لەسەر دەستپێشخەری سەرۆک بەرهەم ساڵح
رەوتی حیکمە و عه‌سائیبى ئه‌هلى حه‌ق هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان دەدەن

- 1/12/2019 1:11:00 PM 8974 جار خوێندراوەتەوە
عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە و د. بەرهەم ساڵح و قه‌یس خه‌زعه‌لى سكرتێرى عه‌سائیبى ئه‌هلى حه‌ق

خەندان-

لەسەر دەستپێشخەری سەرۆک بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق بەرپرسانی هەریەکە لە رەوتی حیکمە و عه‌سائیبى ئه‌هلى حه‌ق هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان دەدەن، کە ماوەیەکە بەهۆی لێدوانەکانیانەوە دژی یەکتر گەیشتووەتە بنبەست.

چەند رۆژێکە بەرپرسانی عه‌سائیبى ئه‌هلى حه‌ق و ره‌وتی حیكمه‌ی عەممار حەکیم لێدوانی توند دژی یەکتر دەدەن و تا دێت پەیوەندییەکانی نێوانیان ئاڵۆزتر دەبێت، د. بەرهەم ساڵح، سه‌رۆك كۆمارى عیراقیش بۆ رێگه‌گرتن لە فراوانبوونی ناکۆکییەکان دەستپێشخەرییەکی ئاڕاستە کردوون، له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا خۆپیشاندانێكی ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی حه‌شدی شه‌عبی هه‌ڵوه‌شێنرایه‌وه‌، كه‌ بڕیاربو ئه‌مڕۆ شەممە له‌ به‌غدا بەڕێوەبچێت.

ئەمینداری گشتی رەوتی حیکمە  لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "لەسەر بنەمای نێوەندگیرییەکەی شكۆدار د. بەرهەم ساڵح كە داوای دواخستنی خۆپیشاندانەكانی رەوتی حیکمەی کردبوو بۆ ئارامكردنەوەی دۆخەكە و بەرژەوەندی نەتەوەیی بۆیە بڕیارماندا خۆپیشاندانەكانمان دوابخەین بۆ نرخاندن و پێزانینمان بۆ ئەو دەستپێشخەریە گەورەیەی سەرۆک کۆماری عێراق".

ئەمینداری گشتی رەوتی حیکمە ئاماژەی بەوەکردووە، "سوپاسی فەخامەتی بەڕێز سەرۆک کۆماری عێراق دەكەین كە لە خەمی عێراق و گەلەكەیدایە".

هاوکات حه‌وت فه‌رمانده‌ى حه‌شدى شه‌عبى دوای کۆبوونەوەیان رایانگەیاندووە، بڕیاریانداوە ده‌رفه‌تێك بده‌نه‌ ده‌ستپێشخه‌ریه‌كى سەرۆک به‌رهه‌م بۆ چاره‌سه‌ركردنى ئه‌و ته‌نگژه‌یه‌ى تادێت زیاتر ده‌بێت له‌نێوان عه‌سائیبى ئه‌هلى حه‌ق و ره‌وتی حیكمه‌ی عه‌ممار حه‌كیم.

بەپێی راگەیەندراوێکی عه‌سائیبى ئه‌هلى حه‌ق، کۆبوونەوەکەی حەوت فه‌رمانده‌کەی حه‌شدى شه‌عبى کە پێکهاتوون لە هادى عامرى، هومام حه‌مودى، ئه‌بومه‌هدى موهه‌ندیس، سامى مه‌سعودى، ئه‌حمه‌د ئه‌سه‌دى و ئه‌بو جیهاد هاشمى به‌رپرسانی حه‌شدی شه‌عبی دوێنێ هەینی بەڕێوەچووە.

ئاماژە بەوەشکراوە، "کۆبوونەوەکە بۆ گفتوگۆكردن بووە بۆ به‌ئامانجگرتن و داڕشتنی پیلانی لایه‌نێكى سیاسی دژی حه‌شدی شه‌عبی".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP