پۆلەندا؛ کارمەندێکی هوواویی بە تۆمەتی سیخوڕی دەستگیرکرا

- 1/11/2019 7:33:00 PM 2006 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-ئاکام محەمەد

دەسەڵاتدارانی پۆلەندا کارمەندێکی بەرەگەز چینی کۆمپانیای هوواویی-یان بەتۆمەتی ئەنجامدانی سیخوڕی دەستگیرکرد.

بە وتەی پۆلیسی ئەو وڵاتە، ئەو کارمەندەی هوواویی لەگەڵ بەرپرسێکی ئەمنی پێشوی پۆلەندا سەرقاڵی سیخوڕی و دزینی دۆسییەی ئەمنیی ئەو وڵاتەبوون.

هەرچەندە ئەو کارمەندی هوواوی بە تۆمەتی سیخوری فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە، بەڵام بەپێی وتەی وتەبێژێکی ئەمنی پۆڵەندا " سیخورییەکە تەنها پەیوەندیی بە کاری کەسی خۆیەوە هەیە  و راستەوخۆ پەیوەندی بە کۆمپانیاکەوە نییە".

ماوەی چەند مانگێکە کۆمپانیایی هوواویی بواری پەیوەندی و ئامێرە ئەلکترۆنیەکان کەوتووەتە ژێر فشاری زۆری ئەمەریکا و رووبەوڕوی تۆمەتی سیخوڕی دەکاتەوە، ئەوەش  متمانەی کۆمپانیاکەی لە وڵاتانی ئەوروپا خستووەتە ژێر مەترسیەوە.

رێکەوتی ٦ی کانونی یەکەمی ساڵی رابردوو، مێنگ وانگژۆ بەرێوەبەری دارایی کۆمپانیای Huawei چینی لە کەنەدا، بە تۆمەتی پێشێلکردنی سزا سەپێنراوەکانی  ئەمەریکا لە سەر ئێران، لە کەندا دەستبسەر کرا.

لەدوای مانگی حوزەیرانی ساڵی رابردوەوە، ئەمەریکا و چین جەنگی بازرگانی دژ بەیەکیان دەستپێکردووە، کە بە دەستپێشخەری ترەمپ بە سەپاندنی سەدا ٢٥ ی گومرگ بۆ سەر کاڵای چینی دەستیپێکرد، بۆ سەر کەلوپەلی پیشەسازی و شۆفڵ و ئامێرە پیشەسازییەکانی دیکە، لە بەرامبەریشدا چین بە شەربەتی پرتەقاڵ و جگەرە و ویسکی گورزی سەدا ٢٥ گومرگی لە ئەمەریکا وەشاند، بەڵام بە گوێرەی راپۆرتێکی  بزنز ئینسایدەر، لە قۆناغەکانی داھاتودا جەنگەکە لە دەرەوەی کەشتیە بارھەڵگرەکان و لە ناو گیرفانی خەڵکی ئاسایی ئەمەریکادا یەکلای دەبێتەوە، ئەوەش بە گرانبوونی نرخی ئامێرە کارەباییەکانی ناوماڵ، جانتا و سەوزە و میوە.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP