وته‌بێژى یه‌په‌گه‌ بۆ خه‌ندان: سوپای سووریا له‌ سنووری مەنبج جێگیربوون

- 12/29/2018 1:14:00 PM 4396 جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان - ئه‌حمه‌د مسته‌فا

وته‌بێژى یه‌كینه‌كانى پاراستنى گه‌ل (یه‌په‌گه‌) رایگەیاند، سووپای حكومه‌تى سوریا  نه‌چوونه‌ته‌ سه‌نته‌رى شارى مه‌نبه‌ج، بەڵام لە ئێستادا لە ناوچه‌ى فاسڵ له‌ نزیک مەنبج جێگیربوون.

نورى مه‌حمود، وته‌بێژى یەپەگە به‌ خه‌ندان-ى وت، له‌گه‌ڵ حكومه‌تى سوریا هه‌ماهه‌نگیان هه‌یه‌ تاوەکو خاكى سووریا له‌ داگیركارى بپارێزن، بەهۆی ئەوەی مەنبەج له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ و داگیركارى گروچه‌ چه‌كداره‌كانى نزیك له‌ توركیادایه‌.

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێستا له‌ ناوه‌ندى شاره‌كه‌ ئه‌نجومه‌نى سه‌ربازى مه‌نبه‌ج و ئاسایش دۆسیه‌ى ئه‌منیان به‌ده‌سته‌ و سه‌ربازانى حكومه‌تی سووریاش هاتوونه‌ته‌ ناوچه‌ى فاسڵ  و له‌سه‌ر سنووره‌كان جێگیر بوون، ڕێگه‌ى گه‌شتنى گروپه‌ چه‌كداره‌كانیان بۆ مه‌نبه‌ج بڕیووه‌".

وته‌بێژى یەپەگە راشیگەیاند، "هێزه‌كانى هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى هیچ داواكارییه‌كیان نه‌كردووه‌ تا یه‌په‌گه‌ له‌ مه‌نبه‌ج بكشێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ى پێویسته‌ هێزه‌كانمان كردوویانه‌ تا سووریا بپارێزرێت له‌ داگیركاری و پلانى سه‌ربازى خۆمان جێبه‌جێده‌كه‌ین". 

وته‌بێژه‌كه‌ى یه‌په‌گه‌ ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، سه‌ربازانى حكومه‌تى سووریا به‌ هێزێكى زۆر و چه‌كى زۆره‌وه‌ له‌ نێوان مه‌نبهج و گروپه‌ چه‌كدارییه‌كانى توركیا جێگیربوون، وه‌  هه‌ڕه‌شه‌یه‌كى زۆر هه‌یه‌ له‌سه‌ر داگیركارى مه‌نبج و توركیا و گروپه‌ چه‌كداره‌كانى ده‌یانه‌وێت عه‌فرین-ێكى دیكه‌ دووباره‌ بكه‌نه‌وه‌.

لەباره‌ى كشانه‌وه‌ى هێزەکانی ئه‌مەریكا و ڕاده‌ستكردنه‌وى چه‌كه‌كانیان بە یەپەگە، وته‌بێژى یه‌په‌گه‌ وتی، "تا ئێستا شه‌ڕ له‌ دژى داعش به‌رده‌وامه‌، ڕاسته‌ ئه‌مەركیا بڕیارى كشانه‌وه‌ى داوه‌، به‌ڵام هێزه‌كانی ئەمەریکا و هاوپەیمانانان هێشتا لێره‌ن، تا ئێستاش داواى ڕاده‌ستكردنه‌وه‌ى چه‌كه‌ ئه‌مەركییه‌كان له‌ یه‌په‌گه‌ نه‌كراوه‌".

جەختیشیکردەوە، هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی دژی داعش بە تایبەت فەڕەنسا بەردەوامن لە ناردنی چەک و پێداویستی سەربازی بۆ هێزەکانیان.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP