هەواڵی ئەمڕۆ

هاوڕێیەکی دێرینی مامجەلال و سەرۆک بەرهەم ساڵح بۆ خەندان دەدوێت

- 12/29/2018 10:01:00 PM 22832 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

چەتۆ حەوێزی، یەکێک لە سەرکردە دێرینەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و هاوڕێی دێرینی مامجەلال و سەرۆک بەرهەم ساڵح، لەبارەی پۆستی سەرۆک کۆمار و یەکگرتنەوەی یەکێتی و ھاوپەیمانی و گۆڕان بۆ خەندان دەدوێت.

چەتۆ حەوێزی، سەرکردەی دێرینی یەکێتی بەهۆی کاریگەریی بنەماڵەکەیان هاتووەتە دنیای سیاسەتەوە و لە قوتابیانی سەر بە باڵی مەکتەبی سیاسیی دەستیپێکردووە، و بێدابڕان لە هەردوو شۆڕشەکەی گەلی کوردستان لە سەدەی رابردوودا بەشداریی کردووە.

حەوێزی لەمیانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ خەندان دەڵێت، "لە دوای ئاڵۆزییەکانی بارودۆخەکە و نێوانی هێزە سیاسییەکانی کوردستان لە ئەنجامی کێشەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانى عێراق لەگەڵ ئەوەدابووم، کە کاک دکتۆر بەرهەم دەرگای دایالۆگی نیشتمانی بکاتەوە، لەو بارەیەوە پێشنیاری خۆم پێشکەشکرد، کاتێک پرسى لێکنزیکبوونەوەی هاوپەیمانی و یەکێتى هاتە ئاراوە، من ڕای خۆم بە ڕوونی بۆنووسی کە لەگەڵ لێکنزیکبوونەوەو هاوکاری و هاوپەیمانی نێوان هەردوو لایەنەکەم تا گەیاندنی بە ئاستی یەکگرتنەوە، دیارە پڕۆسەکە یەکسەر بە یەکگرتنەوە دەستیپێکرد و تا ئەو کاتەی ئێستاش بەردەوامە و کار لەسەر بە ئەنجام گەیاندن و تەواوکردنی دەکرێت".

ئەو هاوڕێ دێریینەی تاڵەبانی و سەرۆک بەرهەم پێیوایە، "تاوەکو کاری یەکگرتنەوەی یەکێتی و هاوپەیمانی خێراتر بکرێن زیاتر بە قازانجی یەکێتی و گەلەکەمان دەبێت، چونکە هاوپەیمانی گەنجینەیەکی لێواو لێوی کەسانی دڵسۆزو ڕۆشنبیرو بەتواناو خاوەن ئەزموون و هەڵگری بیرو هۆشیاری سەردەمیانەى تێدایە، ئەگەر دەرفەتی باشیان پێبدرێت تواناکانیان لە ڕیزەکانی یەکێتی بخەنەگەڕو ئاوێتەی بکەن لەگەڵ هەڤاڵەکانی دیکەیان لەناو یەکێتی لە سەرجەم جومگەکانی حزبی و حکومی، دەبنە مایەی بازدانێکی بەتین و بەگوڕترکردنی یەکێتی و هێنانەدی و چەسپاندنی ئەو پەیامە پیرۆزانە کە چەندین ساڵە خەباتی بۆ دەکرێت".

چەتۆ حەوێزی ئاماژە بەوەدەکات، "یەکێتی بە تواناترین و باشترین سەرکردەی پێشکەش بە خەڵکی کوردستان و عێراق کرد، بۆ ئەوەی ببێتە کاندید بۆ سەرۆک کۆماری عێراق، کاک د.بەرهە م پێش ئەوەی ببێتە سەرۆک کۆماریش وەکو سەرکردەیەکی بەتواناو خاوەن دیدو تێروانینی وردو کاریگەر حسابی بۆ کراوە، لە سەردەمانێک بەبێ ئەوەی پلەو پۆستیشی هەبێت لە دروستکردنی بریاری سیاسی دەربارەی کوردستان و عێراق و ناوچەکە رۆڵى گرنگى هەبووە".

"د. بەرهەم بەشداری دیاری هەبوو لە لایەن وڵاتانی نێودەوڵەتی و ناوچەکە و لە پێش زۆر لە کاربەدەستان پرسی پێدەکرا، ئێستاش پێموایە بە شێوازێکی تازەی کارکردن رێبەرایەتییەکى بەرچاوی پیشانداوە هەر لە سەردان و پێشوازییکردن و بەشدارییکردنی لە بۆنەکانی خەڵکی کوردستان وعێراق تا دەگاتە سەردانەکانی بۆ وڵاتە خاوەن ڕا جیاواز بەیەکترەکانی ناوچەکە و دیداری پاپاو سەرکردەکانی ئیتاڵیاو ئەو جۆرە پێشوازیانەی کە لێیکراوە شایەدتحاڵى ئەوەن، کە چ پێگەیەکی دیارو بەهێزی هەیە"، چەتۆ حەوێزی وایوت. 

ئەو دەڵێت، "دیارە هەنگاوە سەرەتاییەکانی کارکردنی دەستپێکێکی باشی کارە دیبلۆماسییەکانی دەستبەکاربوونیەتی، بەڵام لە تەک ئەوەدا ئەرکی گران و بایەخداری تریشی لە ئەستۆیە، یەکەمیان ئەرکی نیشتمانیەتی ئەویش دۆزینەوەی ڕێگە چارەسەرییە بۆ کێشمەکێش و ململانێیەکانی نێوان پێکهاتەکانی عێراق بە تایبەتی کێشەی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی کە زیاتر لە هەموو خەمەکانی تر خەمی خەڵکی کوردستانە، ئەویش جگە لە خەمی جێگە ناکۆکی لەسەرەکان خەمی ئەو کێشانەیە کە پەیوەندی بە ژیان و گوزەرانی ئاسایشی خەڵکەکەوە هەیە لە هەرێمەکە و کوردستانیش ژینگەی سیاسی سەرۆک کۆمارە، و کوردستانیان ئومێدی زۆریان لەسەر کاروبیرکردنەوەکانی هەڵچنیوەو چاوەڕێی دەستەواژە نایابەکەی دەکەن (کردارشەرتە)".

"دوومیان ئەرکی نەتەوایەتی کە وەکو سەرکردەیەکی کورد هەموو تاکێکی نەتەوەکەمان چاوەڕێی ئەوەی لێدەکەن هەوڵ و جێ دەستی دیاربێت لە ڕێگەچارەی کێشەی پارچەکانی تری کوردستان بە پێی هەل و مەرجی هەریەک لە بەشەکان".

حەوێزی کە لە ساڵی 1964 ەوە لەگە باڵی مەکتەبی سیاسی ئەوکات کاریکردووە و بە زۆر هەوراز و نشێودا تێپەڕیووە دەڵێت، "هەموو لێکنزیکبوونەوە و یەکگرتنەوەی هیزە کوردستانیەکانم پێباشە بۆ بەهێزکردنی باسکی سیاسی هێزوتوانای لایەنەکان بەرامبەر بە ناحەز و نەیارانی خەلکی کوردستان، نەک بۆ ململانی حزبایەتی بەرتەسک جا چ جای یەکگرتنەوەی یەکێتی و گۆڕان، کە یەک ڕەگن و زۆر ڕایەڵەی هاوبەشیان لە نێواندایە، لە زۆر لاشەوە چارەنوسی هاوبەشیان هەیە تەبایی و هاوئاهەنگی و یەکگرتنی ئەو دوو هێزە دەبێتە مایەی سەقامگیری و ئارامی و هێنانەکایەی کەشێکی دەرفەت رەخسێن، بۆئەوەی بە هەموو لایەکیان بپڕژێنە سەر دانانی نەخشەڕێگەی گەشەپێدان و پێشخستنی ناوچەکە و دابینکردنی زیاتری ئاسایش بۆ هاووڵاتیان".

سەرکردە دێرینەکەی یەکێتی زیاتر دەڵێت، "مەرج نیە یەکگرتنەوەی دوو لایەن یان چەند لایەنێکی سیاسی لەسەرەتاوە یەکسەر بە تێکەڵاوبوونەوە دەستپێبکات، بەڵکو دەکرێت بە شێوەیەکی دروست زەمینەی هاوئاهەنگی سیاسی و شێوازی کارکردن سازبکرێت بەتەواوی جا پرۆسەکە بە تێکەڵاوکردنەوەی ئۆڕگانەکان کۆتایی پێبهێنرێت تا دەرئەنجامیکی ئاسایی و بێگێرەوکێشە بە دەستبێت".

پێشی وایە ئێستا کاتی ئەوە هاتووە قۆناغی پەرتەوازەیی و لێکترازان کۆتایی پێبهێنرێت، و قوناغی هەوڵدان بۆ کۆکردنەوەی هیزو تواناکان دەستپێبکات، بە هەر شێوەیەکی گونجاوبێت، ئەو هێزانەی لە یەکەوە نزیکن لە بەرە و چوارچێوەی بە یەکەوە کارکردن خۆیان ڕێکبخەن.

لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم حەوێزی وتی، پێکهێنانی کابینەی تازەی حکومەتی هەرێم کارێکی گران نییە، ئەگەر ئیرادەیەکی نیشتمانی وا هەبێت کە زاڵبێت بەسەر بەرژەوەندییە حزبی و شەخسییەکان و لایەنە ئەساسییەکان لەسەر بەرنامەیەکی دروستی حوکمداری ڕێکبکەون، بە جۆرێک کە لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان بێت و نان و ئازادی و ئاسایش و یەکسانی و سەروەری یاسا بۆ خەڵک دابین بکات.

حەوێزی دەشڵێت، تاکو ئێستا ململانێی نێوان حزبەکان زیاتر لە سەرئەو پشک و پۆست بووە و خەڵکیش باجەکەی داوە و تاڵی و نە هامەتییەکانی چێشتووە، بەڵام خەڵکەکە لە پێناوی پاراستنی پڕۆسە سیاسیەکە دەستی بۆ کاری توندوتیژی و هەڵگەڕانەوە نەبردووە، چاوەڕێی ئەوە بوو لایەنە کاریگەرەکان بە خۆیاندا بچنەوە و ڕێگای حوکمڕانیەکی تەندروست بگرنە بەر لەڕێی دامەزراوە فەرمییەکان بە پێی یاسا و ڕێسایەکی دادپەروەرانە ئیدارەی خەڵکی کوردستان بدەن.

لەبارەی دۆخی کەرکوکەوە سەرکردە دێرینەکەی یەکێتی رایگەیاند، کەرکوک شارێکی گرنگی کوردستانە، چەقی بە ستنەوەی باشوری کوردستانە بە ناوەند و باشوری عێراق و لە رووی ئابوریشەوە ئەهمیەتێکی گرنگی ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتی هەیە بەو هۆیەوە لە دێرزەمانیشە وە جێگەی تەماحی وڵاتانی دەوروبەربوە، و هەریەکەشیان هەوڵی بەردەوامیان داوە کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ جێگەوپێگەی خۆیان لەو شارەدا بەهێزترو بەرفراوانتر بکەن.


حەوێزی هەروەها دەڵێت، "بە پشتیوانی خەڵکی ناوچەکە هێزە کوردی و کوردستانیەکان داکۆکیان لە کەرکوک کردووە، هەر بۆیەش کارکردن بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری کەرکوک لە لایەن کوردەوە کارێکی زەرورییە، بۆ ئەوەی مۆرکی کوردستانی بوون بەسەر کەرکوکەوە هەر بمێنێتەوە و دیاربێت خۆزگە هەموو لایەنە سیاسییەکانی کورد لە سەر یەک کاندیدی بەتوانا و دڵسۆز بەخاک و نیشتمان ڕێکدەکەوتن بە هەموو لایەکیش پشتیوانیشان دەکرد".

ئەوەشی وت، "یەکێتی بە مافی خۆی دەزانێت پارێزگار  لە دەستی ئەو دابێت، چونکە یەکێتی خاوەنی زۆرینەی دەنگی کەرکوکییەکانە لە هەمووشیان باڵا دەستترە، وە لە هەموو پارێزگاکانی کوردستانیش ئەو دابە ڕەچاوکراوە و کاریپێکراوە کە چ لایەک زۆرینە بوو، ئەوە پارێزگار کاندیدکراوی ئە و لایەنە دەبێت جا ئەگەر ئەو دابە بۆ ئەوانی تر ڕەوابێ بۆ بۆ کەرکویش ڕەوانیە". 


لەبارەی بەشداریکردنی یەکێتی لە کابینەی نوێی حکومەتی عێراق حەوێزی وتی، ئەگەر یەکێتی هیچ پۆستێکی وەزارەتی پێنەدرێت مانای بەشداریکردنی لە حکومەتی ناوەند و پڕۆسە سیاسیەکە چیە؟، ڕاسته وەرگرتنی وەزارەتێک لە حکومەتی ناوەندی هیچ کاریگەری نیە لەسەر باڵانسی گۆڕینی بڕیار، بەڵام لەڕوی مەعنەویەوە دەلالەتی خۆی هەیە و بە بەشدار حساب دەبێت لە وەرگرتنی بڕیارە وزارییەکان.

چەتۆ حەوێزی دەڵێت، "ڕەوا نیە کەسانی بێلایەن بە باشتر دابنرێت لە چاو کاندیدەکانی لایەنێکی دیکە باشە بۆ لە کوردستان خەڵکی پسپۆرو شارەزا ناهێندرێتە پێشەوە، لە جێی کەسە حزبیەکان و پۆستی وەزاریان پێبدرێت خۆ لێرە پێویستیمان بە کەسانی پسپۆڕو شارەزا زیاتر هەیە".

حەوێزی هۆشداری دەدات بە هێزە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان و دەڵێت، "هەست بە مەترسی دووبارەبوونەوەی کارەساتی وێرانکاری و ئاوارەبوونیش بەدوور ناگرم، جا لەهەر بەشێکی کوردستان بێت، بۆیە وەکو هەموو تاکێکی ئەو کوردستانە داواکارم لە هێزە کوردستانییەکان درک بەوە بکەن کە تاکو ئێستا لە قۆناغی ڕزگاری نیشتیمانیی تێپەڕیان نەکردووە، پێویست دەکات خۆیان لە ئاستی ڕوداوەکان ببیننەوە بەیەکەوە داهێنانی تازە بێننە کایەوە لە جۆری حوکمڕانی و پەیوەندییە ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتیەکان".

رونیشیکردەوە، هەموو لایەنەکان باش دەزانن کە هەموو جۆرە ڕێگایەک گیرایەبەر بۆ یەکتر سڕینەوەو پاوانکردنی دەسەڵات و بە پاشکۆکردنی بەرانبەر کە جگە لە بەفیڕۆچونی گیانی خەڵک و بە تاڵانبردنی سەروەت و سامانی وڵات و لێکترازاندن و هێنانەکایەی فەرهەنگێکی زبری ئاخاوتنی سیاسی و کەمکردنەوە و کزکردنی متمانە و سۆزی گەلان و وڵاتانی دونیا لە ئەنجامیشدا زیانگەیاندن بە پڕۆسە گشتییەکە هیچ ئەنجامێک و شتێکی دیکەی لێوەدەستنەهات.


پڕۆفایل

چەتۆ حەوێزی خەڵكی شاری كۆیەیە، ساڵی 1951 لە دایكبووە، سەرەتای كاركردنی سیاسی لەساڵی 1964 دەستپێکردووە.
بە بەردەوامی لەگەڵ باڵی مەكتەبی سیاسی ئەو سەردەمە بووە.
لەسەرەتای دروستبوونی یەكێتییەوە ئاگاداری كار و جموجوڵەكانی ئەو حزبە بووە، لەناو ریزی شۆڕشیش پلەی زۆر بڕیوە، تا ئەندامی سەركردایەتی.
چەندین بەرپرسیارێتى حزبى و حکومی پێسپێردراوە.

 



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP