داوای ناردنی هێزی زیاتر لە بەغداوە دەکات
راکان سەعید: هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لەسەر بارەگای یەکێتی موزایەدەی سیاسییە

- 1/9/2019 10:05:00 AM 16629 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

پارێزگاری کەرکوک بە وەکالەت رایگەیاند، هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لەسەر بارەگای یەکێتی لە کەرکوک موزایەدەی سیاسییە و هاوکات داوا دەکات لە بەغداوە هێزی زیاتر رەوانەی شارەکە بکرێت. 

شەوی رابردوو مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ئاڵای کوردستانی لەسەر بارەگاکەی لە شاری کەرکوک هەڵکرد و رایگەیاند، "کەرکوک کە ناوچەی جێناکۆکە و بەپێی دەستوری عێراق هیچ رێگرییەکی یاسایی بۆ هەڵنەکردنی ئاڵای کوردستان نییە".

راکان سەعید، پارێزگاری کەرکوک بە وەکالەت ئەمڕۆ چوارشەممە لە راگەیەندراوێکدا هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە لایەن یەکێتییەوە لە کەرکوک بە "هاندانی تیرۆر و نەفس نزمەکان و کارێکی نابەرپرسیارانە ناوبرد و داوا لە فەرماندەیی هێزە چەکدارەکان و سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکات بەپەلە ئەم رەوشە نەهێڵن".

ئاماژەی بەوەشکردووە، "داواکارین لە خەڵکی خۆشەویستی کەرکوک بە هەموو پێکهاتەکانییانەوە دوای موزایەدەی سیاسی نەکەون کە گرنگیی بە ئاسایشی هاوڵاتیان و خزمەتکردنیان و سەقامگیرییان نادەن و هەوڵی نانەوەی ئاشوبی دەدەن".

پارێزگاری کەرکوک هەروەها داوا لە بەپرسانی یەکێتی دەکات ئاڵای کوردستان لەسەر بارەگای حیزبەکەیان لە کەرکوک داگرنە خوارەوە بۆ پاراستنی ئاسایش و دەڵێت، "ئەوەی روویداوە و خوانەخواستە روودەدات لە ئەستۆی ئەوانە".

رونیشیکردەوە، داوای لە هێزە ئەمنییەکان کردووە رەوشەکە وەک جاران لێبکەنەوە و هەر پێشێلکارییەکی یاسا و دەستوور و بڕیارەکانی پەرلەمان و دادگای کارگێڕیی پەیوەندیدار، نەهێڵن.

نیشانەکردن :

#یەکێتی #کەرکوک

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP