بەپەلە

واڵستریت ژورناڵ: واشنتۆن ژمارەیەک كەشتی جەنگی بە ئاڕاستەی سوریا جوڵەپێکردووە

- 1/12/2019 10:42:00 AM 3805 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ڕۆژنامەی واڵستریت ژورناڵ رایگەیاند، واشنتۆن هێزی زەمینی و ژمارەیەک كەشتی جەنگی بە ئاڕاستەی سوریا جوڵەپێکردووە بۆ یارمەتیدانی پڕۆسەی كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریکا لەو وڵاتە.

رۆژنامەی واڵستریت ژورناڵ-ی ئەمەریکی لە زاری سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردەوە، هێزێکی ئەمەریکی لە رێگەیە بەرە و سوریا بۆ هاوکاریکردنی کشانەوەی هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریكا و پاراستنی ئەو هێزانە لەکاتی پڕۆسەی کشانەوەکەدا.

ئاماژەی بەوەشکردووە، هێزەکەی ئەمەریکا بە کەشتی جەنگی بە ئاڕاستەی سوریا جوڵەی پێکراوە بۆ پاراستنی ئەو سەربازە ئەمەریکییانە کە لە سوریا شەڕی داعشیان کردووە و بەبڕیاری ترەمپ دەکشێندرێنەوە.

دوێنێ هەینی عەقید شۆن رایان، وتبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی دژی داعش رایگەیاند، هێزەکانی ئەمەریکا دەستیان کردووە بە کشانەوەی سەرباز و کەلوپەلە سەربازییەکانیان لە سوریا. 

بەڵام رۆژنامە ئەمەریکیەکە رونیکردووەتەوە، لە دەستپێکی پڕۆسەی کشانەوەکەدا تەنها چەک و کەلوپەلە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە سوریا دەگەڕێندرێنەوە ئەمەریکا و دواتر دەست بەکشانەوەی سەربازانی ئەمەریکا دەکرێت لە سوریا.

19ی مانگی رابردوو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكگانی ئەمەریكا لە تویتێکدا هەموانی توشی شۆک کرد کاتێک رایگەیاند، "ئێمە داعشمان لە سوریا تێكشكاند، ئەوەش تاكە هۆكارە کە هێزەکانمان لەوێ هێشتووەتەوە لە ماوەی سەرۆكایەتیمدا"، بەڵام ئەو لێدوانە نیگەرانی قوڵی هەندێک لە بەرپرسانی کۆشکی سپی لێکەوتەوە.

بڕیارەکەی ترەمپ نیگەرانی بەشێک لە بەرپرسانی کۆشکی سپی لێکەوتەوە و هەریەکە لە جەیمس ماتیس، وەزیری بەرگری و برێت مەکگۆک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ شەڕی دژی داعش دەستیان لەکارکێشایەوە.

لە رۆژئاوای کوردستانیش نیگەرانی هێزە کوردییەکانی لێکەوتەوە بەتایبەت کە ئەو هێزانە هاوپەیمانی سەرەکی هێزەکانی ئەمەریکا بوون لە شەڕی دژی داعشدا و پێکەوە توانیان رووبەڕێکی فراوانی باکوری سوریا و رۆژهەڵاتی فورات لە دەستی داعش دەربهێنن.

واشنتۆن چەندینجار دووپاتیكردووەتەوە، كە هاوپەیمانە كوردەكانیان پارێزراودەبن سەرەڕای كشانەوەی هێزەكانیان لە سوریا، بەڵام تورکیا هێزە کوردییەکانی رۆژئاوا کە لەلایەن واشنتۆن-ەوە پشتگیری دەكرێت بە دوژمن ناودەبات، و چەندینجاریش رایگەیاندووە، ئۆپەراسیۆن دژی ئەو هێزانە ئەنجامدەدات.


نیشانەکردن :

#ئه‌مه‌ریكا #سوریا

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP