کۆمەڵی ئیسلامی داوای کۆتاییھێنان بەشەڕی کۆنەقین و پشتیوانی سەرۆک به‌رهه‌م ساڵح دەکات

- 1/4/2019 11:13:00 PM 101348 جار خوێندراوەتەوە
د. به‌رهه‌م ساڵح

خه‌ندان-

دوای‌ پرسی‌ ڕیفراندۆم و تێكچوونی‌ په‌یوه‌ندیه‌كانی‌ هه‌ولێرو به‌غدا، له‌ ئێستادا و دوای‌ وه‌رگرتنه‌وه‌ی‌ پۆستی‌ سه‌رۆك كۆماری‌ عێراق له‌لایه‌ن كه‌سایه‌تیه‌كی‌ سیاسی‌ و دیپلۆماسی‌ و ناسراو له‌ ناوخۆ و ناوچه‌كه‌و جیهاندا، ئێستا ده‌رفه‌تێكی گه‌وره‌ له‌به‌رده‌م هه‌رێمی كوردستاندایه‌ كه‌ كێشه‌كانی له‌گه‌ڵ به‌غدا چاره‌سه‌ربكات.

ئه‌و كه‌سه‌ی 3ی مانگی 10ی ساڵی 2018 به‌ده‌نگی 219 په‌رله‌مانتاری عێراق و  به‌ جیاوازییه‌كی ئێجگار زۆر له‌ پێش ركابه‌ره‌كه‌یه‌وه‌ كه‌ نوێنه‌ری فه‌رمی مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان بوو، بووه‌ سه‌رۆك كۆماری عێراق، ئه‌و كه‌سه‌ د. به‌رهه‌م ساڵح-ه‌.

دوای هه‌ڵبژاردنی د. به‌رهه‌م به‌ سه‌رۆك كۆمار وڵاتانی دراوسێ و ناوچه‌كه‌و ئه‌وروپا و جیهان نامه‌ی پیرۆزبایی و بانگهێشتنامه‌ فه‌رمییان پێگه‌یاند تاوه‌كو سه‌ردانی وڵاته‌كه‌یان بكات، هاوكات هه‌ڵبژاردنی ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ی كوردیان به‌ سه‌رۆك كۆماری عێراق به‌ هه‌نگاوێكی گرنگی عێراق ناوبرد كه‌ دوای كۆتایی هاتنی داعش نای.

كه‌ناڵی ئاسمانی په‌یام كه‌ زمانحاڵی كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستانه‌ له‌ راپۆرتێكی شیكاریدا بڵاویكرده‌وه‌، "ئێستا ده‌رفه‌تێكی‌ گونجاوه‌ بۆ هێزه‌ سیاسیه‌كانی‌ هه‌رێم كه‌ هه‌م چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌كانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم له‌گه‌ڵ حكومه‌تی‌ ناوه‌ندا بكه‌ن، هاوکات بە چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌كانی‌ نه‌وت و غاز له‌گه‌ڵ به‌غدا كۆتایی به‌قه‌یرانی‌ دارایی هه‌رێم بهێنن".

ئێستا ده‌رفه‌تێكی‌ گونجاوه‌ بۆ هێزه‌ سیاسیه‌كانی‌ هه‌رێم كه‌ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌كانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم و ناوه‌ند بكه‌ن

له‌ راپۆرته‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌، دوای مامجه‌لال تاڵه‌بانی، سه‌رۆك كۆماری پێشووتری عێراق د. به‌رهه‌م ساڵح خاوه‌نی كه‌سایه‌تییه‌كی كاریگه‌ر و فراوانه‌ و له‌لای زۆربه‌ی هێزه‌ عێراقی و ناوچه‌یی و ته‌نانه‌ت له‌ ئاستی جیهانیشدا پشتگیری ده‌كرێت و له‌سه‌ر ئاستی شه‌قامی عێراقیش تا ئاستێكی گه‌وره‌ ویستراو و گوێلێگیراوه‌.

د. به‌رهه‌م ساڵح خاوه‌نی كه‌سایه‌تییه‌كی كاریگه‌ر و فراوانه‌ له‌ ئاستی جیهاندا

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو، پشتیوانی هێزه‌ سیاسیه‌كان و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی هه‌رێمی كوردستان و به‌كارهێنانی كه‌سایه‌تی سیاسی و پۆستی سه‌رۆك كۆماری ئێستای عێراق واده‌كات ده‌رگایه‌كی گه‌وره‌ به‌رووی چاره‌سه‌ری كێشه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا بكاته‌وه‌ و باری هه‌رێمی كوردستان له‌و لاسه‌نگ و لارییه‌ رزگاربكات كه‌ ناكۆكی و ململانێ و رقی شه‌خسی و عه‌قڵیه‌تی حزبی و پڕۆسه‌ی تاڵانكردنی نه‌وت و غازی به‌شێك له‌سه‌رانی كورد له‌گه‌ڵ به‌غدا به‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستاندا هێناوییه‌تی.

شاره‌زایانی سیاسی پێیانوایه‌ كورد هاوشێوه‌ی سه‌رده‌می تاڵه‌بانی ده‌توانێت كۆشكی سه‌لام له‌ به‌غدا و پێگه‌ی به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح وه‌ك سه‌رۆك كۆماری عێراق بكاته‌ میحوه‌ری هێزه‌ سیاسیه‌ عێراقییه‌كان له‌ ده‌وری پڕۆژه‌یه‌كی ستراتیژی نیشتیمانیانه‌ بۆ چاره‌سه‌ر ئه‌و كێشانه‌ی له‌ دوای رووخانی رژێمی به‌عسه‌وه‌ و به‌درێژایی 18 ساڵی رابردوو كه‌وتووه‌ته‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی ناوه‌ند، ئه‌ویش ته‌نها یه‌ك رێگای هه‌یه‌ یه‌كده‌نگی هێزه‌ سیاسیه‌ كوردییه‌كانه‌ له‌ پشتیوانیكردنی سه‌رۆك كۆمار و ده‌ستبه‌رداربوونیان له‌ شه‌ڕی كۆنه‌قین.

هه‌رێم یه‌ك رێگای له‌به‌رده‌مدایه‌ ئه‌ویش پشتیوانیكردنی سه‌رۆك كۆمار و ده‌ستبه‌رداربوونیانه‌ له‌ شه‌ڕی كۆنه‌قین

له‌ راپۆرته‌كه‌ی كه‌ناڵی په‌یامدا هاتووه‌، "پێده‌چێت هێزه‌ سیاسیه‌كات عیبره‌تیان له‌ هه‌ره‌س و شكست و لوتبه‌رزی و سه‌ركێشی و په‌نجه‌ راوه‌شاندنه‌كانی به‌ر له‌ ریفراندۆم وه‌رنه‌گرتبێت، كه‌ هه‌موو سیاسه‌ت و ستراتیژی و چاره‌نوسی میلله‌تێكیان خستووه‌ته‌سه‌ر مێزی ده‌ستشكاندنه‌وه‌ی بردنه‌وه‌ و دۆڕاندنی كورسییه‌كه‌ی سه‌رۆك كۆماری عێراق و پۆشتی وه‌زاره‌تێك له‌ حكومه‌تی ناوه‌ند".

پێده‌چێت هێزه‌ سیاسیه‌كات عیبره‌تیان له‌ هه‌ره‌س و شكست و لوتبه‌رزی و سه‌ركێشی و په‌نجه‌ راوه‌شاندنه‌كانی به‌ر له‌ ریفراندۆم وه‌رنه‌گرتبێت

نوسه‌ری راپۆرته‌كه‌ نوسیوویه‌تی، "ئه‌گه‌ر هاوڵاتییه‌كه‌ به‌ كه‌سێكی ئه‌وروپی بڵێت سه‌رۆك كۆماری عێراق هاوڵاتییه‌كی كورده‌ و سه‌ركرده‌یه‌كی سیاسی كوردییه‌ بۆی هه‌یه‌ سه‌ردانی هه‌موو دونیابكات جگه‌ له‌ هه‌ولێر ئه‌بێت كاردانه‌وه‌ی ئه‌و هاوڵاتییه‌ ئه‌وروپییه‌ چۆن بێت و كورد و هه‌رێمی كوردستانی وه‌ك چی بێته‌به‌رچاو، ئه‌مه‌ وێنه‌یه‌كی بچوككراوه‌ی ئه‌و په‌رته‌وازه‌یی و هه‌ژارییه‌ی سه‌رانی كورده‌ كه‌ ئاماده‌ن سه‌ربۆ هه‌ربێگه‌نایه‌ك دانه‌وێنن، به‌ڵام مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ یه‌كتر و  سازشكردن بۆ یه‌ك به‌ عه‌یبه‌و دۆڕان ده‌زانن.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP