خەندان هۆکاری دابەشنەکردنی پارەی کارمەندانی کۆمسیۆنی عێراق ئاشكرادەکات

- 1/1/2019 7:12:00 PM 32679 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-کۆچەر عەزیز

نزیکەی حەوت مانگ دەبێت هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامدراون، تا ئێستا پارەی کارمەندانی کۆمسیۆن دابەشنەکراوە، جێگری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقیش دەڵێت"کەمتەرخەمی لە بەڕێوەبەری نووسینگەکانی کۆمسیۆنی هەرێم هەیە".

رزگار حاجی حەمە، جێگری سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە خەندان-ی راگەیاند، دوای زیاتر لە مانگێک دەبێت چەکی پارەی کارمەندانی کۆمسیۆن گەیشتووەتە بانکی ناوەندی لە هەولێر، بەڵام کەمتەرخەمی لە نووسینگەکانی کۆمسیۆنی هەرێم هەیە، کە ناچن پارەکە وەربگرن و دابەشیبکەن.

 سەبارەت بە بوونی کێشە لە چەکی بانکییەکەدا جێگری سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق وتیشی، ئەوان هەموو رێکارە ئیدارییەکانیان جێبەجیکردووە، بەڕێوەبەری نوسینگەکانی کۆمسیۆن خۆیان ناچن بۆ وەرگرتنی پارەکە و دەڵێن کێشەی تێدایە، ئەگەر کێشە هەیە با ئاگادارمان بکەنەوە، ئەگەر نا بچن  وەریبگرن و دابەشیبکەن بەسەر کارمەندەکانی کۆمسیۆندا.

دەشڵێت،" چەند رۆژێک پێش ئێستا خۆم پەیوەندیم بە بەڕێوەبەری نوسینگەی کۆمسیۆنی هەرێمەوە کردووە، پێیڕاگەیاندم کێشە لە سیستەمی بانکیدا هەبووە و چارەسەرکراوە، بەیانی دەچین وەریدەگرین و دابەشیدەکەین، بەڵام هیچی دیار نەبووە و وەڵامیشی نەداومەتەوە".

خەندان چەندینجار پەیوەندیکرد بە بەڕێوەبەری نوسینگەی کۆمسیۆنی عێراق لە هەرێم، سەبارەت بە هۆکاری دواکەوتنی دابەشنەکردنەکەی، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەکەی نەدایەوە".

بەپێی زانیارییەکانی خەندانیش پارەی کارمەندانی کۆمسیۆن گەیشتووەتە نوسینگەی کۆمسیۆنی شارەکانی هەرێم و سەرەتای هەفتەی داهاتوو پارەکە دابەشدەکرێت.

رۆژی ١٢ی ئایار هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەنجامدرا، کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراقیش زیاتر لە ٢٠٠ هەزار کارمەندی بەشێوەی گرێبەست بۆ ئەو رۆژە دامەزراند، بە شێوەیەک بەڕێوەبەری وێستگە ٢٥٠ هەزار دینار وەردەگرێت و کارمەندانی دیکەش ٢٠٠ هەزار دینار وەردەگرن. 


نیشانەکردن :

#كۆمسیۆن

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP