خەندان زانیاری نوێ لەسەر دابەشكردنی پارەی کارمەندانی کۆمسیۆنی هەرێم دەخاتەڕوو

- 1/4/2019 2:43:00 PM 45832 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-
زیاتر لە سێ مانگە هەڵبژاردنەکانی هەرێم ئەنجامدراون، بەڵام تا ئێستا پارەی کارمەندانی کۆمسیۆن دابەشنەکراوە، بەڕێوەبەری گشتی دارایی کۆمسیۆنی هەرێمیش دەڵێت، "هەوڵی جددی دەدەن بۆئەوەی لەم مانگەدا دابەشیبکەن".

زەدەشت مەلا حەسەن، بەڕێوبەری گشتی دارایی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بە خەندان-ی راگەیاند، "نووسینگەی کۆمسیۆنی شارەکان تەواوبوون لە وردبینیکردنی ناوەکان و لەم هەفتەیەدا دەینێرنەوە بۆ کۆمسیۆن، ئێمەش لای خۆمان نموونەیەک وەردەگرین، وردبینی بۆدەکەین، ئەگەر کێشەی نەبوو، دەیدەینە ئەنجومەنی کۆمسیاران بۆئەوەی بڕیار لەسەر خەرجکردنی پارەکە بدەن".

بەڕێوبەری گشتی دارایی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان وتیشی، "پێشتریش نووسینگەی کۆمسیۆنی شارەکانی هەرێم وردبینیان کردبوو، بەڵام کێشەی تێدابوو، بۆیە دووبارە گەڕاندمانەوە بۆ وردبینیکردن، بەڵام ئەمجارە پێناچێت کێشەی هەبێت، چونکە خۆمان سەردانی شوێنەکانمان کردووە لە کاتی وردبینیکردنەکەدا.

دەشڵێت، ئەم هەفتەیە دوا مۆڵەتە، بۆئەوەی وردبینکردنی ناوەکان تەواوببێت و ئەوان هەوڵی جدی دەدەن، بۆئەوەی لەم مانگەدا پارەکە دابەشبکرێت.

رۆژی 30 ی ئەیلول هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدرا و کۆمسیۆنیش زیاتر لە ٤٢ هەزار کارمەندی بۆئەنجامدانی ئەو پرۆسەیە بۆ ئەو رۆژە بە شێوەی گرێبەست دامەزراند.


نیشانەکردن :

#كۆمسیۆن

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP