خەندان وەڵامی حکومەتی عێراق بۆ ناردنی مووچەی سێ مانگی فەرمانبەران ئاشکرادەکات

- 12/30/2018 10:16:00 AM 203808 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-کۆچەر عەزیز

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، وەڵامی حکومەتی عێراق بۆ ناردنی سێ مووچەی ئەمساڵی فەرمانبەران "ئەرێنی" بووە.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە خەندان-ی راگەیاند، دوای ئەوەی وەک وەزارەتی دارایی داوایان لە حکومەتی عێراق کردووە مووچەی سێ مانگی 2018ی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان پێکەوە بنێرێت، بە زارەکی وەڵامیان داوەتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، وەڵامی بەغدا لەبارەی ناردنی ئەو سێ مووچەیە پێکەوە "ئەرێنی" بووە و بەڵێنیانداوە ساڵی ئایندە رەوانەی بکات.

لە ساڵی 2018 دا فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تەنها مووچەی نۆ مانگیان پێدراوە، وەزارەتی داراییش رایگەیاندووە، مووچەی سێ مانگەکەی دیکە لە ساڵی 2019 دا پێیان دەدرێت، هاوکات داوای لە بەغدا کردووە مووچەی ئەو سێ مانگە پێکەوە بنێرێت.

شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە خەندان-ی راگەیاند، "بەئاسانی عێراق مووچەی ئەو سێ مانگە نانێرێت، چونکە عێراق لە 25ی 12 وە حساباتی داخستووە".

ئاماژەی بەوەشکرد، پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی 2019 دا لە 12.67% یە، کە دەکاتە 9 تریلیۆن و 700 ملیار دینار، بەومەرجەی هەرێمی کوردستان رۆژانە 200 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بکات.

ئەندامەکەی لیژنەی دارایی راشیگەیاند، ئەگەر حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان پابەندبن بەو بڕگەیەی پڕۆژە بودجەی 2019 ەوە ئەوا مانگانە هەرێمی کوردستان 800 ملیار دیناری بەدەستدەگات، کە ئەوەش بەشی تەواوی مووچەی فەرمانبەران دەکات.

وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی مووچە پشتدەبەستێت بە 317 ملیار دینار کە مانگانە لە بەغداوە دەگاتە هەرێم لەگەڵ 378 ملیار دیناری دیکە کە لە داهاتی فرۆشی نەوت دەستی دەکەوێت.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP