سەرۆك بەرهەم و مایک پۆمپیۆ دۆخی عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان تاوتوێکرد

- 1/9/2019 4:28:00 PM 3616 جار خوێندراوەتەوە
د. بەرهەم ساڵح و مایک پۆمپیۆ

خەندان-

د. بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق لە کۆشکی سەلام پێشوازیکرد لە مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و دۆخی عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان تاوتوێ کرد.

نوسینگەی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بڵاویکردەوە، د. بەرهەم ساڵح ئەمڕۆ چوار شەممە لە كۆشكی سەلام لە بەغدا پێشوازیکرد له‌ مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا و له‌ کۆبوونه‌وه‌یه‌کدا پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەكانی عیراق و ناوچەكە و په‌یوه‌ندی نێوان عیراق و ئه‌مەریکا گفتوگۆیان له‌باره‌وه‌ کرا.

سەرۆك كۆماری عێراق لە کۆبوونەوەکەدا تەئكیدیکرده‌وه‌، که‌ "ئه‌م ناوچه‌یه‌ پێویستی به‌ گفتوگۆ و لێکگه‌یشتنێکی تازه‌ هه‌یه‌ لە نێوان تەواوی پێكهاتەكان بۆ چەسپاندنی ئاسایش و ئاشتی و نه‌هێشتنی بارگرژیی و چه‌سپاندنی دۆخێکی ئارام که‌ له‌ خزمه‌تی گه‌لانی ئه‌م ناوچه‌یه‌دا بێت به‌گشتی".

سه‌باره‌ت به‌ په‌یوه‌ندی دوو قۆڵی عێراق و ئه‌مەریکا سەرۆك به‌رهه‌م ساڵح ئاماژەی به‌ گرنگی ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ كرد له‌ نێوان هەردوو وڵات، هاوکات پەرەپێدان و پێشخستنیشی له‌ هه‌موو بواره‌کاندا به‌ پێویست زانی به‌ تایبه‌ت بەشداریكردنی ئەمەریكا لە بنیادنانەوەی عێراق و سەرپێخستنەوەی ئابووری و بوژاندنه‌وه‌ی ژێرخانی وڵات و باشترکردنی توانای سه‌ربازی.

هه‌روه‌ها سه‌رۆک کۆمار بە بایەخەوە باسی لەو پشتیوانییە كرد، كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە رووی سیاسی و ئەمنیەوە لە عێراقی کردووە، بەتایبەت لە جەنگی دژ بە تیرۆر و سەركەوتن بەسەر گروپی تیرۆرستی داعشدا.

لایخۆیەوە مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا سوربوونی وڵاتەكەی دووپاتكردەوە بۆ هێشتنەوە و به‌هێزکردنی پەیوەندییەكی تایبەت لەگەڵ عێراق لە هه‌موو ئاستەكاندا، هه‌ڵوێستی نه‌گۆڕی وڵاته‌که‌شی بۆ بەگژاچونەوەی داعش و مه‌ترسی  تیرۆرستان به‌ گشتی لە عێراق و تەواوی ناوچەكە دووپاتکرده‌وه‌.

پۆمپیۆ روونیشكردەوە، ئەمەریكا، عێراق بە هاوبەشێكی گرنگ و ستراتیژی دەزانێت لە زۆربەی بوارەكانی سیاسی و ئابووری و ئەمنی.

سه‌باره‌ت به‌ بواری ئابووری و بازرگانیش وەزیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مەریکا ئاماده‌ی وڵاته‌که‌ی دەربڕی بۆ بەشداریكردن لە وەبەرهێنان و پرۆسەی بنیادنانەوەی عێراق و بەتایبەتیش شارە تازه‌ ئازاد كراوەكان.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP