رێککەوتنێکى نهێنى لەنێوان عادل عەبدولمەهدى و هەرێمى کوردستان ئاشکرا دەبێت

- 1/8/2019 6:24:00 PM 121434 جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان- 

ئەندامێکى پەرلەمانى عێراق رایگەیاند: رێککەوتنى نهێنى کراوە لەنێوان بەغداد و هەرێم بۆ زیادکردنى پشکى هەرێم لە بودجەداو بەشێک لە ئەندامانى لیژنەى دارایی هۆشدارییان داوە ئەگەر هەرێم نەوت رادەستى بەغداد نەکات ئەوا رێگە نادەن عادل عەبدولمەهدى هیچ پارەیەک بۆ هەرێم بنێرێت.

ئەحمەد حاجى رەشید ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە پەیجى تایبەتى خۆى لە تۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبووک نوسیویەتى: "شەوی رابوردوو یەکەم کۆبوونەوەی لیژنەی دارایی پەرلەمان دەستی پێکرد و ئەمڕۆش هەرچەندە کۆبوونەوەی پەرلەمان نەتوانرا رێژەی یاسایی تەواو بکات، بەڵام لیژنەی دارایی بەردەوام بوو لە کۆبوونەوەکانی و تیایدا باس لە پلانی دابەشکردنی کارەکانی پرۆژە یاسای بودجکرا و هەشت وەزارەت و دەستە دیارییکران کە دانیشتنیان لەگەڵ بکرێت و لە سبەینیوە دوو وەزارەت میوانداری دەکەین.
ئەگەر هەرێم نەوت رادەست نەکات رێگە نادرێت عادل عەبدولمەهدى هیچ پارەیەک بنێرێت

ئەحمەد حاجى رەشید ئاشکراى کردووە، لە کۆبوونەوەی شەوی رابوردو باس لە رێککەوتنی نێوان هەرێم و عادل عەبدولمهدی کرا بە نهێنی و چەند ئەندامێک دڵنیاییاندا کە ئەو رێککەوتنە کراوە کەوا هەرێم نەوتی خۆی دەفرۆشێت و بەنیازیشە بەغداد مانگانە زیاتر لە 454 ملیار بۆ موچەی فەرمانبەران وەرگرێت و 67 ملیاریش بۆ پێشمەرگە بنێرێت.

لە درێژەى نوسینەکەیدا ئەو پەرلەمانتارە هۆشدارى ئەو ئەندامانەى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراقى بڵاوکردۆتەوەو رایگەیاندووە، لەئێستاوە باس لەوە دەکەن کەهەرێم ئەگەر نەوت رادەست نەکات رێگە نادرێت عادل عەبدولمەهدى هیچ پارەیەک بنێرێت بۆ هەریم و ئەوەش بۆ هەریمی کوردستان زۆر قورس دەبێت لە حاڵەتی دابەزینی نەوتدا.

ئەو پەرلەمانتارە کوردە راشیگەیاندووە کە ئەگەر ئەو بابەتە بەکەوێتە ناو دەزگا راگەیاندنەکانەوە عادل عەبدولمەهدى دووچارى لێپرسینەوە دەبێتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش داواى کردووە هەرێمى کوردستان بە وردى دراسەى ئەو بابەتەى کردبێت.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP