یەکێتى راگەیەندراوێکى لەبارەى هەڵکردنى ئاڵاى کوردستان لە کەرکوک بڵاوکردەوە

- 1/11/2019 2:00:00 PM 27431 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

یەکێتى نیشتیمانى کوردستان رایگەیاند، لەپێناو پاراستنى ئاشتى کۆمەڵایەتى ئەمنى شارى کەرکوک بڕیاردراوە لەم قۆناغەدا ئاڵاى کوردستان تەنها لە بیناى مەکتەبى سیاسى و مەڵبەند هەڵبکرێت.

مەڵبەندى دووی رێکخستنی کەرکوک-ی یەکێتی نیشتمانی کوردستان راگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە لەبارەى هەڵکردنى ئاڵا کوردستان لە کەرکوک و ئاماژەى بەوەشکردووە، بڕیاری بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان لەسەر بارەگاکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە کەرکوک پاڵپشت بە دەستوور و یاسا کارپێکراوەکانی عێراق مافێکی رەواو دیموکراتیانەیە.

ئەوەشخراوەتەڕوو، "یەکێتی نیشتمانی کوردستان پاراستنی ئاشتی کۆمەڵایەتی و راگرتنى هاوسەنگی لە نێوان پێکهاتەکانی کەرکوک و ئارامی رەوشەکە بە ئەرکى لە پێشینەى خۆى دەزانێت، هەر لەم پێناوەدا بڕیارەکە تەنها بۆ مەڵبەندو مەکتەبى سیاسى دەرکردا لەم قۆناغەدا، چونکە لەناو کەرکوک لە زۆرترین گەڕەک و ناوچە و قەزاو ناحیەکان بارەگامان هەیە، بۆ ئەوەى هیچ کاردانەوە و نیگەرانییەک دروست نەبێت، لەو شوێنانەدا کە پێکهاتەى جیاوازى تێدا نیشتەجێیە، هاوکات ئەم بابەتە بەلاڕێدا نەبرێت".

ئاماژە بەوەشکراوە کە بە هەموو لایەکى ڕادەگەیەنین، ئەگەر هەر لایەنێک یان کەسێک لە خۆشەویستیان بۆ ئاڵاکە لە شوێنى دیکە بەرزیانکردبێتەوە، لە دەرەوەى بڕیارى مەڵبەندى کەرکوکە.

هەر لە راگەیەندراوەدا هاتووە،"بەپێویستى دەزانین هەموو لایەک ئاگاداربکەینەوە لە ئێستادا ئەم کەیسە لەدادگاى باڵاى فیدڕاڵى عێراقە، وە بۆ یەکلاکردنەوەى ئەم پرسە جگە لە بڕیارى دادگا، هیچ ڕێگە چارەیەک قبوڵ نییە".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP