پەرلەمانتارێکى گۆڕان نهێنییەکى سەیر ئاشکرا دەکات

- 1/3/2019 7:42:00 PM 84770 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەندامێکى پەرلەمانى عێراق رایگەیاندووە، پارتى بۆیە نایەوێت نەوت رادەستى عێراق بکات بۆ ئەوەى سەرۆکى حکومەت بە میزاجى خۆى پارە بۆ پڕۆژەکان خەرج بکات.

غالب محەمەد ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى گۆڕان لە هەژمارى تایبەتى خۆى لە فەیسبووک نوسیویەتى: پارەى سەرفکراو بۆ پرۆژەکانى گوندەکانى بارزان هەشت ئەوەندەى قەزای دەربەندیخانە.

ئەو پەرلەمانتارەى گۆڕان راشیگەیاندووە، دەڵێین نادادپەروەری هەیە لە دابەشكردنی داهات، پارتی دەیەویت نەوت رادەستى عێراق نەكات بۆ ئەوەی سەرۆكوەزیران لە هەرێمی كوردستان بەدڵ و بە مەزاجی خۆی پارە بۆ پڕۆژە خەرج بكات و بۆ كڕینی دەنگی نارازی.
لە ٦٩ ملیۆن دۆلار تەنها ٧ ملیۆن دۆلار بۆ شاری سلێمانی خەرجكراوە

ئەوەشى خستۆتەروو، یەكێك لە نموونە سەیرەكانی ٢٠١٨ ، بە پێی ئامارێكی بەڕێوبەرایەتی ئاو و ئاوەڕۆكانی هەرێم، كۆی گشتی بودجەی خەرجكراو بۆ پڕۆژەکانی ساڵی (2018) (69) ملیۆن دۆلار بووە، لەو رێژەیە دو و (٢) ملیۆن دۆلار بۆ پڕۆژەی ئاوی دەربەندیخان و (16) ملیۆن دۆلار بۆ گوندەكانی دەڤەری بارزان و (5) ملیۆن دۆلار بۆ پڕۆژەی ئاوی ئاكرێ و (5) ملیۆن دۆلار بۆ پڕۆژەی ئاوی دوکان بوە، جگە لەوەش (12) ملیۆن دۆلار بۆ پڕۆژەی فراوانكردنی ئاوی هەولێر بوە و (20) ملیۆن دۆلار بۆ پڕۆژەی ئاوی فایدە بوە لە دهۆك و سێ ملیۆنیش بۆ ئاوی رەواندز، كۆی گشتی بۆ شاری سلێمانی (٧) ملیون دۆلار خەرجكراوە لەو (٦٩) ملیۆن دۆلارە.
هۆکارى رادەستنەکردنى نەوتى لەلایەن پارتیەوە بە حکومەتى ناوەندى ئاشکراکردووە

ئەو پەرلەمانتارەى عێراق سەرسامى خۆى لەو بارەیەوە دەربڕیوەو نوسیویەتى : ئەوەی سەیر بوو كە بینیم ئەو پارەی بۆ گوندەكانی بارزان خەرجكراوە هەشت ئەوەندەی ئەو پارەیە كە بۆ شاری دەربەندیخان خەرجكراوە كە ماوەی چەندین ساڵە دەناڵێنن بەهۆی خراپی كوالێتی ئاو لەو شارە و هەتا ئێستاش چارەسەرنەكراوە كە رۆژانە چەندین كەس توشی نەخۆشی شێرپەنچە دەبێت بەهۆی بوونی كانزای قورس لە ناو ئاوی خواردنەوەى ئەو شارە كە دەبوو چارەسەربكرایە، نازانم بە چ پێوەرێك گوندێك هەشت ئەوەندەی قەزایەك پارەی بۆ خەرجبكرێت بۆ ئاو، ئەوەندەی روبعێكی قەزاكە كێشەی ئاوی نەبێت !!

هۆکارى رادەستنەکردنى نەوتى لەلایەن پارتیەوە بە حکومەتى ناوەندى ئاشکراکردووە و وتویەتى: ئێستا دەبێت هەموو لایەنەكان ئەوە بزانن كە پارتی نایەوێت نەوت رادەستى عێراق بكات بۆ ئەوەیە كە نایەوێت پارەی تەواو لە عێراق بێت بۆ ئەوەی پڕۆژە یاسای بودجەی نەبێت لە هەرێم و خۆی بە خاوەنی پارە و داهات بزانێت و بە مەزاج و ئارەزووى خۆی خەرجیبكات و بەشێكیشی بۆ پارتی و بنەماڵە بێت گەر نا بەو پارەی كە سەرفكراوە بۆ ئاو دەتوانیت پەنجا گوندی پێ دروست بكەیت، نەك كێشەی ئاوی گوندێك چارەسەر بكەیت، بێ دەنگی جێگری سەرۆكوەزیران و وەزیرەكانی حكومەتی هەرێم كەخەڵكی ئەم دەڤەرەن و پارێزگار و بەرپرسەكانی ئەم پارێزگایە، جێگەی پرسیارە لەم ئامارە گوماناوییە كە بڵاوكراوەتەوە!!!

نیشانەکردن :

#گۆڕان #نەوت #پارتی #بەغدا

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP