ڤیدیۆ؛ پێشوازی میری ده‌وڵه‌تی قه‌ته‌ر له‌ سەرۆك بەرهەم ساڵح

- 1/10/2019 3:23:00 PM 2660 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

شێخ ته‌میم بن حه‌مه‌د، میری ده‌وڵه‌تی قه‌ته‌ر لەدەوحەی پایتەخت پێشوازی لە د. بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق کرد و دواتر بەرەو ژوری کۆبوونەوەکان بەڕێکەوتن.

سەرۆک بەرهەم ساڵح کە سەرۆکایەتی شاندێکی حکومەتی عێراقی دەکرد لەگەڵ شێخ تەمیم حه‌مەد میری قەتەر و شاندی حکومەتی ئەو وڵاتە کۆبوونەوە.

بەپێی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، شاندی عێراق و قەتەر له‌ باره‌ی پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵیەكانی هەردوو وڵات و فراوانكردنی ئاستی هاریكاری كە خزمەت بە بەرژەوەندی هاوبه‌شی هەردوو وڵات بکات گفتوگۆیان کردووە.

سەرۆك به‌رهه‌م ساڵح لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاند، عێراق هەوڵدەدات باشترین پەیوەندیی ناوچه‌یی بەبێ‌ جیاوازی بنیادبنێت، سوریش دەبێت لە سەر بەردەوامبوونی رۆڵی سه‌ره‌کی خۆی بۆ بەیەك گەیاندنی گەلانی ناوچەكە بۆ ئه‌وه‌ی نەبێته‌ گۆڕەپانی ململانێ، به‌ڵکو ئاسایش و ئارامی تێدا به‌رقه‌رار بێت و خه‌ڵکه‌که‌شی سود له‌ خێر و بێره‌که‌ی ببینن.

سەرۆك كۆمار هاوکات داوایكرد، تۆڕێكی پەیوەندی هاوبەش دروست بكرێت لە پێناو لێكتێگەیشتنی زیاتر و دیالۆگی بنیادنەرانە كە یارمەتی وڵاتانی ناوچه‌که‌ بدات بۆ په‌ره‌پێدانی ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌ دوور له‌ گرژی و ئاڵۆزی.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP