سەرچاوەیەکی ئەمنی بۆ خەندان: دۆسیەی ئەمنی کەرکوک رادەستی یەکێتی دەکرێت

- 1/9/2019 5:26:00 PM 91536 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سەرچاوەیەکی ئەمنی ئاگادار لە کەرکوک رایگەیاند، لە داهاتویەکی نزیکدا دۆسیەی ئەمنی پارێزگای کەرکوک رادەستی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دەکرێت لە ژێرچاودێری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکادا.

سەرچاوەیەکی ئەمنی ئاگادار لە کەرکوک ئەمڕۆ چوارشەممە بە خەندان-ی راگەیاند، دۆسیەی ئەمنی پارێزگای کەرکوک رادەستی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دەکرێت و هێزێکی ئەمنی هاوبەشیش لە پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی دیکە دروستدەکرێت، کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا سەرپەرشتی دەکات.

رادەستکردنی دۆسیەی ئەمنی کەرکوک دوای هەڵکردنی ئاڵای کوردستان دێت لە لەلایەن یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە لە کەرکوک کە پێشوازی گەورەی هاوڵاتیانی بەدوای خۆیدا هێنا. 

ئەو سەرچاوەیەی خەندان راشیگەیاند، "رادەستکردنی دۆسیەی ئەمنی کەرکوک بە یەکێتی لە چوارچێوەی رێککەوتنێکدایە و یەکێتی رۆڵی گرنگی دەبێت لەو بوارەدا، ئەوەش بە چاودێری ئەمەریکا".

رونیشیکردەوە، هەموو هێزەکانی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی لە کەرکوک و ناوچەکانی دیکە دەکشێنەوە و ئەو رۆڵەی پێشوویان لێدەسەندرێتەوە کە دوای 16ی ئۆکتۆبەر پێیان سپێردرابوو.

دوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017 و کشانەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لە کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان دۆسیەی ئەمنی ئەو ناوچانە رادەستی حەشدی شەعبی و هێزە عێراقیەکانی دیکە کرا.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP