پارەى کارمەندانى سه‌ر سندوقه‌كانی ده‌نگدان لە هەولێر دابەشدەکرێت

- 1/10/2019 12:13:00 PM 8008 جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان - شه‌وكه‌ت قادر 

بەرێوەبەرى نوسینگەی هەولێرى کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان رایگەیاند، یه‌كشه‌ممه‌ی داهاتوو ده‌ست ده‌كرێت به‌ دابه‌شكردنی پاره‌ی كارمه‌ندانی كۆمسیۆن له‌ سنوری پارێزگای هه‌ولێر.

عەلى قادر، بەرێوەبەرى نوسینگەی هەولێرى کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، رۆژى یەکشەممەى داهاتوو 13ى مانگ دەست دەکرێت بەدابەشکردنى پارەى کارمەندانى سەر سندوقەکانى دەنگدان و بۆ ماوەى 15 رۆژ بەردەوام دەبێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو پارەیەی تەرخانکراوە سێ ملیار دیناره‌، لە هەولێر 14 هەزار و 391 کارمەند هەبوە لەسەرسندوقی دەنگدان لە هەڵبژاردنی 12ی ئایار.

عەای قادر راشیگەیاند، بە بڕیارى ئەنجومەنى کۆمسیاران ئەو بنکانەى دەنگەکانیان پوچەڵ کراوەتەوە پارەى کارمەندانیان خەرج ناکرێت، کە کۆى گشتى ئەوانەى کارمەند بون و پارەکە وەرناگرن 294 کەسن.

رونیشیکردەوە، لە رێگەى 23 بانکەوە پارەكه‌ دابەش دەکرێت، پێویستە کارمەندەکە خۆى بچێت بۆ وەرگرتنى پاره‌ی خۆی و ناسنامەشی پێبێت.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو ، بۆ کارمەندان 200 هەزار دینار، بۆ بەرێوەبەران 250 هەزار دینار دیاریكراوه‌.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP