وەزیرێکی پێشوی ئیسرائیل دان بەوەدا دەنێت سیخوڕی بۆ ئێران کردووە

- 1/9/2019 6:07:00 PM 3331 جار خوێندراوەتەوە
EPA/ گۆنێن سێگێڤ، وەزیری پێشوی وزەی ئیسرائیل، وێنەی رۆنێن زڤولون


خەندان-ئاکام محەمەد

ئەمرۆ گۆنێن سێگێڤ، وەزیری وزە و ژێرخانی پێشوی حکومەتی ئیسرائیل دانی بەوەدا نا لەماوەی رابردوودا سیخوڕیی بۆ ئێران کردووە، ئەوەش رووبەڕووی ١١ ساڵ زیندانی دەکاتەوە.

هەرچەندە سیگێڤ دانی بە تاوانەکەیدا ناوە، بەڵام بە پارێزەرە تایبەتەکانی خۆی راگەیاندووە، وستویەتی لەو رێگەیەوە متمانەی ئێرانییەکان بەدەست بهێنێت و " نیازی راستی ئەو یارمەتیدان بووە بۆ ئیسرائیل".

گۆنێن سێگێڤ لە مانگی ئایاری ساڵی رابردوودا لە گینیا و لەسەر داوای حکومەتی ئیسرائیل و لەلایە پۆلیسی ئینتەرپۆڵەوە دەستگیرکرا و  رادەستی ئیسرائیل کرا، ئەوەش دوای ئەوەی بە پاساوی سەردانی پزیشک، چەندین جار سەردانی ئەو وڵاتەی کردبوو، بەڵام بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکان لەوێوە گەشتی بۆ ئێران ئەنجامداوە و بەڵگەی ئەمنی و زانیاری نهێنی حکومەتی ئیسرائیل-ی رادەستی بەرپرسانی ئێران کردووە.

هەر بەگوێرەی لێکۆڵنەوەکانی دەزگای زانیاری ئیسرائیل، پەیوەندییە نهێنییەکانی نێوان سێگێڤ و بەرپرسە ئێرانیەکان لە هاوینی ٢٠١٣ دەستیپێکردووە.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP