2018 ساڵى هەڵوەرینى کۆمەڵێک قەڵەمى زێڕین

- 12/30/2018 11:35:00 PM 10618 جار خوێندراوەتەوە

خەندان- کۆچەر عەزیز

2018 ساڵێک چەندین قەڵەمین زێڕین هەڵوەرین، چەندین ئەدیب و نووسەرو شاعیر ماڵئاوایی یەکجارەکییان کرد، بەڵام بەرهەم و شیعرە بەپێزەکانیان بۆ ئەبەد بۆ دواى خۆیان بەجێهێشت.

ئەو نوسەرو ئەدیب و شاعیرانەى لە ساڵى ٢٠١٨ جێیانهێشتین خەسارەتێکى گەورە بوو بۆ هەگبەى نووسەرانى کوردستان، خەندان لەم راپۆرتەدا بەشێک لەو قەڵەمە زیندوانە دەخاتەوە روو.

جەمال نەبەز 

یەکێک لەو کەسایەتییە بەناوبانگانە پڕۆفیسۆر دکتۆر جەمال نەبەزە، رۆژی 8/12/2018 بەهۆی نەخۆشییەوە لە وڵاتی ئەڵمانیا کۆچی دواییکرد.

پڕۆفیسۆر د. جەمال نەبەز، لە ساڵی 1933 دا لە شاری سلێمانی لە دایکبووە و لە سەرەتای خوێندنیدا جگە لە خوێندنی ئیسلامی، فەلسەفە و دەرونزانی و فیزیا و ماتماتیکی خوێندووە، خاوەنی چەندین بەرهەمی نووسین و وەرگێڕانە، هەروەها لە نیوەی یەکەمی پەنجاکانی سەدەی رابردوودا لە زانکۆی بەغدا ، بەشی فیزیا و ماتماتیکی خوێندووە و دواتر لە شارەکانی کەرکووک، هەولێر، بەغدا و بەسرە وانەی وتووەتەوە.

دوای 28 ساڵ ژیان چووەتە ئەوروپا بۆ تەواوکردنی خوێندن و پاشان لە زانکۆکانی میونخ و ئۆزبورگ خوێندنی ئیسلامیی و ئێرانناسی و شێوازی وتنەوەی وانەی خوێندووە،  لەساڵی 1967-1970 لە زانکۆی هامبۆرگ خوێندوویەتی وهەرلەو ساڵانەدا لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی، یەکێتیی نەتەوەیی خوێندکارانی کوردیان دامەزراندووە.

لە ساڵی 1970-1979 لە زانکۆی بەرلینی ئازاد زانستە سیاسییەکان و رۆژنامەنووسی و یاسای خوێندووە، یەکێکە لە دامەزرێنەرانی کاژیک.

دوانیوەڕۆی رۆژی 22/12/2018  تەرمی د. جەمال نەبەز بە ئامادەبوونى ژمارەیەکى زۆر لە هاووڵاتیان و بەرپرسانى شارى سلێمانى بنەماڵەکەی لە گردى شێخ مەعروف بەخاکسپێردرا.

هەروەها لە شاری سلێمانی لەسەر ئەرکی دکتۆر تەها رەسوڵ، پەیکەرێکی شایستە بۆ پرۆفیسۆر دکتۆر جەمال نەبەز  دروستدەکرێت و تا ببێت بە رەمزێک بۆ سەربەخۆیی، بۆ کوردستان و چۆکدانەدان لە ئاستی دوژمنان.
کەژاڵ ئیبراهیم خدر

یەکێکی دیکە لەو کەسایەتییە ئەدەبیانەى لە ساڵى ٢٠١٨ وەفاتى کرد، کەژاڵ ئیبراهیم خدرى شاعیر بوو،  كەژاڵ ئییراهیم جگە لەوەی شاعیرێكی ناوداری كورد بووە، چەندین خەڵاتی لە فێستیڤاڵە عەرەبییەكان بەدەستهێناوە، هاوكات بەشداری لە چەندین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی کردووە، كەژاڵ ئیبراهیم دەنگێكی بوێر و رەچەشكێن بووە لە پێناوی ئازادی ژناندا لە كوردستان، لە رۆژی 23/4/2018  لە شاری سلێمانی بە جەڵتەی دڵ کۆچیدوایکرد.

کەژاڵ ئیبراهیم خدر، ساڵی 1968 لە شارۆچکەی قەڵادزێ-ی سەر بە ئیدارەی راپەڕین لە دایکبووە و خوێندنی سەرەتایی، ناوەندی و دواناوەندی هەر لەو شارە تەواوکردووە، دەرچووی شەشی ئامادەییە و لە سەرەتای ساڵی نەوەدەکان لە گەڵ هاوسەرەکەی بە هۆی کاری ڕۆژنامەگەرییەوە روو لە شاری سلێمانی دەکات، لە ئامادەیی پیشەسازی سلێمانی فەرمانبەر بووە، دایکی سێ منداڵ بووە بە ناوەکانی نامری، داری و داریاس. 

کەژاڵ لە ساڵی 1987 دەستی بە شیعر و نووسین کردووە، کە سەرەتا بە نووسینەوەی شعری منداڵان هەنگاوی ناوە و دواتر وەک شاعیرێکی دیار لە ناو کۆمەڵگای کوردیدا دەرکەوتووە، کە زۆربەی بەرهەمەکانی لە ماڵپەڕ و ڕۆژنامەکاندا بڵاوکراونەتەوە. 

کەژاڵ، خاوەنی 14 نامیلکەی شعرییە و لە بەر گرنگی زۆرێک لە ناوەڕۆکی بەرهەمەکانی، بۆ سەر زمانەکانی عەرەبی و فارسی وەرگێڕانی بۆ کراوە، کە 15 هۆنراوەی بۆ فارسی و زیاتر لە 120 هۆنراوەی کراوە بە زمانی عەرەبی و لێکۆڵینەوەیان لە سەر نووسراوەتەوە، بە تایبەت لە گۆڤار و ڕۆژنامەکانی میسر، لوبنان، عێراق، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و لە ئێرانیش بایەخی تایبەتی پێدراوە، هەروەها دوو لە هۆنراوەکانی کراون بە دەقیی شانۆ. 

ئەم ژنە شاعیرە، لە ساڵانی ژیانیدا خزمەتی بە شیعر و ئەدەبیاتی کوردی کردووە، هاوکات ئەندامی دەستەی نووسەرانی کورد بووە، لە هەرێـمی کوردستاندا ژنێکی دیار و خۆشەویست بووە، بەتایبەت کە توانیویەتی سەرجەم کلتور و رەگەزەکانی پیاوسالاریی ببڕێت و پەرە بە ئەدەبەکەی بدات. 

رۆژی24/4/2018تەرمەکەی لە گۆڕستانی قولەرەسی بەخاکسپێردرا.
مستەفا ساڵح کەریم

مستەفا ساڵح کەریم، ساڵی 1933 لە شاری سلێمانی لەدایکبووە و وێڕای خەباتی سیاسیی و نوسین و رۆژنامەنوسی، لە بواری پەروەردەدا بۆ ماوەی32 ساڵ مامۆستا و بەڕێوەبەر و سەرپەرشتیاری پەروەردەیی بووە.

لە 1970-1974 لە چوار کۆنفراسدا چوارجار بەسکرتێری لقی سلێمانی یەکێتی نووسەران هەڵبژێردراوە، لەژیانی مامۆستایەتیدا چەندینجار تووشی دوورخستنەوە بووە، دواجاریش ساڵی 1975 بوو نێردرا بۆ رومادی و سێ ساڵ لەوێ مایەوە، لەسەر هەڵوێستی بەرامبەر بەعس و قسەکردنی لە چەند کۆڕێکی ئەدەبی و پەروەردەیی ساڵی 1984 لەوەزیفە دوور خرایەوە، لەسەر داوای ئەمن خانەنشین کرا. 

لەدوای راپەڕینەوە تا ساتەوەختی کۆچی دوایی لە کوردستانی نوێ و الاتحاد دا کاریکردووە، کۆچکردو لە بواری ئەدەبیدا، خاوەنی نزیکەی 10 پەڕتوکە کە بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی نوسیونی و بەشێکیان کۆمەڵە چیرۆکن، هاوکات لە زۆرێک لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا نوسیویەتی و ڕۆژنامەنوسی سەرەکیترین بەشی ژیانی ئەو قەڵەم بەدەستە بووە.

لەبواری ئەدەبیدا نیوسەدە زیاتر نوسیویەتى وهەمیشە قەڵەمی لەخزمەتی گەلدا بووە و چەندین بەرهەمی ئەدەبی بەچاپ گەیاندوە، لەبواری نووسین و چیرۆک نووسین و وەرگێڕاندا بەکوردی و بەعەرەبی رۆڵی دیاری هەبووە، لە دیارترین بەرهەمەکانی، (زڕەی زنجیر، شەهیدانی قەڵای دمدم، پەتا سپیەکە، دایکی ئازادیخوازان، رەشپۆشێکی جیهانی چوارەم، هونەری کورتە چیرۆک نووسین، باخێک لە وشە، رحلة الی بلاد الراین/بەعەرەبی، الیوم الثالث/ بەعەرەبی. 

لە بواری رۆژنامەنووسیدا (سەرەتا وەک خۆبەخش دوو سال لەڕۆژنامەی (ژین) کاری کردوە، بەناوی قوتابخانەی شێخ مەحمودەوە گۆڤارێکی دەرکردوە بە عەرەبی و بە کوردی بەناوی (ڕابەر- المرشد)، دامەزرێنەرو یەکەم سکرتێری گۆڤاری (دەنگی مامۆستا) بووە، لەکۆنگرەکانی مامۆستایان و ئەدیبان و لاواندا بەشداربووە. 

سێجار بە جێگری نەقیبی رۆژنامەنووسانی کوردستان هەڵبژێراوە، لەچەندین کۆنگرەی نێودەوڵەتی تایبەت بە رۆژنامەنووسان بەشداریکردووە و لەیادی 100 ساڵەی رۆژنامە نووسی کوردیدا یەکێک بووە لەو چوار کەسەی کە نوێنەری کوردستان بوون بۆ میهرەجانی مۆسکۆ ساڵی 1998. 

مامۆستا مستەفا ساڵح كەریم، جگەلەوەی نووسەر ‌و رۆژنامەنووسێكی دێرین ‌و بەتوانای كورد بوو، هاوكات یاریدەدەری لێپرسراوی مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش بوو.

مستەفا ساڵح كەریم، نوسەر‌ و رۆژنامەنووس رۆژی 16/12/2018 بە نەخۆشی لە تەمەنی 85 ساڵیدا لە شاری سلێمانی كۆچی دواییكرد.
رەئوف حەسەن
رەئوف حەسەن، لە ساڵی 1945 لە شاری سلێمانی لەدایكبووە خاوەنی چەندین رۆمان و رەخنەی ئەدەبی و چیرۆكە هەروەها چەند بەرهەمێكی هەیە لە بواری رۆژنامەگەری و وەرگێراندا.

رەئوف حەسەن، یەکێک بوو لە چیرۆکنووسە بەناوبانگەکانى شارى سلێمانى و لە ماوەى تەمەنیدا لە بوارەکانى شانۆ و چیرۆک و گەردونناسى و رۆژنامەنووسى و رەخنەى ئەدەبى نووسین و بڵاوکراوەى هەیە،  

 لە شەستەكانی سەدەی رابردوەوە وێڕای بواری ئەدەب و هونەری كورد بەتایبەت لە چیرۆكدا، لە بوارەكانی دیكەشدا بەرهەمی هەیە، لە ساڵى 1961 و لە تەمەنی 16ساڵیدا دەستیکردوە بە نووسینى کتێبى (گەردون) ، هەروەها راسپۆتین، گەردوون، لە دیارترین بەرهەمەکانی مامۆستا رەئوف حەسەنن.

سه‌رله‌به‌یانی رۆژی 21/12/2018 لە شارى سلێمانى نووسەر و چیرۆكنووس رەئوف حەسەن، لە تەمەنی 73 ساڵیدا لە سلێمانی كۆچی دوایی كرد.

زۆرن ئەو نووسەرو قەڵەم بەدەستە زێڕینانەى کورد کە لەماوەى تەمەنیاندا خزمەتێکى گەورەیان بە بزاڤى رۆشنبیرى و ئەدەبى کورد کردوە، کە رەنگە ئەم ناوانەى سەرەوە بەشێک بن لەو کەسایەتییە مەزنانەو هەمیشە بەرهەمەکانیان بە زیندوویی دەمێننەوە.
 


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP