خوێندنەوەیەکى شیکاریی زمانى جەستە لەسەر سەردانەکەى سەرۆککۆمارى عێراق بۆ تورکیا

- 1/4/2019 12:58:00 PM 88997 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-بڕیار جەلال

کاتێک کۆبوونەوەیەکى لوتکە لەنێوان دوو دەوڵەت ئەنجام دەدرێت، بەدەر لەو بابەتانەى لە کۆبوونەوەکاندا گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت، شێوازى هەڵسوکەوت و رەفتارو جوڵەو ئاماژە جەستەییەکان دەبنە جێگەى بایەخى دانیشتوانى هەردوو وڵات، بە جۆرێک دانیشتوانى هەر وڵاتێک خۆشحاڵ دەبن بەوەى بەرپرسانى وڵاتەکەیان تەواو ئارامگیریی و زاڵبوونى پێوەدیار بێت وەک ئاماژەیەک بۆ بەهێزى وڵاتەکەى، سەردانەکەى سەرۆککۆمارى عێراق بۆ تورکیا و کۆبوونەوەکانى لەگەڵ بەرپرسانى ئەو وڵاتە دەکرێت وەک نموونەیەکى زیندووى ئێستاى عێراق و جیاوازى لەگەڵ بەشێک لە سەردانەکانى رابردووى سەرۆکەکانى ترى عێراق بخەینەروو.

زمانى جەستە یەکێکە لەو رێگایانەى شارەزایان و دەروون ناسان دەتوانن پەیامە شاراوەکانى ناخى کەسى بەرامبەرى پێ بخوێننەوە، جا ئەو کەسە ئاسایی بێت، یاخود کەسێکى سیاسى، کاتێک هەڵسوکەوت و جوڵە دەرەکییەکانى ئەنجام دەدات، دەکرێت لە رێگەى ئاماژە جەستەییەکانى بەشێک لە بۆچوونە ناواخنەییەکانى بکاتە تەواوکەرى قسەکانى.

 

ئەگەر بە وردى سەرنج بدەینە سەردانەکەى ئەم دواییەى سەرۆککۆمارى عێراق بۆ تورکیا و کۆبوونەوەکانى لەگەڵ گەورە بەرپرسانى ئەو وڵاتە، دەتوانین بگەینە ئەو راستییەى کە سەرۆک بەرهەم ساڵح زۆر بە دڵنیایی و بەبێ هیچ هەستکردنێک بە ناسەقامگیرى و دڵەراوکێى و بەوپەڕى متمانە بەخۆبوونەوە سەردان و کۆبوونەوەکانى ئەنجامداوەو لە وێنەکانیدا دەردەکەوێت کە سەرکەوتوو بووە لەو گەشتە گرنگەى کە وەفدێکى باڵاى حکومەتى عێراق لەگەڵیدابوون.

بەپشت بەستن بە سەرچاوە جیهانییەکانى زمانى جەستە، دەکرێت لێرەدا خوێندنەوە بۆ چەندین وێنەى سەرۆککۆمارى عێراق و سەرۆککۆمارى تورکیا و  بەرپرسانى باڵاى ئەو وڵاتە بکەین، کە دەردەکەوێت سەرۆک بەرهەم ساڵح زۆر سەرکەوتووانە کۆنترۆڵى خۆى کردووەو بەشێوەیەکى ئاسایی مامەڵەى کردووە، بەپێچەوانەوە لە هەندێک وێنەدا ئەردۆغان چاو دەگێڕێت کە ئەوەش وەک شڵەژاوى لە زمانى جەستەدا خوێندنەوەى بۆ دەکرێت.

گەرموگوڕى و پێکەنین
یەکێک لە ئاماژە گرنگەکان گەرموگوڕییە، کە پێویستە بەرپرسان کاتێک ئامانجیان بوو پەیوەندییەکانیان لەگەڵ کەسانى بەرامبەر بەهێز بکەن و دۆستایەتییەکى پتەو بنیاد بنێن، بەشێوەیەکى گەرموگوڕ دەربکەون و هەستکردن بە بێزارى و توڕەیی بە جەستەیانەوە دیارنەبێت، چونکە هەستکردن بە بێزارى و توڕەیی هۆکارێک دەبێت کە نەتوانرێت سەرکەوتووانە کۆبوونەوەکان بە ئەنجام بگەیەنرێت و دواتر دەستکەوتێکى گرنگى لێ بەرهەمنەهێنرێت.

 

رێک رۆشتن و رێک وەستان و بەرز راگرتنى سەرو چەناگە
یەکێکى تر لە ئاماژەکانى زمانى جەستە رێک وەستانى بەرپرسانە لەکاتى سەردانیان بۆ وڵاتانى دەرەوەو نیشانەیەکى روونى دڵنیاییە، لە سەردانەکەى سەرۆککۆمارى عێراق بۆ تورکیا بەروونى دەردەکەوێت کە سەرۆک بەرهەم ساڵح هیچ شڵەژاویی و رەفتارێکى نامۆ بە هەڵسوکەوتەکانییەوە دیارنییەو سەربەرزانە و رێکوەستاوە کە ئاماژەیەکە بۆ دڵنیابوونى خۆى و شاندەکەى لە سەردانەکەى، چونکە شارەزایانى زمانى جەستە پێیانوایە کە چەمانەوەو هەستکردن بە ماندوێتى، نیشانەیەکى روونى بێزارییەو هۆکارێکە بۆ سەرنەکەوتن لە کۆبوونەوەو دیدارەکاندا.


چاوگێڕان و دەست جوڵاندن
یەکێکى تر لە نیشانە دیارەکانى شڵەژاوى و هەستکردنى بە فشار وەک شارەزایانى زمانى جەستە ئاماژەیان پێکردووە، دەست جوڵاندن و چاوگێڕانە، شارەزایان پێیانوایە ئەو کەسانەى لەکاتى سەردانە دیبلۆماسییەکانیاندا زۆر چاو دەگێڕن و دەست دەجوڵێنن، بەهۆى ئەوەى هەست بە لایەنى ئەمنى پێویست ناکەن و هەست بەبوونى فشار دەکەن، هێنانەدى ئامانجەکەیان لەبیر دەکەن، لە سەردانەکەى سەرۆککۆمارى عێراق بۆ تورکیا بەڕوونى ئەوە دەردەکەوێت کە بەهیچ شێوەیەک هەست بە شڵەژاوى و هەبوونى فشار ناکرێت.

 

تەوقەکردن
هەموو دەوڵەتێک توانا سیاسى و ئابورى و سەربازى و ستراتیژیەکانى بەشێوەیەکى کارا لە پێناو پیشاندانى هێزو تواناى بە ناوخۆو دەرەوە، لەبەرامبەردا تەوقەکردن وەک نیشانەیەکى روونى هەستکردن بە هێزو تواناو دەسەڵات لە زمانى جەستەدا لێکدەدرێتەوە، شارەزایانى زمانى جەستە ئاماژە بەوە دەکەن، کاتێک سەرۆکى دوو وڵات تەوقە دەکەن زاڵبوونى دەستى یەکێکیان بەسەر ئەوى تردا نیشانەى بەهێزى ئەو وڵاتە دەردەخات، هەرچەندە ئەگەر ئەو وڵاتە لەرووى ئابوورى و سەربازى و سیاسییەوە لاوازتریش بێت، لەلایەکى تریشەوە زۆرکات ناچارکردنى بەرامبەر بۆ ئەوەى زیاتر دەست رابکێشێت بەرەو رووت هۆکارێکى گرنگى بەهێزى سیاسەتمەدار دەردەخات، بۆیە زۆر کات سیاسییە باڵاکان هەوڵ دەدەن بە ڕاکێشانى دەستى بەرامبەرو کەمتر دەستراکێشان بۆ تەوقەکردن زاڵبوونى خۆیان بسەلمێنن، لە سەردانەکەى سەرۆککۆمارى عێراق بۆ تورکیا بە روونى هەست بەوەکرا کە لەزۆربەى تەوقەکردنەکانیدا سەرۆککۆمار دەستى زاڵبوو بەسەر بەرپرسانى باڵاى تورکیادا .

 

قسەکردن بەشێوەیەکى لەسەرخۆو هێمن
زۆرجار سەرکردەى وڵاتانى جیهانى رووبەرووى هەڵەى گەورە بوونەتەوە لەکاتى سەردانەکانیاندا بۆ وڵاتان، بەبڕواى شارەزایانى زمانى جەستە، ئەو کەسانەى بەهێمنى و لەسەرخۆ دەدوێن، باشتر دەتوانن ئامانجەکانیان بپێکن و کەمتر تووشى هەڵە دەبن، بەبەراورد بەو کەسانەى توڕە دەبن و دەشڵەژێن لەکاتى قسەکردندا.

 

لەبەرامبەر ئەمانەدا دەستبردن بۆ لوت و گوێ و سەرخوراندن و دەستبردن بۆ دەم لەکاتى کۆنگرە رۆژنامەنووسى و دیدارو کۆبوونەوە گرنگەکاندا، بە هۆکارێکى لاوازى سیاسییەکان دادەنرێت و وەک ئاماژەیەک بۆ شکست و رارایی و شڵەژاوى و بێزارى لێکدەدرێتەوە، کە دەکرێت بڵێین هیچ یەکێک لەو هەڵسوکەوتانە بەسەردانەکەى سەرۆککۆمارى عێراق بۆ تورکیا بەدی نەکرا.

 

زۆرجار سیاسییەکان لەپێناو گەیشتن بە ئامانجەکانیان لە سەردانەکانیاندا بۆ راکێشانى هەست و سۆزى ئەو وڵاتانەى سەردانى دەکەن، دەچنە سەر گڵکۆى کەسە پیرۆزەکانیان و تاجەگوڵینە لەسەر مەزارەکانیان دادەنێن، وەک ئەوەى کاتێک تیریزا مەى سەرۆک وەزیرانى بەریتانیا لە ماوەى رابردوودا سەردانى تورکیاى کرد بەمەبەستى ئیمزاکردنى گرێبەستێک بەبەهاى ١٠٠ ملیۆن جونەیهى ئیستەرلینى بۆ دەربازکردنى بەریتانیا لە یەکێتى ئەوروپا، لەو سەردانەیدا بۆ تورکیا تیریزا مەى سەردانى مەزارى کەمال ئەتاتورکى کرد و تاجە گوڵینەى لەسەر گڵکۆکەى دانا، شارەزایانیش پێیانوایە سیسییە وریاکان هەمیشە هەوڵدەدەن هەلەکان بقۆزنەوە لەپێناو گەیشتن بەو ئامانجانەى لە هەگبەى سەردانەکانیاندا بۆ وڵاتان ئەنجامى دەدەن.

 

دەکرێت بەپشت بەستن بەو ئاماژانەى سەرەوەو گەڕانەوە بۆ سەردانى بەرپرسە باڵاکانى عێراق لە رابردوودا، بەروونى هەست بەوە بکەین کە تەنها مام جەلال سەرۆککۆمارى کۆچکردوى عێراق توانیویەتى هێندە سەرکەوتووانە دیدارو کۆبوونەوەو سەردانە دیبلۆماسییەکانى ئەنجامبدات و بەشێوەیەکى زۆر کاریگەر زاڵ بووبێت بەسەر پرۆتۆکۆڵى سەردانەکانیدا بۆ وڵاتانى جیهان.

 


نیشانەکردن :

#سەرۆککۆمارى عێراق

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP