خەندان پەیامی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ بەرپرسانی عێراق و هەرێم بڵاودەکاتەوە

- 1/10/2019 9:59:00 AM 51782 جار خوێندراوەتەوە
مایک پۆمپیۆ لە بەغدا ٩-١-٢٠١٩

خەندان-

وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لەمیانی سەردانەکەیدا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستانی رایگەیاند، هیچ ڕێگرییەك دروستنابێت لەبەردەم كشانەوەی هێزەكانیان لە سوریا، سەرەڕای هەڕەشەكانی توركیا بۆ هاوپەیمانە كوردەكانی واشنتۆن، وتوشیەتی، "پەیمانێك هەیە بۆ پاراستنی كوردەكان".

بەپێیی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی عێراق و هەرێمی کوردستان کە دوێنێ بەڕێوەچوو دڵنیای كردوونەتەوە لەوەی بڕیارە لە ناكاوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا سەبارەت بە كشانەوەی هێزەكانیان لە سوریا جێبەجێ دەکرێت.

لەبارەی هێزە کوردییەکانی سوریاوە کە تورکیا هەڕەشەی هێرشکردنەسەریان لێدەکات دوای کشانەوەی ئەمەریکا پۆمپیۆ وتی، "پەیمانێك هەیە بۆ پاراستنی كوردەكان".

دوێنێ چوارشەممە مایکۆ پۆمپیۆ بەسەردانێکی رانەگەیەندراو گەیشتە بەغدا و گەڕی سەردانەکانی لەگەڵ د. بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق دەستپێکرد و دواتر لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکی حکومەتی عێراق کۆبووەوە و پاشان سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد.

سەردانە رانەگەیەندراوەکەی پۆمپیۆ لەمیانی سەردانێکیدابوو بۆ وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە ماوەی دوو رۆژە دەستیپێکردووە.

مایك پۆمپیۆ لەلایەن کۆشکی سپییەوە راسپێردراوە كە گرنگی سیاسەتی ئەمەریكا لە ناوچەكەدا ڕوون بكاتەوە دوای ئەوەی ترەمپ رایگەیاند، هەموو هێزەکانیان لە سوریا دەکشێنێتەوە کە ژمارەیان دوو هەزار سەربازە.

بڕیارەکەی ترەمپ نیگەرانی بەشێک لە بەرپرسانی کۆشکی سپی لێکەوتەوە و هاوکات هەریەکە لە جەیمس ماتیس، وەزیری بەرگری و برێت مەکگۆک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ شەڕی دژی داعش دەستیان لەکارکێشایەوە.

لە رۆژئاوای کوردستانیش نیگەرانی هێزە کوردییەکانی لێکەوتەوە بەتایبەت کە ئەو هێزانە هاوپەیمانی سەرەکی هێزەکانی ئەمەریکا بوون لە شەڕی دژی داعشدا و پێکەوە توانیان رووبەڕێکی فراوانی باکوری سوریا و رۆژهەڵاتی فورات لە دەستی داعش دەربهێنن.

واشنتۆن چەندینجار دووپاتیكردووەتەوە، كە هاوپەیمانە كوردەكانیان پارێزراودەبن سەرەڕای كشانەوەی هێزەكانیان لە سوریا، بەڵام تورکیا هێزە کوردییەکانی رۆژئاوا کە لەلایەن واشنتۆن-ەوە پشتگیری دەكرێت بە دوژمن ناودەبات، و چەندینجاریش رایگەیاندووە، ئۆپەراسیۆن دژی ئەو هێزانە ئەنجامدەدات.

شەشی ئەم مانگە، جۆن بۆڵتن، راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی ئه‌مه‌ریكا  لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا دوای سەردانی بۆ ئیسرائیل رایگەیاند، "کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە رۆژهەڵاتی فورات پەیوەستە بە كۆتاییهێنان بە پاشماوەكانی داعش لەو ناوچەیە و هەروەها دڵنیایی توركیا لە بارەی ئاسایشی شەڕڤانە کوردەکانی سوریا کە هاوپەیمانی ئەمەریکان".

رۆژێک دواتر رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا ئەو لێدوانەی جۆن بۆڵتنی بە "هەڵەیەکی گەورە" ناوبرد و وتی، "لە بڕیاری هێرشکردنەسەر هێزەکانی یەپەگە پاشگەزنابنەوە".

لە وەڵامی پرسیارێكدا كە ئایا هەڵوێستەكەی ئەردۆغان لەبارەی پاراستنی كوردەكانەوە پڕۆسەی كشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا دەخاتە مەترسییەوە پۆمپیۆ وتی، "نەخێر، ئێمە گفتوگۆیان لەگەڵ دەكەین و لە ئێستاشدا باسی چۆنییەتی ئەنجامدانی ئەم پڕۆسەیە دەكەین بە شێوەیەك كە هێزەكانمان پارێزراوبن".

رونیشیکردەوە، "گرنگە ئەوەی لەتواناماندایە بیكەین بۆ گرەنتی پاراستنی ئەو هێزانەی هاوپەیمانن لەگەڵماندا، راستە ئەردۆغان هەڕەشەی کردووە و ئاگادارە چی وتووە".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP