سەرۆککۆماری عێراق پێشوازییکرد لە سەرۆکوەزیرانی ئوردن

- 12/29/2018 6:45:00 PM 2604 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

‏‎ئەمڕۆ شەممە، ٢٠١٨/١٢/٢٩ سەرۆککۆماری عێراق دکتۆر بەرھەم ساڵح، لە کۆشکی سەلام لە بەغداد پێشوازییکرد لە دکتۆر عومەر رەزاز سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی ئوردون وشاندی یاوەری.
 
‏‎لە دیدارەکەدا سەرۆککۆمار ئاماژەیکرد، بۆ بایەخی پتەوکردنی پەیوەندیی برایانە و گەشەپێدانی رێوشوێنەکانی ھاریکاری بونیادنەرانەی نێوان عێراق و ئوردون، ئەو پەیوەندییە مێژوییەی نێوان ھەردوو وڵاتی بە بیرھێنایەوە کە ھەردوو وڵات پێکەوە دەبەستێتەوە. 

سەرۆککۆماری عێراق راشیگەیاند، عێراق مەبەستێتی پەیوەندییە دوقۆڵییەکانی پتەوبکرێن و گەشەیان پێبدرێت و خواست و ویستەکانی ھەردو گەلی برا بەدی بھێنێت، هەروەها گرنگی چەسپاندنی پایەکانی ئاشتی و سەقامگیری لەناوچەکەدا دووپاتکردەوە، ھاوکات خۆبەدوورگرتن لە جەنگ و ناکۆکییەکانی بە پێویست زانی کە تەنیا بەھەدەردانی توانا مرۆیی و مادییەکانیان لێدەکەوێتەوە.

‏‎لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا، وتیشی: دەبێت زمانی دیالۆگی جددی و راشکاوانە بگیرێتەبەر بۆ چارەسەرکردنی تەواوی کێشە و قەیرانەکان، تاووتوێى فراوانکردنی ھاریکاریی دووقۆڵی لە بوارەکانی پیشەسازیی و وزە و بازرگانی و پرۆژە ستراتیژییەکانی نێوانیان بەمەبەستی پەرەپێدان و بوژاندنەوەی ئابوریی کرا. 

‏‎لە کۆتایی دیدارەکەدا سەرۆککۆماری عێراق، رێزی خۆی نارد بۆ شا عەبدوڵای دووەم و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست، ھەروەھا پێشکەوتن و ژیانێکی خۆشگوزەرانی بۆ گەلی ئوردونی برا خواست.

‏‎لای خۆیەوە سەرۆک وەزیری ئوردون، خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بۆدیدار و چاوپێکەوتنی سەرۆککۆمار و ھەڵوێست و پشتگیریکردنی بەردەوامی شانشینی ئوردونی بۆ عێراق دووپاتکردەوە، لە ھەموو بوارەکاندا و ئامادەیی وڵاتەکەیشی نیشاندا بۆ بەشداریکردن لە ئاوەدانکردنەوەی شارە تازە رزگارکراوەکاندا.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP