خامنەیی: سزاكانی ئەمەریكا کاریگەری نەرێنی دەخاتە سەر گەلی ئێران

- 1/9/2019 3:56:00 PM 2858 جار خوێندراوەتەوە

خەندان- شادان عەلی

رێبەری باڵای شۆڕشی کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند، سزاكانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریكا کاریگەری نەرێنی دەخەنە سەر حکومەت و گەلی ئێران. 

بەپێی ئاژانسی رۆیتەرز، ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای شۆڕشی کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاندووە، سزاكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا کە سەپاندوویەتی بەسەر گەلی ئێراندا کاریگەری نەرێنی دروستدەکات لەسەر حکومەت و گەلەکەی.

ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەمەریكییەكان زۆر بەخۆشحاڵییەوە دەڵێن ئەو سزایانەی بەسەر ئێراندا سەپێندراون بێوێنەن لە مێژوودا، ڕاستە بێوێنەن، به‌ڵام ئەو شكستەش كە ڕووبەڕووی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا دەبێتەوە لە داهاتوودا بێوێنە دەبێت پشت بەخوا".

7ی مانگی تەمووزی ساڵی 2018 دۆناڵد ترەمپ، بڕیارێكی سەرۆكایەتی واژۆكرد بۆ سەپاندنەوەی سزاكانی وڵاتەكەی بەسەر ئێراندا، بەپێی بڕیارەكە سزاكەی ئەمەریكا بە دوو قۆناغ بەسەر كۆماری ئیسلامی ئێراندا جێبەجێ کرا.

بەپـێی بڕیارەكەی ترەمپ قۆناغی یەكەمی سزاكانی ئەمەریكا لە مانگی تەمووزی هەمان ساڵەوە دەستیپێكرد، كە سزا خرایە سەر بازاڕی دراوی ئێران و قەدەغەش خرایە سەر بازرگانیكردن بە ئاڵتون و كانزاكانی دیكە لەگەڵ ئێراندا، لەوکاتەوە رێگە نادرێت هیچ تەكنەلۆژیایەكی پەیوەست بە كەرتی پـیشەسازی و دروستكردنی ئۆتۆمبیل بە ئێران بدرێت.

هاوكات قۆناغی دووەمی سزاكان لە 5ی مانگی 11ی 2018 دەستیپێکرد، و قەدەغە خرایەسەر هەناردەی نەوتی ئێران و ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە ڕێگەی بەندەرەكانی ئێرانەوە، هاوکات ژمارەیەکی زۆر لە کۆمپانیاکانی بازرگانی لە ئێران کشانەوە.

نیشانەکردن :

#ئه‌مه‌ریكا #ئێران

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP