عادل عەبدولمەهدی: مەرجمان بۆ سەردانی دۆناڵد ترەمپ هەبوو

- 12/31/2018 9:05:00 AM 16724 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق رایگەیاند، ئەمەریکییەکان پێشوەخت لە سەردانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ئاگارداری کردوونەتەوە، بەڵام ئەوان دوو مەرجیان هەبووە.

عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دوێنێ یەکشەممە لەمیانی کۆنگرەی رۆژنامەوانی هەفتانەیدا وتی، "پێش سەردانی ترەمپ لایەنی ئەمەریکی ئاگادارییان کردینەوە، بەڵام ئێمە دوو مەرجمان هەبوو".

ئاماژەی بەوەشکرد، "مەرجی ئێمە ئەوە بوو بە فەرمی پێشوازی لێبکرێت بەپێی خشتەیەکی دیاریکراو، هەروەها سەردانەکە بۆ خاکی عێراق بێت و پێشوازییەکەشی عێراقییانە بێت هاوشێوەی پێشوازی هەر سەرۆکێکی دیکەی بیانی کە دێنە عێراق، لایەنی ئەمەریکا بەوە رازییبوون".

عادل عەبدولمەهدی راشیگەیاند، "ئێوارەی هەمان رۆژی سەردانەکە ئاگادارییان کردینەوە کە سەرۆکی ئەمەریکا بنکە سەربازییەکە بەجێناهێڵێت، ئێمەش پێمانوتن ئەوە ناکرێت کە سەرۆک وەزیران و شاندی یاوەری بچنە سەربازگەکە، بەڵکو بەپێچەوانەوە دروست ئەوەیە سەرۆک سەردان بکات و وەک وڵاتێکی دۆست پێشوازی لێبکەین".

لەبارەی وەڵامی ئەمەریکییەکان بۆ ئەو داوایە سەرۆک وەزیرانی عێراق دەڵێت، "لایەنی ئەمەریکی وتیان رێوشوێنەکان لە واشنتۆنەوە رێکخراون و قورسە گۆڕانکارییان تێدا بکرێت، دیداری دووقۆڵی تێدا نییە، لە جێگەی ئەوە پێشنیازی ئەنجامدانی پەیوەندی تەلەفۆنیان کرد، ئەمەیان روویدا".

پێشتر خەندان لەزاری بەرپرسێکی باڵای حکومەتی عێراقەوە بڵاویکردبووەوە، شەوی 25ی ئەم مانگە، بەبۆنەی کریسمسەوە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و میلانیای هاوسەری بەر لەوەی سەردانی عێراق بکەن سەردانی ئەڵمانیا و ئوردن-یان کردووە، بەڵام چاویان بە بەرپرسانی هیچ کام لەو وڵاتانە نەکەوتووە.

دۆناڵد ترەمپ و میلانیای هاوسەری لە ئەڵمانیاوە به‌ فڕۆکه‌یه‌کی تایبەتی سەربازی بەرەو ئوردن بەڕێکەوتوون و دواتر بەرەو عێراق، بەبێ ئەوە له هیچ کام له‌و وڵاتانه‌ چاوی به بەرپرسە باڵادەستەکانی ئه‌و دوو ولاته بکەوێت.

سەرچاوە باڵاکەی حکومەتی عێراق کە بەمەرجی ناونەهێنان بۆ خەندان دوا وتیشی، "ئه‌گه‌ر ترەمپ به‌م سه‌ردانه‌ی لە عێراق رەچاوی سەروەریی و ڕێوڕەسمە پەیڕەوکراوەکانی دیپلۆماسییەتی نەکردبێت، ئه‌وا پێش عێراق ئەم سنوور شکاندن و دژوارییە دییلۆماسییە ڕووبەڕووی ئه‌ڵمانیا و ئۆردن بووەتەوە، چونکه له‌وێش چاوی به ئەنگێلا مێرکڵ، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا  و شا عەبدوڵا، پاشای ئوردن نه‌که‌وتووە".

ئەوەی یەکەمین سەردانی دۆناڵد ترەمپ بوو بۆ عێراق، پێشتریش دوو سەردانی بۆ عێراق هەڵوەشاندبووەوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی زانیاری له‌باره‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی دزه‌ی كردبووه‌ ناو میدیاكانه‌وه‌.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP