کەنەدا مافی پەنابەری بەخشییە ئەو کچە 18 ساڵەی لە سعودیە هەڵهاتبوو

- 1/12/2019 8:31:00 AM 17480 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سەرۆک وەزیری کەنەدا رایگەیاند، وڵاتەکەی کافی پەنارێتی دەبەخشێتە ئەو کچە سعودییەی کە نزیکەی هەفتەیەک لەمەوبەر کەسوکارەکەی بەجێهێشت و بەرەو وڵاتانی تایلاند هەڵهات. 

بەپێی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، جەستن ترودۆ، سەرۆک وەزیری کەنەدا رایگەیاندوە، وڵاتەکەی داکۆکی لە مافەکانی مرۆڤ و بە تایبەتی مافی ژنان لە سەرانسەری جیهاندا دەکات، بۆیە کاتێک نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە کەنەدا کرد مافی پەنابەری بە ڕەهەف محەمەد بدات، ئەوان قبوڵیانکردووە.

ڕەهەف محەمەد، کچێکی سعودیەو نزیکەی هەفتەیەک دەبێت لە سعودیە هەڵهات و روویکردە وڵاتی تایلاند، چاوەڕوانی دەکرد لە رێگەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە وڵاتێکی ئەروپی مافی مانەوەی پێبەخشن.

سوراشەتێ هاکپارک، سەرۆکی پـۆلیسی کۆچبەری تایلاند لە بانکۆکی پایتەختی تایلاندەوە رایگەیاند، ڕەهەف محەمەد ئەلقونونی تەمەن 18 ساڵ سواری فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانی کۆریا دەبێت و بەرەو سیئۆلی پایتەختی کۆریای باشور دەچێت و دواتر لەوێوە بەرەو کەنەدا دەبرێت.

شەممەی ڕابردوو ڕەهەف لە فڕۆکەخانەی بانکۆک پاسپـۆرتەکەی لێسەندرا و ڕێگەی پـێنەدرا بەرەو ئوسترالیا بڕوات، ئەویش ناچار لە ترسی ڕەوانەکردنەوەی بۆ سعودیـیە لە ڕێگەی تویتەرەکەیەوە جیهانی لە کەیسەکەی ئاگادارکردەوە، دواتر ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بە دەنگ داواکەیەوە چوون و ڕێگە گیرا لەوەی ڕەوانەی سعودیـیە بکرێتەوە.

نیشانەکردن :

#سعودیە #كه‌نه‌دا

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP