خەندان نرخی هۆتێل و بلیتی ئاهەنگەکانی سەری ساڵ لە هەرێم بڵاودەکاتەوە

- 12/31/2018 3:34:00 PM 101987 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-کۆچەر عەزیز

ئەمشەو هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان و جیهان دوایین شەوی ساڵی 2018 بەڕێدەکەن و بە ئەنجامدانی چەندین ئاهەنگ پێشوازی لە ساڵی نوێ دەکەن.

بەپێی بەدواداچوونەکانی خەندان لە شەوی سەری ساڵدا چەندین ئاهەنگ لە هۆتێلەکانی شارەکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک بەڕێوەدەچن، ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیان و گەشتیاران روویان تێکردوون، کە ئەوەش وایکردووە نرخی بلیتەکان بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزببێتەوە.

بەپێی بەدواداچوونەکانی خەندان، لە هۆتێل گراندمیلینۆم لە شاری سلێمانی پێنج شەوە ئاهەنگ سازدەکرێت و نرخی بلیتەکانی ئاهەنگەکان لە 50 دۆلارەوە تاوەکو 120 دۆلار، کە ئەوەش بەپێی شوێنی دانیشتنی ئاهەنگەکە دەگۆڕێت.

هەروەها نرخی بلیتی (VIP)ی شەوە ئاهەنگی سەری ساڵ لە هۆتێل رامادای شاری سلێمانی 125 دۆلارە و کورسییەکانی بەشی دواوەی ئاهەنگەکەش 70 دۆلارە، ئەو نرخانەش بەراورد بە کاتەکانی دیکە زۆر بەرزبوونەوە.

ئەو ئاهەنگانە بە بەشداری هونەرمەندانی کوردستان و عێراقی و بە بەشداری سەدان میوانی ناوخۆیی و بیانی بەڕێوەدەچن، و تاوەکو بەرەبەیانی سبەی سێشەممە بەردەوامدەبێت، تێیدا بە گۆڕانی و سەما و پێشوازی لە ساڵی نوێی 2019 دەکرێت.

لە شەوی سەری ساڵدا تەنها نرخی بلیتی ئاهەنگەکان بەرزنەبوونەتەوە، بەڵکو هاتنی ژمارەیەکی زۆری گەشتیار نرخی هۆتێلەکانی بەڕێژەیەکی بەرچاو بەرزکردووەتەوە.

بەپێی بەدواداچوونەکانی خەندان، لە هۆتێل دیڤان لە شاری هەولێر نرخی هەرزانترین ژوری تاکەکەسی 267 دۆلارە و گرانترین ژوورییش دەگاتە 317 دۆلار، هاوکات نرخی یەک ژووری دوو کەسی 336 دۆلارە و ژووری تایبەتی دوو کەسیش 416 دۆلارە.

هەروەها نرخی یەک شەو مانەوە لە ژووری دوو کەسی لە هۆتێل رۆتانای شاری هەولێر 230 دۆلارە و نرخی ژووری تاکەکەسیش 110دۆلارە.

هاوکات نرخی یەک شەو مانەوە لە ژوورێکی یەک کەسی لە گراند میلینۆم 250 دۆلارە و نرخی یەک ژووری دوو کەسی 350 دۆلارە، لە هۆتێلەکانی رامادا و تایتانیک نرخی یەک شەو مانەوە لە 120دۆلارەوە دەستپێدەکات و دەگاتە 260  دۆلار.

سەرۆکی کۆمەڵەی چێشتخانە و میوانخانەکان لقی سلێمانی رایدەگەیەنێت، لە سەری ساڵدا سەرجەم چێشتخانە و میوانخانەکان کراوە دەبن و بەپێی یاسا و پەیڕەو پرۆگرام، هۆتێلە بەرزەکان دەتوانن لە بۆنەکاندا لە 5٪ بۆ 10٪ نرخەکان بەرزبکەنەوە و شوێنە ئاساییەکانیش بۆیان هەیە لە 2٪ بۆ 3٪ نرخەکان بەرزبکەنەوە.

مەحمود تۆفیق عەزیز بە خەندان-ی راگەیاند، چاودێری سەرجەم شوێنە گەشتیارییەکان دەکەن و لە ئەگەری بەرزکردنەوەی نرخەکان سزادەدرێن.

وته‌بێژى ده‌سته‌ى گه‌شتوگوزارى هه‌رێمى كوردستان بە خەندان-ی رایگه‌یاند، بۆ ئاهه‌نگە گشتییه‌كانى سه‌رى ساڵ حكومه‌تی هەرێمی کوردستان هیچ بوودجه‌یەكى ته‌رخان نه‌كردووه‌، ئاهەنگەکان كه‌رتى تایبه‌ت ئەنجامیدەدات، چاوه‌ڕوانیشده‌كەن ئەمساڵ ژمارەی گه‌شتیاران زیادبکات.

نادر ڕۆستى به‌ خه‌ندان-ى وت، له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانى گه‌شتوگوزار و كۆمپانیاكانى كه‌رتى تایبه‌ت ئاماده‌كارییان كردووه‌، بۆ پێشوازى له‌ ساڵى نوێ و هاندان و هاتنى گه‌شتیاران بۆ هه‌رێمى كوردستان، هاوكات به‌ هاوكارى كه‌رتى تایبه‌ت ئاهه‌نگى گشتى و تایبه‌ت ئه‌نجامده‌درێت ئوتێل و شوێنه‌ گشتییه‌كانیش ئاهه‌نگى سه‌رى ساڵی تێدا به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانى گه‌شتوگوزار و كۆمپانیاكانى كه‌رتى تایبه‌ت له‌ شاره‌كانى هه‌ولێر و سلێمانى و دهۆك ئاماده‌كارییان كردووه‌، كه‌ ئاهه‌نگى گشتى بۆ پێشوازى له‌ ساڵى نوێ بكرێت، به‌تایبه‌ت له‌ شوێنه‌ گشتییه‌كان و پلانێكیش بۆ جێگرى دۆخى ئه‌منى دانراوه‌.

وته‌بێژى ده‌سته‌ى گه‌شتوگوزارى هه‌رێمى كوردستان رونیشیکردەوە، چاوه‌ڕوان ده‌كه‌ن هاتنى گه‌شتیار زیاتر بێت له‌ 54 هه‌زار گه‌شتیار له‌ ساڵى رابردوودا بۆ دوو هێنده‌ زیادبكات، به‌و پێیه‌ى ئێستا بارودۆخى هه‌رێمى كوردستان و دۆخى گشتى جێیگره‌.


نیشانەکردن :

#ئاهەنگی سەری ساڵ

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP