لەسەر پرسى کورد، تورکیا وەڵامى ئەمریکا دەداتەوە

- 1/6/2019 7:19:00 PM 34814 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، ئیبراھیم کاڵن وەڵامی راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئه‌مریكاى دایەوەو رایگەیاند: پروپاگەندەى کردنە ئامانجى کوردەکانى سوریا لەلایەن تورکیاوە بێبنەمایە.

جۆن بۆڵتن، راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی ئه‌مه‌ریكا ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە ئیسرائیل رایگەیاند، "کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە رۆژهەڵاتی فورات پەیوەستە بە كۆتاییهێنان بە پاشماوەكانی داعش لەو ناوچەیە و هەروەها دڵنیایی توركیا لە بارەی ئاسایشی شەڕڤانە کوردەکانی سوریا کە هاوپەیمانی ئەمەریکان"، ئەوان گه‌ره‌نتی له‌ توركیا وه‌رده‌گرن و نایانه‌وێت دوای کشانەوەی هێزەکانیان توركیا ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە ناوچەکەدا ئەنجامبدات و پێویسته‌ له‌و باره‌یه‌وه‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ واشنتۆن بكه‌ن.

لەبەرامبەردا وتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، ئیبراھیم کاڵن راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا جەختی لەوە کردەوە کە ئامانجی تورکیا لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بریتییە لە پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی و دەستەبەرکردنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا. 

بە وتەى کاڵن، ئامانجی تورکیا لەناوبردنی گشت رێکخراوە تیرۆریستییەکانە لە سووریا و پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سووریا و پاراستنی گیانی خەڵکی سڤیل و دەستەبەرکردنی ئەو مەرجانەیە کە پێویستن بۆ دووبارە گەڕانەوەی خەڵکی سڤیل بۆ سووریا، "پەیەدە/ یەپەگە" کە لە ژێر ناوی بەرەنگاربوونەوەی داعش جوڵە دەکەن، باڵی رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکەیە لە سووریا و نوێنەرایەتی کوردەکانی سووریا ناکات". 

وتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا راشیگەیاندووە: پروپاگەندەى کردنە ئامانجى کوردەکانى سوریا لەلایەن تورکیاوە بێبنەمایە. ئامانجی تورکیا پاراستنی ئەو کوردانەیە کە سەر بە پەکەکە/پەیەدە/یەپەگە نین و رووبەڕووی ستەم دەبنەوە. 

ئەم وتانەى وتەبێژى سەرۆکایەتى کۆمارى تورکیا لەکاتێکدایە کە هەتا ئێستا لەلایەن پەیەدەوە هیچ هێرشێکى سەربازى لەنێو خاکى سوریاوە نەکراوەتە سەر تورکیا، بەڵام تورکیا بەردەوام هێرش دەکاتە سەر هێزە کوردییەکانى رۆژئاڤا و بەتیرۆریست و بەشێک لە پەکەکە ناویان دەبات.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP