وەستا رەسوڵ لەبارەى دەستگیرکردنى کادیرانى یەکێتى لە هەولێر بۆ خەندان دەدوێت

- 1/3/2019 6:19:00 PM 84394 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وەستا رەسوڵ ئەندامى سەرکردایەتى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان رایگەیاند: پاراستنى گیانى کادیرەکانمان لە ئەستۆى تاریق نورى بەڕێوەبەرى ئاسایشى هەولێرە، وتیشى ئەگەر بەزووترین کات ئازاد نەکرێن کاردانەوەى توندمان دەبێت.

وەستا رەسوڵ ئەندامى سەرکردایەتى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان بە خەندان-ى  رایگەیاند: "هیوادارین ئەو بابەتانە بەشێوەى لێکتێگەشتن چارەسەر بکرێت، چونکە ناکرێت کەسێکى بێتاوان لە پاى کەسێکى تۆمەتبار زیندانى بکرێن".
ناکرێت لەبەر ئەوەى کادیرى یەکێتییە دەستگیر بکرێت

وتیشى : کاکە پێشرەوى مەڵبەندى هەولێرى یەکێتى کە خۆى پارێزەرەو لە بنەماڵەیەکى هۆشیارو تێگەشتوون، هیچ تاوانێکى ئەنجام نەداوە، ناکرێت لەبەر ئەوەى کادیرى یەکێتییە دەستگیر بکرێت، بۆیە هەر شتێکى لێ بەسەربێت لە ئەستۆى تاریق نورى بەڕێوەبەرى ئاسایشى هەولێرە.

وەستا رەسوڵ راشیگەیاند: "ئەمجۆرە کردەوانە خزمەت بە پرۆسەى ئاشتى نێوان یەکێتى و پارتى ناکات و لە کاتێکى خراپدا دەستیانکردووە بەو بابەتە، بۆیە ئەگەر زوو ئازاد نەکرێت کاردانەوەى توندى لەلایەن یەکێتییەوە لێدەکەوێتەوە، چونکە یەکێتى کادیرى خۆى (فڕێنەداوە) و ناکرێت بە بەلاش بگیرێت".

لەبارەى هەنگاونان بە ئاراستەى چارەسەرکردنى ئەو پرسە، ئەو ئەندامەى سەرکردایەتى یەکێتى رایگەیاند: لە ئاستى مەکتەبى سیاسى و مەڵبەندى هەولێر سەرقاڵى چارەسەرکردنى ئەو پرسە دەدەین.

ئەمرۆ دواى دەستگیرکردنى کارگێڕى مەڵبەندى یەکێتى لەلایەن پارتییەوە، تاریق نووری، بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر راگەیاند دەستگیرکردنى ئەو کادیرەى یەکێتى پەیوەندى بە دەستگیرکردنى کوڕێکی ئەکبەری حاجی رۆستەم هەیە، تاوەکو کوڕەکەی ئەکبەری حاجی رۆستەم چارەنووسی دیارینەکرێ و ئازادنەکرێت، ئەو کادیرەی یەکێتیش ئازادناکرێت.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP