دەستەى دەستپاکى هەرێم بەڵێننامەیەک بە فەرمانبەران پڕدەکاتەوە

- 1/4/2019 12:24:00 PM 78610 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

بۆ یەکەمجار لە هەرێمی کوردستان بەڵێننامەیەک بە فەرمانبەرانی کەرتی گشتی  پڕدەکرێتەوە بەمەبەستى هەڵسوکەوتیان لەگەڵ هاوڵاتیان و بەفیڕۆنەدانى داهاتى کەرتى گشتى.

ئەنوەر ئەحمەد، سەرۆکی دەستەی دەسپاکی هەرێمی کوردستان، بە خەندان-ی راگەیاند، ماوەی زیاتر لە ساڵێکە ئەو فۆرمە ئامادەکراوە، بەڵام بەهۆی نەبوونی بودجەی پێویست و توانا مرۆییەکانەوە نەتوانراوە کارەکانی وەک پێوسیت جێبەجێبکرێت.

دەشڵێت، ئەوان بەڵێننامەیەکیان ئامادەکردووە بۆئەوەی لەم خولەدا بیدەنە پەرلەمان تا لەڕێگەیەوە بتوانن یاسایەک دەربچێت، بۆئەوەی فەرمانبەران ناچار بکات، کاری هاوڵاتیان بە باشی راپەڕێنن و داهاتی حکومەت بەفیڕۆ نەدەن.

ناوبراو هۆکارى دواکەوتنى پڕکردنەوەى ئەو بەڵێننامەی لەلایەن سەرجەم فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان گێڕایەوە بۆ نەبوونى تواناى مرۆیی و ماددى پێویست لە دەستەکەیان و رایگەیاند، لەبەر ئەوەى دەمودەزگا حکومییەکان بەشێکیان زۆر دوورە دەستن، ئێمەش پێویستمان بە دابینکردنى داهاتى پێویست و کارمەندى زۆرتر هەیە بۆیە جێبەجێکردن و پڕکردنەوەى ئەو بەڵێننامەیە تەنها لە ژمارەیەکى کەم فەرمانگە ئەنجامدراوە.

ئاشکراشیکرد، لەمساڵدا هەوڵ دەدەن سەرجەم فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان ئەو بەڵێننامەیە پڕ بکەنەوەو چاودێرى دەکەن و هەر فەرمانبەرێک پڕینەکاتەوە رووبەرووى لێپرسینەوە دەبێتەوە.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP