چى بە پارێزگارى سلێمانى وتووە؟
پیاوە دەروون پەشێوە بەناوبانگەکەى سلێمانى لە نەخۆشخانەیە

- 1/7/2019 9:24:00 PM 77567 جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

لەئێستادا کاکە حەمەى دەروون پەشێو کە بەهۆى قسە خۆشەکانییەوە خەڵکێکى زۆرى سلێمانى دەیناسن و خۆشیان دەوێت لە نەخۆشخانە لەژێر چاودێرى پزیشکیدایە، لە سەردانێکیشیدا بۆلاى پارێزگاى سلێمانى لێى پرسیوە سلێمانیت خۆش دەوێت ئەویش لە وەڵامدا وتویەتى ئەى بۆ هەم؟

محەمەد کە لەخۆشەویستیدا خەڵکی ناوی دەبەن بە حەمە "بێنامووس" ھەر بەو ناوەش ناوبانگى دەرکردووە و یەکێکە لە پیاوە دەرونپەشێوە بێنەواکانى شارى سلێمانى، کەسێکە بەردەوام دەجوڵێت و خەڵکى زۆر هاوکارى دەکەن و زۆرجار لە رێگەوبان و شەقامەکانى شارى سلێمانى رایدەگرن و دەیدوێنن لەپێناو ئەوەى کەمێک خەندە بخاتە سەر لێوانیان، زۆربەى کات لە شەقامەکانى نزیک پارکى ئازادى و مەولەوى و گۆران و نزیک مزگەوتى گەورە دەبنرێت، هەندێک کات رادەمێنێت و بە تێڕوانینەکانى هەست دەکرێت چۆتە قوڵایی ئەو بابەتانەى دەروونى پەی پێ دەبات.

بە وتەى سەرچاوەیەکى ئاگادار لەئێستادا بەهۆى تێکچوونى بارى تەندروستییەوە کاکە حەمە لە نەخۆشخانەى شار لەژێر چاودێرى وردى پزیشکیدایە و نەشتەرگەرى بۆ ئەنجامدراوە .

ئەمڕۆ پارێزگارى سلێمانى سەردانى کردووەو لە نزیکەوە لە هەواڵى تەندروستى پرسیوە، هەڤاڵ ئەبوبەکر وەک خۆى دەیگێڕێتەوە، لێى پرسیوە کاکە حەمە سلێمانیت خۆش دەوێت؟ ئەویش لە وەڵامدا وتویەتى ئەى بۆ هەم؟

لەساڵانى رابردوودا هونەرمەند زاهیر جەلال کە لە فیلمى "تالەى نەگبەت" رۆڵى سەرەکى دەگێڕا، بە شێوازى کاکە حەمەى دەروون پەشێو قسەى دەکردو فیلمەکە یەکێک بوو لە فیلمە کۆمیدییە جوانەکان و بینەرێکى زۆرى هەبوو.

لە شارى سلێمانى چەندین مرۆڤى دەروون پەشێو بوونیان هەیەو رۆژانە هاووڵاتیان هاوکارییان دەکەن و زۆرجار جل و بەرگ و خواردن و خواردنەوەیان بۆ دابین دەکەن.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP