مەلالا كتێبێكی نوێ بڵاودەکاتەوە

- 1/3/2019 2:31:00 PM 2624 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-شادان عەلی

پاش بڵاوكردنەوەی كتێبی یادەوەریەكانی (من مەلالام) و كتێبێك بۆ منداڵان بە ناوی (پێنوسە سیحراویەكەی مەلالا)، كتێبی سێیەمی مەلالا یوسفزای ئامادەیە بۆ بڵاو كردنەوە.

 كتێبە نوێیەكەی مەلالا یوسفزای  ناوی (ئێمە ئاوارەبووین: گەشت و چیرۆكەكانی من لە كچە ئاوارەكانی جیهانەوە )ە، وا بڕیارە لە بەرواری 8ی كانونی دووەمی ئەمساڵدا دا بڵاو بكرێتەوە لە لایەن (Brown Books for Young Readers,)  كە هەمان دەزگایە كتێبەكانی پێشووی بڵاوكردووەتەوە.

مەلالا لە كتێبەكەی دا تیشك دەخاتە سەر ئەزمونە بێهاوتاكانی خۆی و ململانێ جۆراوجۆرەكانی ئەو كچە گەنجە ئاوارانەی كە لە گەشتەكانی دا چاوی پێیان كەوتووە، هەروەها باسی سەرەتای ئاوارەبوونی خۆی لە ناوخۆی پاكستان دەكات لە تەمەنی منداڵی دا، و ئاڵنگاریانەی کە رووبەڕووی بووەتەوە بە هۆی ئەوەی نەیتوانیوە بگەڕێتەوە نیشتیمانی خۆی.

 سەبارەت بە کتێبە نوێکەی، مەلالا لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی پارادی وتی" ئێمە ئاوارە بووین ناونیشانەكەیەتی، چونكە دەمانەوێت بەیەكەوە یارمەتی خەڵكی دیکە بدەین بۆ تێگەیشتن لە قەیرانی ئاوارەكان و چۆنیەتی  یارمەتی دانیان".

مەلالا بە تەنیا ئەزمونەكانی خۆی باس ناكات بەڵكو "ئەزمونە بە تاڵەکانی"ئەو كچە گەنجانەش كە لەو دەچن و بەسەرهاتی هەندێك لە ئاوارەكانی دیکە باس دەكات كە لە پشتی ئامارەكانەوەن و ڕۆژانە لە بارەیانەوە دەخوێنینەوە.

"هیوادارم چیرۆكی زەینەب و موزوون یادی خوێنەر بهێننەوە كە ئاوارەكان زۆر لە ئامارە مەزنەكان و مانشێتە دڵتەزێنەكان زیاترن" مەلالا وای وت.

یەكێك لە بیرۆكەكانی دیکە  كە مەلالا لە كتێبەكەیدا باسی دەكات چەمكی (نیشتیمان)ە، مەلالا تیشكی خستە سەر نیشتمانی هەموو ئەو ئاوارانەی چیرۆكەكانی و وتی " لەو ئاوارە كچانە دەبیستم كە دەیانەوێت گەشە بە پەروەردە و فێركردنیان بدەن بۆ ئەوەی بتوانن ڕۆژێك بگەڕێنەوە نیشتمانەكانیان و ئەو كاولكاریانەی كە بە هۆی ململانێكان یاخود كارەساتە سروشتیەكانەوە ڕوویانداوە سەرلەنوێ بنیاتبنێنەوە".

مەلالا یووسفزای، لەدایکبووی١٢ی تەموزی تەموز ١٩٩٧، کچە چالاکوانی بواری خوێندن و پەروەردەی ژنانە، مەلالا بە ھۆی چالاکییەکانی لە بواری بە دەست ھێنانی مافەکانی ژنان ناسراوە، مەلالا بەھۆی چالاکییەکانیەوە لەتشرینی یەکەمی ٢٠١٢ی کەوتە بەر ھێرشی تاڵیبان و بە ھۆی تەقەی تفەنگەوە بریندار بوو، دواتر ئەم ڕووداوە کەوتە بەرچاوی زۆرێک لە میدیاکانی جیھان و گرینگییەکی زۆر درا بە چالاکییەکانی مەلالا و کەمپەینگەلێکی ئاشتی خوازانە بۆ پاراستنی مەلالا و مافەکانی ژنان لە وڵاتانێک وەکوو پاکستان بە ڕێ کەوت

لە ساڵی ٢٠١٣دا یەکێک لە کاندیداکانی خەڵاتی نۆبێلی  ئاشتی بوو و لە ساڵی ٢٠١٤دا لەگەڵ کایلاش ساتیارتی بوو بە وەگری ئەم خەڵاتە.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP