نورى حه‌مه‌عه‌لى: یەکێتی برینداریکردوین، تۆڵه‌ به‌سه‌بره‌ ئه‌مما به‌ زه‌بره‌

- 1/10/2019 3:42:00 PM 23070 جار خوێندراوەتەوە
نورى حه‌مه‌عه‌لى

خه‌ندان- ئه‌حمه‌د مسته‌فا

ئه‌ندامێكى سه‌ركردایه‌تى پارتى رایگه‌یاند، بۆ پێكهێنانى حكومه‌ت به‌ پله‌ى یه‌كه‌م چاوه‌ڕوانى هه‌ڵوێستى یه‌كێتین دواتر لایه‌نه‌كانى دیكه‌، ده‌شڵێت، "یه‌ك پاكێجى لە عێراق و هەرێمی کوردستان به‌سه‌رچوو، ئێمه‌ بریندار كراوین تۆڵه‌ به‌سه‌بره‌ ئه‌مما به‌زه‌بره‌".

نورى حه‌مه‌عه‌لى، ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى پارتى دیموكراتى كوردستان به‌ خه‌ندان-ى راگه‌یاند، "دواخستنى گفتوگۆكانى په‌یوه‌ست به‌ پێكهێنانى حكومه‌ت له‌ ئه‌ستۆى پارتى نییه‌ ئێمه‌ به‌ پله‌ى یه‌كه‌م چاوه‌ڕێى هه‌ڵوێستى یه‌كێتى و پاشان لایه‌نه‌كانى دیكه‌ین، ئه‌وان تا ئێستا لایان ڕوون نییه‌ و بڕیاریشیان نییه‌ چۆن به‌شدارى حكومه‌ت ده‌كه‌ن جگه‌ له‌وه‌ى داواى پشكى زیاتر له‌ پێگه‌یان ده‌كه‌ن".

دواخستنى گفتوگۆكانى په‌یوه‌ست به‌ پێكهێنانى حكومه‌ت له‌ ئه‌ستۆى پارتى نییه‌ 
ئاماژەی بەوەشکرد، "پێمانوایه‌ ئه‌وان ده‌یانه‌وێت فشار له‌ پارتى بكه‌ن تا سه‌نگى خۆیان زياتر بكه‌ن و پۆستى زیاتر وه‌ربگرن، ئه‌گینا پارتى له‌ ڕووى چه‌ندێتییه‌وه‌ به‌ پێگه‌كه‌ى زۆر له‌و هێزانه‌ گه‌وره‌تره‌ كه‌ ده‌یانه‌وێت به‌شدارى حكومه‌ت بكه‌ن، لایه‌نه‌كان هۆكارن بۆ پێكنه‌هێنانى حكومه‌ت ئه‌گینا پارتى ئاماده‌یه‌ و ته‌شكیله‌ى حكومه‌ت دانراوه‌، ئه‌وه‌ش ناگاته‌ ئه‌وه‌ى هه‌رچى پله‌ و پۆسته‌ دابه‌شبكرێت جه‌ماوه‌رى پارتى ئه‌وه‌ له‌ ئێمه‌ قبوڵ ناكات".
لایه‌نه‌كان هۆكارن بۆ پێكنه‌هێنانى حكومه‌ت ئه‌گینا پارتى ئاماده‌یه‌

نورى حه‌مه‌عه‌لى راشیگەیاند، یه‌كێتى داواى جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ت و جێگرى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و سه‌رۆكى په‌رله‌مان ده‌كات و به‌پشكى خۆى ده‌زانێت، به‌ڵام  "ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت گۆڕان و لایه‌نه‌كانى دیكه‌ و كه‌مه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانیش به‌شدارى پێبكه‌ین نه‌ك له‌لایه‌نێكدا پۆسته‌كان درێژبكه‌ینه‌وه‌".

ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت گۆڕان و لایه‌نه‌كانى دیكه‌ش به‌شدارى پێبكه‌ین

ئه‌ندامه‌کەى سه‌ركردایه‌تى پارتى لەباره‌ى داواكردنى پشكى له‌سه‌دا 12 له‌لایه‌ن بزوتنەوەی گۆڕان و له‌سه‌دا 35 له‌لایه‌ن یه‌كێتى نیشتیمانی کوردستانەوە وتی، "پارتى هیچ گرفتێكى له‌و داواكارییه‌ نییه‌، به‌ڵام ئێستا یه‌كێتیى داواى زیاتر له‌وه‌ ده‌كات و ئێمه‌ش مه‌به‌ستمانه‌ گۆڕان و لایه‌نه‌كانى دیكه‌ش به‌شداربن". 

ده‌رباره‌ى یه‌كپاكێجى لە پۆستەکانی بەغدا و هەرێمی کوردستان نوری حەمەعەلی دەڵێت، "نامانه‌وێت تێهه‌ڵكێشى مه‌سه‌له‌كان بكرێت و پرسه‌كان جیاوازن، پێشتر ئێمه‌ یه‌كپاكێجیمان قبوڵبوو، به‌ڵام كه‌ ئه‌وه‌ تێكدرا و دواتر وترا پارتى وه‌ك شێرێكى بریندار وایه‌ و پارتییان برینداركرد ئێمه‌ش پێمان وایه‌ تۆڵه‌ به‌سه‌بره‌ ئه‌مما به‌زه‌بره‌".

یه‌ك پاكێجیمان قبوڵنیە

لەبارەی بەشداریکردنی کۆمەڵی ئیسلامی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان نورى حه‌مه‌عه‌لى رونیکردەوە،  کۆمەڵ تا ئێستا هه‌ڵوێستیان ڕوون نییه‌، "ئێمه‌ به‌ڕه‌سمى داواشمان نه‌كردووه‌ بێنه‌ ناو حكومه‌ت یان له‌گه‌ڵیان كۆببینه‌وه‌، ئێمه‌ چاوه‌ڕوانى یه‌كێتین به‌ پله‌ یه‌كه‌م و دواتر به‌ پله‌ى دووه‌م براده‌رانى گۆڕان".

 تا ئێستا  کۆمەڵی ئیسلامی هه‌ڵوێستی ڕون نییه‌

ئەندامەکەی سەرکردایەتی پارتی لەبارەی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانەوە کە بڕیاری ئۆپۆزسیۆن بوونی داوە زیاتر وتی، "پێمان وایه‌ یه‌كگرتوو په‌له‌ى كرد له‌ بڕیارى ئۆپۆزسیۆن بوون".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP