لە قەتەر مەراسیمی پێشوازیکردن بۆ سەرۆک بەرهەم ساڵح بەڕێوەچوو

- 1/10/2019 12:50:00 PM 22704 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-
 
شێخ ته‌میم بن حه‌مه‌د، میری ده‌وڵه‌تی قه‌ته‌ر  ئەمڕۆ پێنجشەممە له‌رێورەسمێکدا لە دەوحەی پایتەخت پێشوازی له‌  د. بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق کرد.

نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک کۆماری عێراق بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ لە دەوحەی پایتەختی قەتەر مەراسیمی پێشوازیکردن لە د. بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق بەڕێوەچووە، و لە دەسپێكی ئه‌و مه‌راسیمەکەدا  سه‌رۆک به‌رهه‌م ساڵح  و  شێخ تەمیم بن حەمد له‌گه‌ڵ سرودی نیشتمانی عێراق و قەتەر، پاسەوانی شەرەفیان ئەنجامدا.

ئاماژە بەوەشکراوە، د. بەرهەم ساڵح و شێخ تەمیم حه‌مەد میری قەتەر بە ئامادەبوونی شاندی ھەردوولا كۆبوونه‌وه‌ و به‌یه‌كه‌وه‌ گفتوگۆیانكرد له‌ باره‌ی پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵیەكانی هەردوو وڵات و فراوانكردنی ئاستی هاریكاری كە خزمەت بە بەرژەوەندی هاوبه‌شی عیراق و قه‌ته‌ر بکات.

لە میانی ئه‌و پێشوازیه‌ گه‌رمه‌ی له‌ لایه‌ن میری قه‌ته‌ره‌وه‌ لێیکرا، سەرۆك به‌رهه‌م ساڵح رایگەیاند، عێراق هەوڵدەدات باشترین پەیوەندیی ناوچه‌یی بەبێ‌ جیاوازی بنیادبنێت، سوریش دەبێت لە سەر بەردەوامبوونی رۆڵی سه‌ره‌کی خۆی بۆ بەیەك گەیاندنی گەلانی ناوچەكە بۆ ئه‌وه‌ی نەبێته‌ گۆڕەپانی ململانێ، به‌ڵکو ئاسایش و ئارامی تێدا به‌رقه‌رار بێت و خه‌ڵکه‌که‌شی سود له‌ خێر و بێره‌که‌ی ببینن.

سەرۆك كۆمار داوایكرد، تۆڕێكی پەیوەندی هاوبەش دروست بكرێت لە پێناو لێكتێگەیشتنی زیاتر و دیالۆگی بنیادنەرانە كە یارمەتی وڵاتانی ناوچه‌که‌ بدات بۆ په‌ره‌پێدانی ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌ دوور له‌ گرژی و ئاڵۆزی.

سه‌رۆک به‌رهه‌م ساڵح جەختیکرده‌وه‌، له‌ سایه‌ی ئارامی و په‌یوه‌ندی سیاسی هاوسه‌نگ ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ ده‌ره‌خسێت که‌ باشتر خزمه‌تی خه‌ڵکه‌که‌ی بکه‌ین و خیرو بێرو داهاتی ئه‌م ناوچه‌یه‌ له‌ جیاتی شه‌ڕو ماڵوێرانی بۆ خۆشگوزه‌رانی هاوڵاتیان ته‌رخان بکرێت.

لە‌ درێژه‌ی ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا هەردوو سەرۆك كۆمار و میری قەتەر بیرورایان ئاڵوگۆڕكرد لەبارەی پێشهاته‌ سیاسی و ئەمنیەكانی ناوچه‌كه‌ و جیهان و پێویستی زاڵبوونی زمانی دیالۆگ و لێكتێگەیشتن بۆ بەدیهێنانی ئاسایش و ئارامی و رێگرتن له‌ دەستوەردان له‌ كاروباری ناوخۆیی وڵاتان.

لایخۆیەوە میری قەتەر پشتیوانی وڵاتەكەی بۆ عێراق لە رووی سیاسی و ئەمنی و بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی هەردوو وڵات لە زۆربەی بوارەكان دووپاتكردەوە، هه‌روه‌ها ئاماژەیكرد كە قەتەر هاوشانی عێراق دەوەستێت و پشتیوانی لێ‌ دەكات لە پێناو پەرەپێدانی ئاشتی و ئارامی و هێنانەدی پێشكەوتن لە زۆربەی بوارەكاندا به‌تایبه‌ت له‌ بواری ئابووریدا.
 


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP