گەنجێکی تورک وەک "قۆڵبڕترین" کەس ناوی چووەتە لیستی داواکراوانی پۆلیسی ئینتەرپۆل

- 1/9/2019 10:56:00 PM 68839 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-ئاکام محەمەد

پۆلیسی ئینتەرپۆل ئاگاداری سوری(red notice)ی بۆ محەمەد ئایدن دەرکردووە، کە گەنجێگی تورکە و لە رێگای ئاپ-ێکی ساختەوە هەزاران کەسی لە تورکیا فریوداوە و ملیۆنان دۆلاری لێ ساندون.

ئایدن بە دواکاری و دەستپێشخەری بەرێوەبەرایەتی گشتی ئاسایشی تورکیا، لەلایەن ئینتەرپۆلەوە ناوی چووە لیستی تاوانبارە گەورەکان و وەک "قۆڵبڕترین" کەس ناوی تۆمار کرا.

ئاسایشی تورکیا دەڵێت"  ئایدن لەرێگەی ئاپ-ێکی مۆبایلەوە فێڵی لە خەڵکی کردووە و بە ناوی بانق و پێدانی قەرز پارەی لێ کۆکردوونەتەوە، پاشان دوای دروستکردنی دەزگایەکی قۆڵبڕیی بەو پارەیەی لێی کۆکردونەتەوە، بانقێکی درۆینەی دروست کردووە و پارەی زیاتری لێ وەرگرتوون".

بەگوێرەی سەرچاوەکانی تورکیا لە مانگی ئابی ٢٠١٦ دا، ئایدن یارییەکی ئەلکترۆنی دروست کردووە، کە تیایدا بەکارهێنەران پارەیان داوە بۆ بەخێوکردنی "مەڕ و ماڵات" و دروستکردنی کێڵگەی پەلەوەری ئەلکترۆنیی لە ناو یاریەکەدا، بەڵینی ئەوەی پێدابوون دواتر پارەکە بەکاردەهێنرێت بۆ دروستکردنی کێڵگەی راستەقینە.

ئەو گەنجە تورکە لە مانگی  ئازاری ساڵی رابردووەوە، دوای کۆکردنوەی زیاتر لە ٥١١ ملیۆن دۆلار بەرەو وڵاتی هەنگاریا هەڵهاتووە.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP