بەپەلە

جۆن بۆڵتن: گفتوگۆی نێوان ئەمەریکا و تورکیا لەبارەی کوردەکانی سوریاوە بەردەوامە

- 1/12/2019 9:59:00 AM 5603 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا رایگەیاند، گفتوگۆی نێوان سوپای ئەمەریکا و تورکیا لەبارەی کوردانی سوریاوە بەردەوامە و تاوەکو هەفتەی داهاتووش بەردەوام دەبێت، دەشڵێت، "بەهیواین بگەینە ئەنجامێک کە لەلایەن هەردوو وڵاتەوە پەسەندبکرێت".

بەپێی دەنگی ئەمەریکا، جۆن بۆڵتن، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا رایگەیاندووە، "سەرۆک ترەمپ و بەرپرسانی کۆشکی سپی لەوە تێگەیشتوون کە تورکیا پەیمانیداوە زیان بەو کوردانە ناگەیەنێت کە لەگەڵماندا شەڕی دژ بە داعشیان کردووە".

ئاماژەی بەوەشکرد، تا ئێستا گفتوگۆکانی نێوان سوپای ئەمەریکا و تورکیا بەردەوامە "ئەوەی ئێمە لەم گفتوگۆیانەدا هەوڵی بۆ دەدەین مسۆگەرکردن و پرۆتۆکۆڵ و هەنگاوەکانە کە هەمولایەک ئاسودەبن لەسەر بەڕێوەچوونی هەنگاوەکان".

بۆڵتن راشیگەیاندووە، "هیوادارین ئەم گفتوگۆیانە کە تاوەکو هەفتەی داهاتوو بەردەوام دەبن دەرئەجامێکی وەهای هەبێت کە لەلایەن هەردوولاوە پەسەند بکرێت".

حەوتی ئەم مانگە، جۆن بۆڵتن، راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا دوای سەردانی بۆ ئیسرائیل و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وتی، "کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە رۆژهەڵاتی فورات پەیوەستە بە كۆتاییهێنان بە پاشماوەكانی داعش لەو ناوچەیە و دڵنیایی توركیا لە بارەی ئاسایشی شەڕڤانە کوردەکانی سوریا کە هاوپەیمانی ئەمەریکان".

ئەو لێدوانەی بۆڵتن وایکرد ئەردۆغان کۆبوونەوەکەی لەگەڵ شاندی ئەمەریکا کە بە سەرۆکایەتی بۆڵتن سەردانی تورکیای کرد رەتکردەوە.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP