بەهۆی کەمبوونەوەی داواکاری لەسەر ئایفۆن داهاتی ئەپڵ دابەزیووە

- 1/3/2019 3:51:00 PM 10823 جار خوێندراوەتەوە

خەندان- دڵشاد بیتوێنی

لە نامەیەکدا بۆ وەبەرهێنەرانی ئەپڵ، تیم کوک بەڕێوبەری جێبەجێکاری کۆمپانیایی ئەپڵ-ی ئەمەریکی ئاماژەی بە دابەزینێکی بەرچاو کردووە لە داهاتی کۆمپانیاکەدا لە چارەکی یەکەمی 2019 دا، بەراورد بە پێشبینیەکان کە کۆی گشتی داهات لە نێوان 89 ملیار دۆلار بۆ 93 ملیار دەبێت لەمساڵدا.

تیم کوک، بەڕێوبەری جێبەجێکاری کۆمپانیایی ئەپڵ-ی ئەمەریکی رایگەیاندووە، چەندین هۆکار هەیە کە بوونەتە هۆى دابەزینی خواست لەسەر ئایفۆن کە فرۆشی لاوازبووە لەسەرووی هەمووشیانەوە پەیوەندی ئابووریەکانە لەگەڵ چین کە وایکردووە فرۆشی ئایفۆن نەگاتە ئاستی چاوەڕوانکراو.

ئاماژەی بەوەشکرد، زۆربەی بەکارهێنەران لە مۆبایلەکانیان رازین و نوێی ناکەنەوە و پێیانوایە کە زۆر جییاوازنییە لە ڕووی تایبەتمەندیی و تەکەنەلۆژیای بەردەستکراو تیایدا.

 لەبەشێکی دیکەی وتەکانیدا بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیایی ئەپڵ-ی ئەمەریکی ئاماژەی بە بەهای دۆلار کرد لە بازاڕەکانی جیهاندا و جێگیربوونی نرخی دۆلاری وەک هۆکارێک باسکردووە لە دابەزینی داهاتی کۆمپانیای ئەپڵ.

ئەوەشیخستەڕوو، لە بارەی بەرهەمە نوێیەکانی ئەپڵ وەک بیستۆکی ئەپڵ Apple AirPod  کە بەراورد بە بەرهەمەکانی دیکە بە ڕێژەی لە 19% فرۆشی زیادیکردووە، وتیشی ناکرێت بەشێوەیکی سەرەکی پشتی پێببەسترێت بۆ کۆمپانیاکە.

چارەکی یەکەمی هەموو ساڵێک بە گرنگترین ماوە هەژماردەکرێت بەهۆی ئەوەی کاتی خستنەبازڕی ئایفۆنە نوێیەکان و چەندین بەرهەمی دیکەیە کۆمپانیاکەیە و وە کاتی پشوو و جەژنەکانی کۆتایی ساڵە، هەروەها ئەم وەرزە بەوە جیادەکرێتەوە کە کاتی جووڵەی بازاڕە لەلایەن بەکارهێنەرانەوە.
هەربۆیە پێشبینی دەکرێت ئەو ئەنجامانە کاریگەریان هەبێت لەسەر پشکی ئەپڵ و دابەزینی نرخەکەی کۆمپانیاکە لە بازاڕدا لە ڕۆژانی داهاتوودا.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP