ڤیدیۆ.. چیرۆکى ئەو پیاوەى ١٦ ساڵە بە تەسبیح فرۆشتن خێزانەکەى بەخێودەکات

- 1/1/2019 6:19:00 PM 18615 جار خوێندراوەتەوە

خەندان- 

جەبار عەلی کەریم، ماوەی ١٥ ساڵ زیاترە لەبەردەم مزگەوتی گەورەی شاری سلێمانیدا سەرقاڵی کاری فرۆشتن و دروستکردنی تەسبیحە،  بژێوی ژیانی لەسەر ئەو کارەیە و خۆشەویستی بۆ کارەکەی وایکردووە تا ئێستا بەردەوام بێت.

 ئەو تەسبیحفرۆشە، چیرۆکی بەردەوامبوونی خۆی لە کاری تەسبیحفرۆشی بەم شێوە بۆ خەندان گێرایەوە و وتی، "ژیانم لە سەر ئەو کارەیە و خاوەنی چوار منداڵم، یەکێکیان خاوەن پێداویستی تایبەتە"،وەک خۆى دەڵێت: رۆژانە لە کاتژمێر ٧:٠٠ی بەیانییەوە لەماڵ دێتە دەرەوە تا کاتی بانگی ئێوارە ناگەڕێتەوە جگە لە رۆژانی باران.

جەبار وەک خۆی دەڵێت، کارەکەی خۆی زۆر خۆشدەوێت و لە باو باپیرانیەوە بۆی ماوەتەوە، بەهۆی زۆری کارکردنی لەم بوارەدا شارەزاییەکی تەواوی هەیە.

چەند جۆرێک قەزوان هەیە، ئەبڵەق و چۆلەکەی خوراو و حەمەسوری و سیوەیل و هەندێک جۆری دیکەش هەیە سادەن خۆیان بە بۆیاخ رەنگی دەکەن، جگە لە قەزوان چەند جۆرێکی دیکەی وەک نەرجیل و کارەبا و رووسی و ئەڵمانی هەیە، بەڵام لە کوردستان ئەبڵەق لە هەموویان زیاتر بەکاردێت، نرخەکانیشیان جیاوازە، لە پێنج هەزارەوە تا سێسەد هەزار کە گرانترینیان تەسبیحی حەمەسوورییە، چونکە کەمە لە بازاڕدا.

دەربارەی داهاتی رۆژانەشی جەبار وتی،" رۆژ هەبووە یەک تەسبیحم نەفرۆشتووە، بەڵام قەناعەتم پێکردووە و ساردیش نەبوومەتەوە لە کارەکەم".

"لە کاتی دروستبوونی قەیرانی داراییەوە تا ئێستا کە مووچەی فەرمانبەران دوادەکەوێت کڕینی تەسبیح لەلایەن هاوڵاتیانەوە وردە وردە کەمبووەتەوە، بەڵام لە بۆنەکاندا کڕیاری زۆرترە بە تایبەت جەژنی نەورۆز، گەنجەکان زۆر بەکارهێنەری تەسبیحن لە کوردستان" جەبار وای وت.

جەبار بەدەم گێڕانەوەی قسەکانی دەنک دەنک تەسبیحێکی دەهۆنییەوە و وتی؛" لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلولەوە دەچم لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بەتایبەت قەرەداغ و شارباژێڕ و زێوێ و بەرزنجە کە ناوچەیەکی کوێستانین و قەزوانەکانیان تایبەتمەندی خۆی هەیە دەگەڕێم و قەزوانی جوان و نایاب دەدۆزمەوە تا بتوانم بژێوی ژیانمی پێ دابین بکەم".

تەسیبیح تایبەتمەندی خۆی هەیە بۆ مرۆڤەکان، ئارامییەک دەدات بەدڵ، لە کوردستانیش زۆر کەس بۆ زیکرکردن بەکاریدەهێندرێت، ئەمە سەرەڕای ئەوەی هەندێک کەس بەجۆرێک ئاڵوودەی بەدەستەوەگرتنی تەسبیح بوون، ئەگەر پێیان نەبێت واهەستدەکەن شتێکی زۆر گرنگیان لێونبووە و هەست بە نائارامی دەکەن.

تەنها پیاوان تەسبیح بەکارناهێنن، بەڵکو ژنان و کچانیش تەسبیح بەکاردەهێنن کۆسار تەمەن ٢٣ ساڵ لەوکاتەدا سەرقاڵی کڕینی تەسبیح بوو بۆ هاوسەرەکەی بە خەندان-ی وت؛" هاوسەرەکەم سبەی رۆژی لە دایکبوونییەتی، تەسبیح زۆر بەکاردەهێنێت، بۆیە ویستم بۆی بکەمە دیاری بۆ رۆژی لەدایکبوونی و بەهۆی هاوسەرەکەمەوە خۆشم ئێستا بەکاریدەهێنم کە بە دیاری بۆی هێناوم".

عەبدوڵای تەمەن ٤٥ ساڵ کە سەرقاڵ بوو بە کڕین و گۆڕینی تەسبیحەوە بۆ خەندان قسەیکردوو وتی، تەسبیح هاوڕێی هەمیشەیی منە، ئەگەر پێم نەبێت وا دەزانم شتێکم ونکردووە و زۆر گرنگی پێدەدەم بە ئەندازەیەک تا ئەوەندی جلوبەرگەکانم گرنگی پێدەدەم".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP