وەزیری پەروەردە نامەی دەستلەکارکێشانەوە پێشکەشی عادل عەبدولمەهدی کرد

- 12/30/2018 11:49:00 AM 25618 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

شه‌یما حه‌یالی، وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی عێراق نامەی دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەشکردنی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد، ئه‌وه‌ش به‌هۆی ئه‌وه‌ی برا گه‌وره‌كه‌ی "په‌یوه‌ندی به‌ داعشه‌وه‌ كردووه‌، كاتێك له‌ موسڵ بووه‌".

میدیاکانی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە بڵاویانکردەوە، شه‌یما حه‌یالی، وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی عێراق نامەی دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەشی سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە، "بەهۆی ئەوەی براکەی پەیوەندی بە چەکدارانی داعشەوە کردووە ئەوکاتەی لە موسڵ بووە".

شه‌یما حه‌یالی لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاندووە، "چەکدارانی داعش به‌ هه‌ڕه‌شه‌ دانیشتووانی موسڵی ناچاركردووه‌ له‌ فه‌رمانگه‌ مه‌ده‌نییه‌كان كار بكه‌ن، براكه‌شم یه‌كێك بوو له‌وانه‌ كه‌ به‌ر له‌ ئازادكردن و دوای ئازادكردنه‌وه‌ی موسڵیش كاری كردووه‌".

ئاماژەی بەوەشکردووە، "نامه‌ی ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌م پێشكه‌ش به‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق کردووە، له‌به‌رده‌م خوا و گه‌له‌كه‌مدا، خۆم له‌ هه‌موو تیرۆریستێك بێ به‌ری ده‌كه‌م، كه‌ ده‌ستی به‌ خوێنی عێراقییه‌كان سوور بووبێت".

سێشەممەی رابردوو شه‌یما حه‌یالی لە پەرلەمانی عێراق وەک وەزیری پەروەردە دەنگی لەسەردرا، نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەشی تەنها چوار رۆژ دوای دەست بەکاربوونی دێت. 

پێشتر مه‌شعان جبووری، په‌رله‌مانتاری پێشووی عێراق له‌ هەژمار تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك رایگەیاندبوو، شه‌یما حه‌یالی، وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی عێراق، خوشكی له‌یس نه‌جم خه‌لیل عه‌بدوڵڵا حه‌یالییه‌، كه‌ سه‌ركرده‌یه‌كی داعش بووه‌ له‌ موسڵ.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP