وته‌بێژى ئه‌نجومه‌نى سه‌ربازى مه‌نبج له‌سه‌ر دۆخى شاره‌كه‌ بۆ خه‌ندان دەدوێت

- 12/30/2018 5:14:00 PM 8179 جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان- ئه‌حمه‌د مسته‌فا

وته‌بێژى ئه‌نجومه‌نى سه‌ربازى مه‌نبج ڕایگه‌یاند، هێزه‌كانى ئه‌مریكا له‌ مه‌نبج به‌ وردى چاودێرى بارودۆخى شاره‌كه‌ ده‌كه‌ن و سوپا و هێزه‌ ناوخۆییه‌كانیش ئاماده‌كارییان كردووه‌ بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ى هێرشى گروپه‌ چه‌كداره‌كان.  

شه‌ڕڤان ده‌روێش وته‌بێژى ئه‌نجومه‌نى سه‌ربازى مه‌نبج لە لێدوانێکى تایبەتدا بۆ خه‌ندان وتی، بارودۆخى مەنبج له‌سه‌ر زه‌وى هیچ گۆڕانكارییه‌كى تێدا ڕووینه‌داوه‌،  سوپاى سوریا له‌ ڕۆژئاوای شاره‌كه‌ و له‌سنوورى مه‌نبج چه‌ند هێڵێكى سه‌ربازى دروستكردووه‌ و گروچه‌ چه‌كداره‌كانی نزیك له‌ توركیا و سوپاى ئازادیش له‌ باكوور و ڕۆژئاواى  شاره‌كه‌ن.
ئه‌مه‌ریكا له‌ ناوچه‌كه‌ن و به‌وردى چاودێرى بارودۆخه‌كه‌ ده‌كه‌ن

وتیشى، هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى و به‌ تایبه‌تیش ئه‌مه‌ریكا له‌ ناوچه‌كه‌ن و به‌وردى چاودێرى بارودۆخه‌كه‌ ده‌كه‌ن، به‌تایبه‌ت ئه‌و جموجوڵه‌ سه‌ربازییانه‌ى له‌ سنووره‌كانى مه‌نبج ده‌كرێت و ڕوڵیشیان له‌ ناوچه‌كه‌دا هه‌یه‌. 

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، گروپه‌ چه‌كدارییه‌كانى نزیك له‌ توركیا و سوپاى ئازاد به‌به‌رده‌وامى هه‌ڕه‌شه‌ن له‌سه‌ر دۆخى سه‌ربازى شاره‌كه‌ و ئه‌نجومه‌نى سه‌ربازى مه‌نبج و هێزه‌كانى ئاسایش له‌ نێو سه‌نته‌رى شاره‌كه‌، ئاماده‌كارییان كردووه‌ بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ى هه‌ر هێرشێك بكرێته‌ سه‌ریان.

وته‌بێژى ئه‌نجومه‌نى سه‌ربازى مه‌نبج ئه‌وه‌شیخسته‌ڕوو، سوپاى سوریا له‌ له‌ نێوان هێزه‌كانى ئه‌نجومه‌نى سه‌ربازى مه‌نبج  و گروپه‌ چه‌كداره‌كانى سوپاى ئازاد، چه‌ند خاڵى سه‌ربازى-یان دروستكردووه‌.

دواى بڕیارى کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا لە سوریا، بەهۆى هەرەشەکانى تورکیا بۆ ئەنجامدانى ئۆپۆراسیۆنى سەربازى لە دژى ئەو ناوچانەى لە ژێر دەستى هێزە کوردییەکانى رۆژئاڤان، هەینى رابردوو، بە هەماهەنگى یەکینەکانى پاراستنى گەل، سوپاى سوریا هێزەکانى لە ناوچە سنوورییەکانى مەنبج نزیک لە سنوورى تورکیا بڵاوەپێکرد.

نیشانەکردن :

#مەنبەج #دۆسیەی گەرم

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP