له‌ڕێگه‌ى خه‌ندانه‌وه‌ داواى به‌هاناوه‌چوون ده‌کات
به‌ڤیدیۆ : خوێن له‌ چاو و لوت و گوێچکه‌یه‌وه‌ دێت

- 1/4/2019 8:50:00 PM 24705 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

دیلان نازمی تەمەن ٢٨ ساڵ بەدەست نەخۆشییەکی دەگمەنەوە دەناڵێنێت کە لە کوردستان چارەسەری نییە و هاوسەرەکەشی دەڵێت"پێیان وتووە لە ئەڵمانیا چارەسەری هەیە، پارەشیان نییه‌ بیبەنە ده‌ره‌وه‌ى وڵات بۆ چاره‌سه‌ر، پزیشکێکی پسپۆڕیش دەڵێت "ئەو نەخۆشییە لە جیهاندا چارەسەری نییە".

رێبین ئەنوەر، هاوسەری دیلان بۆ خەندان قسەیکردو وتی، دیلان پێشتر بە دوو مانگ جارێک لە لوتیەوە خوێن دەهات، بەڵام ئێستا بۆ ماوەی دوو ساڵ دەبێت خوێن لە لە لوت و چاو و گوێ و دەمیەوە دێت و بە چارەکێک زیاتر خوێنبەربوونەکەی ناوەستێتەوە و کاتیشی بۆ نییە زوو زوو وای لێدێت.

ئەو، بە پەرۆشییەکی زۆرەوە بۆ خێزانەکەی بەردەوام بوو لە قسەکردن بۆ خەندان و وتی،"دکتۆر نەماوە من نەیبەم بۆ لای بۆ چارەسەر، بەڵام تا ئێستا پزیشکەکان ناوی نەخۆشییەکەشیان پێنەوتوم، تەنانەت بردمە ئێرانیش لەوێش هیچ چارەسەرێکی نەبوو هیچیان پێنەوتم".

رێبین، مانگی چوار جار خێزانەکەی دەباتە نەخۆشخانەی نانەکەلی، بتڵێک ئاوی تێدەکەن و دەرزییەکی بۆدەکەن و پێی دەڵین بیبەنەوە، بێئەوەی ئاماژە بە جۆری نەخۆشییەکەی بدەن.

دیلان هاوسەرگیری کردووە و خاوەنی کوڕ و کچێکی تەمەن سێ ساڵ و پێنج ساڵە خێزانه‌که‌ى دیلان باریی داراییان زۆر باش نییە و کرێچین.
 
"ئەو کاتانەی کە تووشی خوێن بەربوون دەبێت هیچ ئازارێکی نییە، بەڵام دواتر بێهێز دەبێت تووشی سەرئێشەیەکی بەهێز دەبێت و چاوی شین و مۆر دەبێتەوە وەک ئەوە وایە کەسێک لێیدابێت، حاڵی زۆر خراپە و زۆر پێی بێتاقەت دەبێت" رێبین هاوسەری دیلان وای وت.

رێبین، بە بێتاقەتییەوە وتی؛" زۆربەی کات دەرمان بە قەرز دەکڕم، چەند رۆژێک پێش ئێستا یەک دەرزیم بۆکڕیوە بە ٨٠ هەزار دینار بە قەرز، بۆیە ناتوانم بەردەوام بم لە کڕینی ئەو دەرمانانە".

هاوسەرەکەی دیلان داوا دەکات و دەڵێت"داوکارم لە هەرکەسێک کە ئەم هەواڵە دەخوێنێتەوە هاوکارمان بێت ئەگەر توانای هەیە لە دابینکردنی خەرجی نەخۆشییەکەی بۆ دەرەوەی وڵات، چونکە ژیانی دیلان زۆر ناڕەحەتە و خۆشمان توانای ئەوەمان نییە بیبەینە دەرەوە".

"من نەمدەویست لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک پۆستی بکەم، بەڵام چارم نەما، بۆیە پۆستم کرد من داوای هیچ ناکەم تەنها داوای بڕێک پارە دەکەم بۆ چارەسەری خێزانم کە بارودۆخی خراپە، ئەوە وەزعیی منە کە دووساڵە ناڵە ناڵمە کە تائیستا هیچ پزیشکێک نازانێت نەخۆشیەکەی دیلان چییە؟ هاوسەری دیلان وای وت.

رێبین دەڵێت،" ئازان پارە بۆ پرۆژەی شاجوان و ئاهەنگی سەری ساڵ دابینبکەن، بەڵام من کە کوڕی شەهیدم تا ئێستا چەندینجار هانام بۆ چەند شوێنێک بردووە کەس ئاوڕی لێنەداومەتەوە". 

پزیشکەکەی دیلان کە پسپۆڕی نەخۆشییەکانی شێرپەنجەی خوێن و لیمفە گرێکانە و لە نەخۆشخانەی نانەکەلی، سەبارەت بە نەخۆشیەکەی وتی؛ ئەو نەخۆشیەی دیلان نەخۆشییەکی دەگمەنە و لە جیهاندا چەند کەسێک کە بە پەنجەی دەست دەژمێردرێن  تووشی ئەو نەخۆشییە دەبن و کە پێی دەڵێن (haemolacria).

محەمەد زاهیر، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی شێرپەنجەی خوێن و لیمفە گرێکانە بە خەندان-ی وت، ئەو نەخۆشییە لە هیچ وڵاتێک چارەسەری نییە، بەڵکو تەنها چەند دەرمانێکی پێدەدرێت بۆ کەمکردنەوەی رێژەی خوێنبەربوونەکە و کەمکردنەوەی ئازارەکەی.

ئەو پزیشکە وتیشی، "نازاندرێت ئەو نەخۆشییە هۆکارەکەی چییە، تەنانەت پزیشکێکی ئەڵمانی لە نانەکەلی وتی، ئێوە لێرە چیی بۆ ئەو نەخۆشە دەکەن منیش هەرئەوەی بۆ دەکەم لە وڵاتی ئەڵمانیا".

محەمەد زاهیر باسلەوەشکرد، ئەو نەخۆشییە رەنگە شەش مانگ بۆ ساڵێک یان نۆ ساڵ بۆ ١٠ ساڵ بخایەنێت، بەڵام دوای ئەوە نامێنێت و ئەوکاتەی کەسەکە پێویستی بە خوێن بوو خوێنی تێدەکەن.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP