بەپەلە

میلانیا ترەمپ لەبارەی سەردانە نهێنییەکەیانەوە دەدوێت
پشتڕاستی ئەو زانیارییانە دەکاتەوە کە بەر لە عێراق چوونەتە ئەڵمانیا

- 12/29/2018 11:13:00 AM 27287 جار خوێندراوەتەوە
ترەمپ و میلانیا لەگەڵ سەربازانی ئەمەریکا لە بنکەی فڕۆکەوانی رامستن لە ئەڵمانیا

خەندان-

خانمی یەکەمی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لەبارەی سەردانە نهێنییەکەیانەوە بۆ عێراق دەدوێت و رایگەیاند، بەرلەوەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ-ی هاوسەری سەردانی عێراق بکەن، سەردانی سەربازانی ئەمەریکایان کردووە لە بنکەی فڕۆکەوانی رامستن لە ئەڵمانیا.

میلانیا ترەمپ لە تویتێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نوسیوویەتی، "خۆشحاڵ بووم کە لەگەڵ سەربازانی ئەمەریکا لە ئەڵمانیا کۆبوومەوە لە بنەی فڕۆکەوانی رامستن، بەردەوامن لەوکارە مەزنەی کە ئەنجامیدەدەن، وڵاتەکەتان سەربەزە".

میلانیا هاوکات چەند وێنەیەکی بڵاوکردووەتەوە کە لە بنکەی فڕۆکەوانی رامستن لە ئەڵمانیا گیراوە و ئاماژەی بەوەکردووە، "سووپاس بۆ ئەو کارە مەزنەی کە بۆ ئێمەی دەکەن، شانازیتان پێوەدەکەین".

هەروەها لە پۆستێکی دیکەدا میلانیا لەبارەی سەردانەکەیان بۆ عێراق دەدوێت و دەڵێت، "لەگەڵ ترەمپ سەردانێکی لەناکاومان بۆ عێراق ئەنجامداوە".

پێشتر خەندان لەزاری بەرپرسێکی باڵای حکومەتی عێراقەوە بڵاویکردبووەوە، شەوی 25ی ئەم مانگە، بەبۆنەی کریسمسەوە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و میلانیای هاوسەری بەر لەوەی سەردانی عێراق بکەن سەردانی ئەڵمانیا و ئوردن-یان کردووە، بەڵام چاویان بە بەرپرسانی هیچ کام لەو وڵاتانە نەکەوتووە.

دۆناڵد ترەمپ و میلانیای هاوسەری لە ئەڵمانیاوە به‌ فڕۆکه‌یه‌کی تایبەتی سەربازی بەرەو ئوردن بەڕێکەوتوون و دواتر بەرەو عێراق، بەبێ ئەوە له هیچ کام له‌و وڵاتانه‌ چاوی به بەرپرسە باڵادەستەکانی ئه‌و دوو ولاته بکەوێت.

سەرچاوە باڵاکەی حکومەتی عێراق کە بەمەرجی ناونەهێنان بۆ خەندان دوا وتیشی، "ئه‌گه‌ر ترەمپ به‌م سه‌ردانه‌ی لە عێراق رەچاوی سەروەریی و ڕێوڕەسمە پەیڕەوکراوەکانی دیپلۆماسییەتی نەکردبێت، ئه‌وا پێش عێراق ئەم سنوور شکاندن و دژوارییە دییلۆماسییە ڕووبەڕووی ئه‌ڵمانیا و ئۆردن بووەتەوە، چونکه له‌وێش چاوی به ئەنگێلا مێرکڵ، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا  و شا عەبدوڵا، پاشای ئوردن نه‌که‌وتووە".

دۆناڵد ترەمپ دوای سەردانە نهێنییەکەی باس لە هۆکاری بەنهێنی هاتنی بۆ عێراق کردو رایگەیاند، بەهۆی دامەزراوەی سەرۆکایەتییەوە زۆر دوو دڵ بووە له‌و گه‌شته‌، به‌تایبه‌تی پاش ئه‌وه‌ی بیستوویەتی له‌سه‌ر ئه‌و دۆخه‌ی ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ پێیدا تێپه‌ڕێت.

هەروەها وتی، "ترسه‌كه‌ی من بۆ دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی ئەمەریکا بوو نه‌ك ته‌نها خۆم، ترسه‌كه‌م بۆ خانمی یه‌كه‌م میلانیاش بوو".

تره‌مپ دەشڵێت، "بەداخەوە حەوت ترلیۆن دۆلارمان لە رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست خه‌رجكردووە، به‌ڵام ده‌بێت به‌و شێوه‌ نهێنییه‌ بێینە ئه‌وێ و چه‌ندین فڕۆكه‌ چوارده‌ورت بگرن تا ده‌چیت و دێیته‌وه‌".

سەرۆکی ئەمەریکا راشیگەیاندووە، "لە گەشتگردن بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ده‌بێت گه‌وره‌ترین كه‌ره‌سته‌ی خۆپاراستن ببه‌یت بۆ ئه‌وه‌ی به‌ سه‌لامه‌تی بچیت و بگه‌ڕێیته‌وه‌".

ئەوەی یەکەمین سەردانی دۆناڵد ترەمپ بوو بۆ عێراق، پێشتریش دوو سەردانی بۆ عێراق هەڵوەشاندبووەوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی زانیاری له‌باره‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی دزه‌ی كردبووه‌ ناو میدیاكانه‌وه‌.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP