تورکیا؛ کوشتنی مامۆستایەکی زانکۆ نارەزایی فراوانی بەدوای خۆیدا هێنا

- 1/5/2019 8:07:00 PM 24082 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-ئاکام محەمەد

کوشتنی مامۆستایەکی زانکۆ بەهۆی"ئاشکراکردنی خوێندکارێک لە کاتی گزی تاقیکردنەوەکان" لە زانکۆی چاناکایای تورکیا نارەزایی گشتی بەدوای خۆیدا هێنا.

بەپێی میدیای تورکیا، جێرەن دامار مامۆستای زانکۆ و یاریدەدەری توێژەر لە بەشی یاسایە لە زانکۆی چاناکایا، خوێندکارێک هەڵیکوتاوەتە سەر ئۆفیسەکەی و دوای لێدانێکی زۆر دوو گولـلەی پێوەناوە و کوشتویەتی.

سەبارەت بە هۆکاری ئەو هێرشەی خوێندکارەکە، سەرچاوەکانی هەواڵی تورکیا رایانگەیاندووە، "بەهۆی ئەوە بووە لە کاتی ئەنجامدانی تاقیکردنەوە وەرزییەکاندا گزی کردووە و ئەو مامۆستایەش رێگەی لێگرتووە و ئاشکرای کردووە".

دوابەدوای روداوەکەش، خەلیل ئیسماعیل حیکمەت، بکوژی دامار لە لایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراوە و دانی بە تاوانەکەدا ناوە و وتویەتی" ناچاربووم گزی بکەم و دوای ئاشکرابوونم داوام لێکردوە سکاڵاکەی هەڵبوەشێنێتەوە، بەڵام رەتیکردووەتەوە و منیش بە دەمانچەکەی باوکم کوشتومە".

ئەو روداوە نارەزایی بەرفراوانی بەدوای خۆیدا هێناوە و چەندین رێکخراوی چالاکوانانی مەدەنی و سەنتەری پەروەدەیی تورکیا خۆپیشاندانی نارەزاییان ئەنجامدا، ئەوەش بەهۆی ئەوەی لە ماوەی چەند مانگی رابدوودا توندوتیژی لەلایەن خوێندکارانی زانکۆ دژی مامۆستایان زیادیکردووە.

وەزارەتی ناوخۆی تورکیا بە هەماهەنگی لەگەل ئەنجومەنی خوێندنی باڵا لیژنەیەکی هاوبەشیان پێکهێناوە بۆ بەدواداچونی هۆکارەکانی زیادبوونی توندوتیژی لە زانکۆکان و پێدانی رۆشنبیری بە خوێندکاران و بنەبەڕکردنی ئەو حاڵەتانە.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP