یەکێتى پێشمەرجەکانى پێکهێنانى کابینەى نۆ ئاشکرادەکات

- 1/10/2019 4:28:00 PM 11609 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەنووسیدا لە شارى سلێمانى سمکۆ ئەسعەد، ڕاوێژكاری مەكتەبی سیاسی یەكێتی رایگەیاند : یەکێتى نیشتیمانى کوردستان پۆستى سەرۆکى پەرلەمان و جێگرى هەردوو سەرۆکى هەرێم و سەرۆکى حکومەت بە شایستەى خۆى دەزانێت و هەمووشى دەچێتەوە چوارچێوەى گفتوگۆکانى یەکێتى لەگەڵ لایەنەکانى تر.

راشیگه‌یاند: وه‌ك یه‌كێتی ده‌مانه‌وێت له‌ پێكهێنانی حكومه‌تدا سیاسه‌تێكی راسته‌قینه‌و تۆكمه‌ی دارایی و به‌ڕێوه‌بردن دابڕێژرێت، كه‌ بزانرێت داهاته‌كان چۆنن چی لێده‌كرێت و چۆن خه‌رجده‌كرێن و له‌ خزمه‌تی هه‌موو هاووڵاتییانی هه‌رێمدابێت و دیارو شه‌فاف مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بكرێت، كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی هه‌موو هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستاندا بێت.

سمكۆ ئه‌سعه‌د ئاماژەى بەوەشکرد، یه‌كێتی داوای دامه‌زراندنی دادگای باڵای هه‌رێم ده‌كات و هه‌وڵی چاره‌سه‌كردنی كێشه‌كانی هه‌رێم ده‌دات، ئه‌وه‌شی ئاشكراكرد، كه‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان پێشتریش بۆچوونی ئه‌وه‌ی هه‌بووه‌ كه‌ سیستم به‌ره‌و په‌رله‌مانی ببرێت .

وتیشی:" لێرەو لەوێ هەندێك لێدوان دەدرێت، كە یەكێتی لەكۆبونەوەكاندا داوایكردووە پەنجا بەپەنجا پۆستەكان دابەشبكرێت، ئێمە لەیەكێتی هیچ كاتێك ئەو داواكارییەمان نەكردووە".

لەبەشێکى ترى کۆنگرەى رۆژنامەنووسیەکەدا سمکۆ ئەسعەد ڕاشیگەیاند: كێشەكان لەئەنجامدانی كۆبوونەوە نین، بەڵكو دەمانەوێت لەسەر سیاسەتێكی نوێ ڕێكبكەوین، گرێ دەروونییەكەی وەزارەتی دارایی كۆتایی پێ بهێندرێت، سەرجەم سامانی هەرێم ئاشكرابێت و لەلای ئەو دەسەڵاتە داراییە بێت كە پێویستە دابمەزرێت، لایەنی دووەم كە پەیوەندی بەدەسەڵاتی دادوەرییەوە هەیە، مەرجەعێكی یاسایی هەبێت، پرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەش، دەبێت سەرجەم لایەنەكان لایان ڕوون بێت ئەو پەیوەندیانە چۆن دەبێت".

ئاماژەى بەوەشکرد، یەکێتى بۆچوونى وایە کەدەبێت رێککەوتن لەسەر هەموو بابەتەکان بکرێت، ئەگەر ماوەیەکیش بخایەنێت و بۆ بەرژەوەندى گەلى کوردستانە بۆ ماوەى چوار ساڵ کێشە نییە با کاتى بوێت، بەڵام گرنگ ئەوەیە لەسەر سەرجەم بابەتەکان چیتر هاوڵاتیان نەناڵێنن، لە ناوچە ناکۆکى لەسەرەکان بن یاخود لە سەنتەرى شارەکانى هەرێمى کوردستان رێککەوتنێکى سەرتاسەرى لە نێوان سەرجەم لایەنەکانى هەرێمى کوردستان هەبێت.

لەبارەى پرسى کاراکردنەوەى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکوک سمکۆ ئەسعەد رایگەیاند : دەستوەردانى دەرەکى دوورە لە راستیەوەو یەکێتى بەباوەڕەوە کەرکوک وەک هەر ناوچەیەکى ترى جێناکۆک دەپارێزرێت، هەڵکردنى ئاڵاش مافێکى هەموو نەتەوەیەکە، چونکە کەرکوک کوردستانییەو هەر کەسێکیش نارەزایی هەیە دەتوانێت لە دادگا سکاڵا تۆماربکات.

وتیشى: یەکێتى بۆیە ئەم بۆچوونانەى رادەگەیەنێت بۆ ئەوەى خەڵک بزانێت کە بۆچوونى یەکێتى لەسەر پۆست نییە، بەڵکو لەسەر دارشتنەوەى سیاسەتى هەرێمى کوردستان و عێراقە.

ئێمە بیرى هەموو لایەکى دەخەینەوە کە دەبێت هاوبەشى راستەقینە هەبێت، ئەو داواکارییانەشى هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان لە راگەیاندنەکانەوە باسیان کردووە ئێمە لە کۆبوونەوەکاندا وتومانە دەبێت جێبەجێ بکرێن، وە یەکێتیش بە هیچ شێوەیەک نابێتە ئۆپۆزسیۆن.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP