هەواڵی ئەمڕۆ

سەرۆک بەرهەم گەیشتەوە عێراق

- 1/10/2019 7:00:00 PM 1688 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئێوارەی ئەمرۆ پێنج شەممە ١٠|١|٢٠١٩ سەرۆك كۆمار د. بەرهەم ساڵح دوای سەردانێكی سەركەوتوو بۆ وڵاتی قەتەر گەیشتەوە شاری بەغداد.

لە سەردانەكه‌یدا بۆ وڵاتی قه‌ته‌ر سه‌رۆككۆمار گفتوگۆی فراوان و دۆستانه‌ی لەگەڵ شێخ تەمیم بن حمه‌د میری قەتەر و گەورە لێپرسراوانی ئەو وڵاتە ئه‌نجامدا كە تیایدا پەیوەندی دوو قۆڵی هەردوو وڵات و په‌ره‌پێدانی ئاستی هاریكاری و دۆخی سیاسی و ئه‌منی ناوچه‌كه‌ و جیهان تاوتوێكرا.

لە میانی ئه‌و پێشوازیه‌ گه‌رمه‌ی له‌ لایه‌ن میری قه‌ته‌ره‌وه‌ لێیکرا، سەرۆك به‌رهه‌م ساڵح رایگەیاند، عێراق هەوڵدەدات باشترین پەیوەندیی ناوچه‌یی بەبێ‌ جیاوازی بنیادبنێت، سوریش دەبێت لە سەر بەردەوامبوونی رۆڵی سه‌ره‌کی خۆی بۆ بەیەك گەیاندنی گەلانی ناوچەكە بۆ ئه‌وه‌ی نەبێته‌ گۆڕەپانی ململانێ، به‌ڵکو ئاسایش و ئارامی تێدا به‌رقه‌رار بێت و خه‌ڵکه‌که‌شی سود له‌ خێر و بێره‌که‌ی ببینن.

سەرۆككۆمار داوایكرد، تۆڕێكی پەیوەندی هاوبەش دروست بكرێت لە پێناو لێكتێگەیشتنی زیاتر و دیالۆگی بنیادنەرانە كە یارمەتی وڵاتانی ناوچه‌که‌ بدات بۆ په‌ره‌پێدانی ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌ دوور له‌ گرژی و ئاڵۆزی.

سه‌رۆک به‌رهه‌م ساڵح جەختیکرده‌وه‌، له‌ سایه‌ی ئارامی و په‌یوه‌ندی سیاسی هاوسه‌نگ ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ ده‌ره‌خسێت که‌ باشتر خزمه‌تی خه‌ڵکه‌که‌ی بکه‌ین و خیرو بێرو داهاتی ئه‌م ناوچه‌یه‌ له‌ جیاتی شه‌ڕو ماڵوێرانی بۆ خۆشگوزه‌رانی هاوڵاتیان ته‌رخان بکرێت.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP