 1/12/2019 1:33:00 PM 2700 جار خوێندراوەتەوە
کاردۆ محەمەد

خه‌ندان - شه‌وكه‌ت قادر 

هه‌ڵسوڕاوى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان ڕایگه‌یاند، سه‌رچاوه‌ی زۆربه‌ی كێشه‌كان نه‌بونی ده‌ستوره‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان و مه‌رج نییه‌ هه‌ر هێزێك ئوپۆزسیۆن بووبێت خزمه‌تى خه‌ڵكى كردبێت.

سەرچاوەى زۆربەى کێشەکان نەبوونى دەستورە لەهەرێمی كوردستان

له‌ دیبه‌یتێكدا كه‌ ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ له‌ شاری هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چوو، كاردۆ محه‌مه‌د هه‌ڵسوڕاوى گۆڕان و ئه‌ندامى پێشووى په‌ڕله‌مانى كوردستان وتى، سەرچاوەى زۆربەى کێشەکان نەبوونى دەستورە لەهەرێمی كوردستان، هیچ گەلێک نیە کە شۆرش و ڕاپەڕینى کردبێت بیرى لە گرێبەستێکى کۆمەڵایەتى نەکردبێتەوە کە ئەویش دەستورە، ئێمە ئەو گرێبەستەمان نیە، له‌ كاتێكدا بنچینەكانی نیشتیمانیمان نیە، یاسامان نیە سەروەربێت  دامەزاراوەمان نیە  ئەمانه‌ هەمووى قەیرانن.

ئەرکى هەموو لایەنه‌ سیاسیەكانه‌ بیر لەم گرێبەستە بکاتەوە

وتیشى، بۆئەوەى بنچینە نیشتیمانیەکان و بەرژوەندیە گشتیەکان و دامەزاروەکان بپارێزین لەو  دیاردانه‌ى کە لەڕابردوو بینیمان ئەرکى هەموو لایەنه‌ سیاسیەكانه‌ بیر لەم گرێبەستە بکاتەوە، کاتێک ئەو گرێبەستە هەبێت، ئەوکاتە ئەرک و مافى دامەزراوە وهاوڵاتى دیاری ده‌كرێت و دەتوانین قسە لەسەر ئاڵوگۆڕى دەسەڵات و مافەکان و چاکسازى و ئۆپۆزسیۆن بوون بکەین.

مەرج نیە هەر هێزێک ئۆپۆزسیۆن بێت خزمەتى خه‌ڵكى کردبێت

له‌باره‌ی ئۆپۆزسیۆن له‌ هه‌رێمی كوردستان ئه‌و هه‌ڵسوڕاوه‌ى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد، زۆرکات ئۆپۆزسیۆن بوون لە هه‌رێمى كوردستان بەپیرۆز دەکرێت لەکاتێکدا مەرج نیە هەر هێزێک ئۆپۆزسیۆن بێت خزمەتى خه‌ڵكى کردبێت، یان هەموو دەسەڵاتێکیش نەفرەت لێکراو بێت.

گرنگه‌ هه‌ستبكه‌ین هەنگاوەکانمان چۆن دەنێین

ئه‌وه‌شیخسته‌ڕوو، ئەگەر یاسا سەروەربێت و حكومه‌ت حکومەتى هاوڵاتى بێت و خزمەت بکات، دەستور هەبێت ئەوا پێم وایە دەکرێ ئەوانە لەچوارچێوەیەک قسەى لەسەر بکەین، هەر هێزێک دەسەڵات یان ئۆپۆزسیۆن بێت پێوەرمان ئەوەبێت چەندە لەقازانجى میللەتەکەیە و راستگۆ و به‌ پەرۆشە بۆ بەڵێنەکانى هەڵبژاردن، گرنگه‌ هه‌ستبكه‌ین هەنگاوەکانمان چۆن دەنێین، چونکە ئێمە لەکورستانى عێراق هەرێمێکى دانپێنراومان هەیە دەتوانین خزمەتى میللەتى خۆمان بکەین ئەگەر یەکگرتوو و رێکخراوتر بین.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP