خەندان زانیاری گرنگ لەبارەی بەشە بودجەی 2019ی هەرێمی کوردستان بڵاودەکاتەوە

- 1/10/2019 4:25:00 PM 51724 جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان- ئه‌حمه‌د مسته‌فا

ئه‌ندامێكى لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانى عێراق ڕایگه‌یاند، به‌پێى دوایین كۆپى پڕۆژه‌ یاساى بودجه‌، له‌ مادده‌ى 10ى پڕۆژه‌ یاساكه‌ هه‌رێمى كوردستان پابه‌ندكراوه‌ ئەگه‌ر كۆى نه‌وته‌كه‌ى هه‌نارده‌ نه‌كات، حكومه‌تى عێراق ته‌نها مووچه‌ فه‌رمانبه‌ر و پێشمه‌رگه‌ ده‌نێرێت.

شیروان میرزا، ئه‌ندامى لیژنه‌ى دارایی په‌رله‌مانى عێراق به‌ خه‌ندان-ى راگه‌یاند، له‌ مادده‌ى 10ى پڕۆژه‌ یاسای بودجه‌ى عێراق و له‌ بڕگه‌ى (ج) خاڵێك زیادكراوه‌ كه‌ تێدا هاتووه‌، "ئه‌گه‌ر هه‌رێمى كوردستان پابه‌ند نه‌بوو، به‌ ڕاده‌ستكردنى كۆى نه‌وته‌كه‌ى ئه‌وه‌ حكومه‌تى عێراق سه‌رجه‌م بودجه‌ى هه‌رێمى كوردستان ده‌بڕێت، بێجگه‌ له‌ مووچه‌ى  فه‌رمانبه‌ران و پێشمه‌رگه‌".

ئاماژەی بەوەشکرد، له‌ پڕۆژه‌كه‌دا مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران به‌ 454 ملیار دینار دانراوه‌ مانگانه‌ و پێده‌چێت بڕه‌ پاره‌كه‌ى پێشمه‌رگه‌ش نزیكه‌ی 67 ملیۆن دینار بێت، كه‌ به‌پێى دواین ڕێژه‌ بۆ هه‌رێمى كوردستان دانراوه‌.

میرزا راشیگەیاند، حكومه‌تى عێراق داواى هه‌موو نه‌وتى هه‌رێم ده‌كات بۆ ناردنى بودجه‌ و مووچه‌ هه‌رێمى كوردستان، كه‌ له‌ ئێستادا ته‌نها 250 هه‌زار به‌رمیل راده‌ستى حكومه‌تى عێراق ده‌كرێت، ئه‌و گۆڕانكارییه‌ش له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى داراییه‌وه‌ كراوه‌.

ئه‌و ئه‌ندامه‌ى لیژنه‌ى دارایی رونیشیکردەوە، "ئه‌وه‌ سێیه‌مین سیناریۆیه‌ كه‌ پێشكه‌شى وه‌زاره‌تى دارایی حكومه‌تى عێراق كراوه‌  و قبوڵكراوه‌، ئێستا هه‌وڵه‌كان بۆ ئه‌وه‌ن بتوانین وه‌ك فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كان ئه‌وه‌ له‌ په‌رله‌مان بچه‌سپێنین".

له‌لایه‌كى دیكه‌وه‌، غالب محه‌مه‌د ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق به‌ خه‌ندان-ى ڕاگه‌یاند، گۆڕانكارییه‌ك له‌مادده‌كانى په‌یوه‌ست به‌ پشكى كورد له‌ پڕۆژه‌ یاساى بودجه‌ى 2019ى عێراق كراوه‌ و گه‌یشتۆته‌ لامان، ئه‌ویش گۆڕانكارییه‌ له‌ مادده‌ى 10 ى پڕۆژه‌ یاساكه‌.

وتیشى، زیان و قازانجى پڕۆژه‌كه‌ دوولایه‌نه‌یه‌، فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم لاى حكومه‌تى عێراق 682 هه‌زاره‌ و لاى حكومه‌تى هه‌رێم ملیۆنێك و 400 هه‌زار کەسە، هاوكات ڕێژه‌ى پێشمه‌رگه‌ش 40 هه‌زار كه‌سه‌ كه‌ بۆپشكى پێشمه‌رگه‌ش بڕى 67 ملیۆن دینار له‌ پشكى پۆلیسی فیدڕاڵى ده‌بڕن و ڕاده‌ستى هه‌رێمى ده‌كه‌ن، كه‌ كۆى پاره‌كه‌ به‌ نزیكه‌ى 500 ملیار دیناره‌.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، له‌و بڕگه‌یه‌دا ته‌نها پابه‌ندى به‌ فه‌رمانبه‌ران و پێشمه‌رگه‌ كراوه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ش كێشه‌ دروست ده‌كات له‌به‌رامبه‌ردا باسى بودجه‌ى حاكیمه‌ و سیادى نه‌كراوه‌ له‌گه‌ڵ كاره‌با و جوتیاران، به‌پێى بڕگه‌كه‌ش بڕینى پاره‌كه‌ گرفتێكه‌ بۆ هه‌رێمى كوردستان.

غالب محه‌مه‌د ئه‌وه‌شیخسته‌ڕوو، ئه‌و ڕێكاره‌ واده‌كات ته‌نها لایه‌نێكى سیاسى له‌ هه‌رێمى كوردستان مامه‌ڵه‌ به‌ داهاتى هه‌رێمه‌وه‌ بكات، وه‌ حكومه‌تى داهاتووى هه‌رێمى كوردستان هیچ پڕۆژه‌ یاسایه‌كى بۆ بودجه‌ نه‌بێت و ڕاسته‌وخۆ له‌لایه‌ن شه‌خسه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ى پێوه‌بكرێت.  



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP